ئایا گۆڕان پێویستی بە هێزی چەكدار هەیە؟!

عومەر عینایەت

لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی و لە چەند سایتێكەوە گوێبیستی بۆچونی ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان بوین، داوای پێكهێنانی هێزی چەكداریان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەكرد، بە بیانوی ئەوەی كە ئەگەر گۆڕان خاوەنی هێزێكی چەكدار بوایە بەم شێوەیە ستەمی لێنەدەكرا، لە بابەتێكدا بەناوی (بۆچی پارتی گۆڕانی كردە ئامانج؟!) باسم لەوە كردوە كە یەكێك لەو هۆیانەی كە پارتی بزوتنەوەی گۆڕانی كردە ئامانج ئەوەبوو كە بزوتنەوەكە هێزێكی جەماوەری بێچەكە، بەهەمان شێوە كاتێك لە هەڵبژاردنەكاندا لە پارێزگای سلێمانی گۆڕان براوەی یەكەم بوو، شایستەی پۆستی پارێزگا بوو بەڵام یەكیەتی ئەم پۆستەی پێنەدا و یەكگرتوش كە رۆڵی یەكلاكەرەوی ئەبینی لە پێدانی ئەم پۆستە لایەنگری براوەی یەكەمی نەكرد و چاوەڕێی كرد تا بەسازان پۆستەكە بۆ یەكیەتی بوو، ئەمەش هەر بەهۆی ئەوەوە بوو كە گۆڕان هێزی چەكداری نەبوو، راستە بۆچوونی ئەم بەڕێزانە لە پەرۆشیانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام نابێت ئەو راستیەش لە یاد بكەین كە جوانی ئەم بزوتنەوەیە بە مەدەنی بوون و بێچەكیەوەیەتی، هەر لە سەرەتاوە ئەم بزوتنەوەیە خۆی بە هێزێكی سیڤیل و بزوتنەوەیەكی چاكسازی ناساندوە و پشتی بە دەنگدەرەكانی دەبەستێ بۆ یەكلاكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ناكرێت بەهۆی ستەمێكی كاتی لێرەو لەوێ ئەم ئامانجە سەرەكیەی لە یاد بكات و پەنا بۆ هێزی چەكدار بەرێت. هیچ گەلێك هێندەی گەلی كورد دوژمنی نیە لە عەرەب و فارس و تورك و لەسەرو هەمویانەوە ئیسلامیە توندڕەوەكان بە داعش و ئەو ئیسلامیانەشەوە كە ئێستا لە كوردستان دەژین، بە دیكتاتۆرەكانی  ناوخۆشەوە لەناو حیزبە باڵا دەستەكانی كوردستاندا، هەر گەلێكیش دوژمنی زۆربوو هێزی چەكداریشی گەرەكە، بەڵام نەك هێزی چەكداری حیزبی وەك ئەوەی پارتی و یەكیەتی هەیانە، ئێمە پێویستمان بە هێزێكی چەكداری دامەزراوەیی نیشتمانی كوردستانی هەیە و گۆڕانخوازەكانیش پێویستە هەوڵ بۆ ئەم جۆرە هێزە بدەن و ئەندامەكانی خۆیان هانبدەن لەسوپایەكی نیشتمانی دامەزراوەییدا چەكداربن نەك لە هێزێكی حیزبیدا.

ئەو بەڕێزانەش كە بیر لە دروستكردنی هێزی چەكدار و هێزەكانی 90 و چی و چی ئەكەنەوە ئەوە گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و بەدرۆخستنەوەی ئەو هەموو ئیدعایانەیە كە بزوتنەوەی گۆڕان لەم 6 ساڵەدا كردویەتی وەك جوڵانەوەیەكی جەماوەری بێچەك خۆی ناساندوە و لەبری چەك دەیەوێ بە هێزی بیر و قەڵەم گۆڕانكاری بكات و نابێت كەسی گۆڕنخواز ئەوەندە نەفەسی كورتبێت، ئەو راستیەش لە یاد نەكات كە پڕۆسەی گۆڕانی كۆمەڵگا بە ئاڕاستەی مەدەنیەت و چاكسازی و دادی كۆمەڵایەتی هێندە ئاسان نیە و زوو نایە بەدەستەوە، پێویستە ئەوانەی هەڵگری ئەم بیروباوەڕەن چمكێك لە كراسەكەی غاندی دادڕن و لە مەچەكیانی بپێچن، ئەوەش لە یاد نەكەن كە مەیدانی چالاكی سیاسیی سەرەكی گۆڕان لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجەیە و بە زەحمەت چەكداری ناوچەكانی هەولێر و بادینانی پێوە دەلكێ(خۆپیشاندانەكانی 17 ی شوبات ئەم بۆچونە پشتڕاستئەكەنەوە)، تەنها كێبڕكێكە لەو زۆنە دەبێ كە پێی دەوترا زۆنی سەوز، كێشەكە دەكەوێتەوە نێوان یەكیەتی و گۆڕان و زەحمەتە یەكیەتی ئەمەی پێ هەرس بكرێت و ئەم هەنگاوەش هانی ئیسلامیەكانیش دەدات بۆ ئەوەی بیر لە پێكهێنانی هێزی چەكدار بكەنەوە، كەواتە ئەوانەی ئیدیعای پێكهێنانی سوپای یەكگرتوی نیشتمانی و یەكگرتنەوەی دوو هێزی حەفتا و هەشتایان دەكرد، ئەبێت لەمەو دوا بیر لە چەكداركردنی حیزبەكان و دابەشكردنی هەرێم بكەنەوە و قوڕەكە ئەوەندەی تر بۆ گەلی كورد خەستبكەنەوە و دوری بخەنەوە لە ئامانجە ستراتیجیەكانی بە بیانوی ئەوەی كە لایەنێكی سیاسیی هەڵە دەكات ئەویش دەبێ بیكات.

لە حاڵەتی بڕیاردان لەسەر چەكدار بونی گۆڕان، پێویستە ئەو بەڕێزانەش لە بزوتنەوەی گۆڕان یان لە دەرەوەی بزوتنەوەكەن یان ئەوانەی لە هەرێمی كوردستانن و ئەوانەش  لە هەندەرانن بە نوسین بە ئاخاوتن هانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەدەن بۆ پێكهێنانی هێزی چەكدار خۆیان یەكەم كەسبن بچنە ناو ئەو هێزە چەكدارەوە پێشەنگبن لە چەك هەڵگرتندا نەك خەڵك هانبدەن و كوڕی كورد بە كوشتن بدەن و خۆیان تەماشاچیبن و لە چلەی شەهیدبونیاندا لە ریزی پێشەوە بن و پێش دایك و باوكی شەهیدەكە مۆمەكە داگرسێنن.

ئەم ئەزمونە واتە حیزبی چەكدار لە كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكاندا لە لوبنان بینیمان دوانزە جۆر هێزی چەكدار لە لوبناندا جەنگی ئەهلیان كرد و دابەش بوو بوون بەسەر پێكهاتەكانی لوبنان لە مەسیحی و شیعە و سونە دروز كە گرنگترینیان رێكخراوی ئەمەل و حیزبیی كتائب و سوپای لوبنان و بزوتنەوەی نیشتمانی دروزەكان بوو، شەڕو پێكدادانەكانی لوبنان سەرخان و ژێرخانی لوبنانی هەڵتكاند و لوبنانی لە جوانترین ووڵاتی ناوچەكەوە كرد بە وێرانترین شار و تا ئێستاش كاریگەریەكانی ئەم جەنگە بەردەوامە و دەیان ساڵ لوبنانی بردە دواوە. ئەوەش لە یاد نەكەین كوردستان هەرێمێكە و سیادەی نێودەوڵەتی نیە و بەرگەی دوبارە بونەوەی ئەزمونی شەڕی براكوژی ساڵانی نەوەدەكان ناگرێت و بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەگەر ستەمێكی لێئەكرێ یان لێیكراوە، بیكاتە قوربانی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلەكەی و دروشمە مەدەنیەكانی خۆی و درێژە بە خەباتی شارستانی خۆی بدات و ئەو راستیەش لە یاد نەكەین كە هیچ جوڵەیەك بێ ئەنجام نابێت هەرچەندە درەنگیش بێت ئەنجامی جوڵەكە دەبینین.

نابێت و ناكرێت ئەو راستیەش لەیاد بكەین كە بەشداری گۆڕان لە حكومەتێكی دوو لەتدا بەسەر دوو حیزب و لە دوو ناوچەدا بەشداریەكی لاوازبوو، وەك پێویست دیڕاسە نەكرابوو، بۆیە چەندە ئۆباڵی ئەم ستەمەی لە گۆڕانكراوە دەكەوێتە سەر پارتی ئەوەندەش بەر گۆڕان خۆی دەكەوێت كە بە لاوازی بەشداری لە حكومەتێكی تا سەر ئێسقان شكستخواردودا كرد. ئەولایەنانەش كە لە نیوەی رێدا گۆڕانیان بەجێهێشت بە ئیسلامی و نا ئیسلامیەوە بێبەشنابن لەو ستەمەی كە لە گۆڕانكرا، بۆیە پێویستە گۆڕان بەجدی بارودۆخی خۆی هەڵبسەنگێنێ و بە پەلە حەوت بەرد فرێبدات بە شوێن ئەو حكومەتەدا كە بە لاوازی بەشداری تێدا كرد و تەڵاقی بدات و درێژە بە خەباتی ئۆپۆزسیۆن بوونی وەك هێزێكی جەماوەری بێچەك بدات و لەبری خەباتی چەكداری خەباتی ناو پارلەمان و خۆپیشاندانەكانی سەرشەقام بە شێوەیەكی ئاشتیانە پەرەپێبدات.



ئەندامی پارلەمانی كوردستان-گۆڕان
11-12-2015


12/12/2015




وتارەکانی تری نوسەر