بریارم دابوو كە لەسەر هەموو بابەتێك قسە نەكەم و زۆر شت جێ بهێڵم بۆ كەسانیتر بەڵام بە خوا هەر چەندم كرد خۆم پێ نەگیرا كە رای خۆم سەبارەت بە چاكسازییەكەی حكومەتەكەمان دەرنەبڕم.
بەرێزان منیش وەك هەمووان موشتاقی گوێبیستی ئەو چاكسازییە بووم كە حكومەت بەتەما بوو بیكات.. و بە پەرۆشەوە وویستم پرۆژەكە بخوێنمەوە و منیش وەك ئێوە تا سەر ئیسقان لەگەڵ چاكسازیدام بەڵام لێتان ناشارمەوە پاش خوێندنەوەی خاڵی یەكەم ئیتر باقیەكەیم نە خوێندەوە.. بڵێن بۆ؟
جارێ پێش هەموو شتێك نەدەبووایی كە بە بێ ئامادە بوونی ئەو وەزیرانەی كە بە فەرمانی قەرەقۆش لادرابوون ئەنجومەنی وەزیران كۆبونەوەی ئەنجام بدایێ چونكە ئەوە بە واتای چەسپاندنی حوكمی دیكتاتۆری و پەسەند كردنی بریاری تاكرەوانە دێت.. سەبارەت بە پرۆژەكەش پاش ئەوەی كە یەكەمین خاڵم خوێندەوە كە نوسرابوو لە سەدا پەنجای دەرماڵەی سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی كەم دەكرێتەوە.. ئیتر خۆم ماندوو نەكرد بە خوێندنەوەی خاڵەكانی دووایی.. پێم سەیر بوو كە حكومەتی هەرێم تا وەكو ئێستا دركی بەوە نەكردوە كە هەرێمەكەی بێ سەرۆك و بێ جێگرە.. و لە باتی ئەوەی بڵێت كە تەواوی مووچە و دەرماڵەی ئەو دوو پۆستەمان بڕی و تەنیا خانەنشێنیەكەیان بۆ سەرف دەكرێت كەچی هاتوون و وەك ئەوەی كە نە بایان دیبێت و نەباران و نە كێشەی كورسیەكەیان بە كێشەی سەرەكی هەرێمەكەیان دانابێت و نە زۆربەی قەیرانەكان و نە شكستی حەیران و سازانەكانیان گەراندبێتەوە بۆ بە زۆر هێشتنەوەی ئەو پۆستە هاتوون و دەڵێن وەڵا لە ١-١-٢٠١٦ وە نیوەی دەرماڵەكانیان دەبڕین! خۆ لەوانەیە كە من هەڵە بم و مەبەستیان لە سەرۆك و جێگری داهاتووی هەرێم بێت و رەنگیشە پێدانی دەرماڵە مافێكی رەوای خانەنشینان بێت بەڵام ئەوەی كە دڵنیام لێێ ئەوەیە كە هەرێم نە سەرۆك و نە جێگری سەرۆكی نیە لەم كاتەدا. گەر چی دڵنیام لە نیەت پاكی و هەوڵی بێ ووچانی جێگری سەروكی حكومەت بۆ دەرباز بوون لە قەیرانە ئابورییەكان بەڵام دڵگرانم كە هەوڵەكان بە شێوازێكیتر دەقوزرێنەوە و بە ئاقارێكی تردا دەبرێن!! ئەمە جگە لەوەی كە ئەم لەملاوە یەك لایەنە باس لە دروست كردنی دەوڵەت دەكات و ئەویتر پاش ئەو هەموو قوربانیدانەی حزبەكەی لە باتی ئەوەی كە وەك هەمیشە دەستپێشخەری حزبەكەی دەرخات كەچی قەرزارباریشمان دەكات و دەڵێت كە گەر دژی راگەیاندنی ئیمارەتە مەزهەبیكەی هەرێم بین ئەوا خائینین و ئەوەكەی تر كۆبونەوە بە كابینەیكی خاوەن چەندین پۆستی كاتی دەكات ئەوەكەیتریش لەولاوە داوای ریفراندۆم دەكات لە كاتێكدا كە هەرێم بێ پەرلەمانە و لە مەملەكەتەكەماندا پرۆسەی قڕوقپ پەیرەو دەكرێت.