د. محه‌مه‌د حاجی، رێکخه‌ری ژوری پێوه‌ندی‌یه سیاسییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له هه‌فته‌ی دوه‌می ساڵی 2016 دا، له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌نوسی دا رای گه‌یاند که، واز له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه هێنێ.
شه‌وی 16/1/2016 له به‌رنامه‌ی روداوی ئه‌مڕۆی، ته‌له‌فزیۆنی روداو دا هۆی ده‌س له کار کێشانه‌وه و واز هێنان له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی، رون کرده‌وه.
له‌م به‌رنامه‌یه‌دا هه‌وڵی دا، راست یا درۆ عوزر بۆ وازهێنان له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بدۆزێته‌وه. یه‌کێ له درۆکانی ئه‌مه بو: "نه‌وشیروان مسته‌فا به پلان د. ده‌ربازی کردوه به وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌رانی عیراق، بۆ ئه‌وه‌ی جێگه بۆ ئامۆزاکه‌ی خۆش کا، ببێ به ئه‌ندامی پارله‌مانی عیراق".
له خواره‌وه رونی ئه‌که‌مه‌وه ئه‌م بیانوه‌ی ناوبراو چۆن درۆیه.
نه‌وشیروان مسته‌فا به ئێوه ناشیرین نابێ:
له ساڵی 2009 وه که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دروست بوه، ژماره‌یه‌ک هه‌ڵسوڕاوی، ئه‌وه‌ی میدیای کوردی ناوی ناوه: "دیار" وازیان له‌م بزوتنه‌وه‌یه هێناوه.
واز هێنان شتێکی ئاسایی‌یه و مافی هه‌مو که‌سێکه که شوێنێ یا حیزبێکی به دڵ نه بو، وازی لێ بێنێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نا ئاسایی‌یه، ئه‌وه‌یه کاتێ واز ئه‌هێنن، جا به هه‌ر هۆیه‌ک بێ، درۆ هه‌ڵبه‌ستن. زیاتر یش درۆکان یان روی له رێکخه‌ری گشتی‌یه.
بۆچی رێکخه‌ری گشتی؟ بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی خۆیان به‌رنه ئاستی رێکخه‌ری گشتی و، نرخی خۆیان له بازاڕی کڕین و فرۆشتنی سیاسه‌تا به‌رنه سه‌رێ. تا ئێستا چه‌ن نمونه‌یه‌کمان له‌م بابه‌ته "دیار!"انه هه‌یه.
نه‌وشیروان مسته‌فا به هه‌زارانی وه‌کو ئێوه ناشیرین نابێ چونکه ئه‌و به کرده‌وه، له دوای راپه‌ڕینه‌وه سه‌لماندویه‌تی:
-پیاوی ده‌وڵه‌ته نه‌ک سیاسه‌ت؛
-ته‌ماحی به ده‌سه‌ڵات و له ماڵی گشتی نیه؛
-له هیچ شتێکا چڵێس و نه‌وسن نیه؛
-پۆست په‌رست و پاره په‌رست نیه؛
-سیاسی‌یه‌کی ده‌سبڕ و درۆزن نیه. راستگۆ، راشکاو و قسه له روه؛
-مێژوی خۆی به پۆست و پاره نا گۆڕێته‌وه. بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ولاد و خزمه‌کانی، خۆی ناشیرین و له‌که دار ناکا؛
-وه‌کو سیاسیه دزه‌کانی کوردستان، مڵک و ماڵی گشتی و هی هاووڵاتیان به هی خۆی و خزم و که‌سوکاری نا زانێ؛
-منه‌تی خه‌بات و تێکۆشان به‌سه‌ر خه‌ڵکا ناکا؛
-سیاسه‌تی نه کردوه به کاسپی و سه‌رچاوه‌ی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ن کردن؛
-سیاسه‌ت یش نه کا، ناوی نا کوژێته‌وه، ئه‌توانێ به نوسینی کتێبی مێژویی و ئه‌ده‌بی‌ی قوڵ هه‌میشه له کۆنه‌ستی کۆمه‌ڵا بمێنێته‌وه؛
-بڕوای به پۆلێن کردنی هاووڵاتیان نیه له سه‌ر بناخه‌ی: "شۆڕشگێڕ و نه شۆڕشگێڕ" "پێشمه‌رگه و نه پێشمه‌رگه" "به‌رپرس و نه به‌رپرس" "ئه‌ولادی مه‌سول و ئه‌ولادی نه مه‌سول" "بنه‌ماڵه‌ی پیرۆز و هی نه پیرۆز" "هاووڵاتی جوان و هی ناشیرین" "ئیماندار و بێ ئیمان" و ...
ئه‌و له سه‌ره‌تای لاوێتی‌یه‌وه که ده‌سی داوه‌ته سیاسه‌ت بڕوای به کۆمه‌ڵێ پره‌نسیپی ئینسانی‌ی جوان هه‌بوه، هه‌تا ئێستا به‌رده‌وامه له سه‌ریان: دژی زوڵم و سته‌م و، له‌گه‌ڵ دنیایه‌کی پڕ له داد و یه‌کسانی‌ی هاووڵاتیان له به‌رامبه‌ر قانونا: "مافی هاووڵاتی بون" بوه و هه‌یه.
بگه‌ڕێنه‌وه بۆ نوسینه کۆنه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌وانه‌ی نزیکه‌ی 60 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نوسیونی تا بۆتان ده‌ر که‌وێ، ئه‌م کابرایه خه‌ونێکی ئینسانی هه‌یه ئه یه‌وێ بیهێنێته دی، بۆیه به ئێوه مانان له‌که‌دار نا کرێ.
ئه‌م قسه‌یه‌ی کاک حه‌مه‌ی حاجی بۆچی درۆیه؟
ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و دیکتاتۆر و خزمخوایه بوایه که جیابوه‌کان له گۆڕان له کاتی وازهێنانیانا باسی ئه‌که‌ن، چ پێویستی به‌و سیناریۆ و پێچه به‌ده‌وره هه‌یه که حه‌مه‌ی حاجی باسی کرد: "دکتۆر ده‌رباز بکه‌ن به وه‌زیر بۆ ئه‌وه‌ی کورسیه‌ک چۆڵ ببێ، دوایی پۆست بده‌ن به کاک قادر بۆ ئه‌وه‌ی نۆره‌که‌ی ئه‌و به‌ر من بکه‌وێ".
که نه‌وشیروان ئه‌وه بێ ئه‌وان ئه‌یڵێن، خۆ راسته‌وخۆ، بێ پێچ و په‌نا منی ئه کرد به سه‌رۆکی لیسته‌که و ده‌رچونم مسۆگه‌ر ئه بو و، له به‌غا یش ئه‌ی کردم به جێگری سه‌رۆکی پارله‌مان یا سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌که. یا ژوری هه‌ڵبژاردن و په‌یجوری را ئه‌سپارد ئیشم بۆ بکه‌ن و ده‌رم چێنن. یا هیچ نه بێ خۆی، یا خۆی و کوڕه‌کانی له کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنا چه‌ن جارێ له‌گه‌ڵم ده‌ر ئه که‌وتن... یا عه‌ره‌ب وته‌نی: "اچعف الایمان" وێنه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌گرتم و بڵاوی ئه کرده‌وه.
هه‌مو گۆڕانه‌کانی گرده‌که و ژوره‌کانی و ده‌زگاکانی ئاگادارن که، هیچ یه‌کێ له‌وانه رویان نه دا.
وای بۆ ئه‌چم کاک حه‌مه‌ی حاجی راسپێردرا بێ ئه‌م درۆیه بکا بۆ ئه‌وه‌ی "بسه‌لمێ!" که نه‌وشیروان مسته‌فا هیچی له سه‌رکرده‌کانی که‌ی کورد زیاد نیه... هه‌ر به ده‌م دژی به بنه‌ماڵه کردنی سیستمی حوکمڕانی‌یه، ئه‌گینا به کرده‌وه ئه‌و یش هه‌ر ئه‌وه ئه‌کا که بنه‌ماڵه سیاسییه‌کانی کوردستان ئه‌ی که‌ن: خزمخوایی و بنه‌ماڵه په‌رستی و قۆرخکردنی پۆست و پله و سامان و ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه.
چۆن بوم به ئه‌ندامی پارله‌مان؟:
ساڵی 2009 که کاک نه‌وشیروان رای گه‌یاند بۆ هه‌ڵبژاردنی 25 ی 7 لیستی سه‌ربه‌خۆی ئه بێ، به ئیمێڵ چه‌ن جارێک داواکاری خۆ کاندید کردنم نارد بۆ کاک نه‌وشیروان و کاک حه‌مه تۆفیق، هیچیان وه‌ڵامیان نه دامه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا که که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن ده‌ستی پێ کرد، کوڕه پورێکم پێوه‌ندی پێوه کردم، بگه‌ڕێمه‌وه بۆ به‌شداری کردن له که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنا، کردم. گه‌ڕامه‌وه کوردستان و، هه‌ر ئه‌و کوڕه پوره‌م خۆی، له سه‌ر گیرفانی خۆی، له گرده‌که، دو کابینه‌ی پچوکی یه‌ک ژوری بۆ دانام. یه‌کێکیان بۆ نوستن و ئه‌وی که‌یان بۆ ئۆفیسی ئیش کردن. چه‌ن مانگێ تیایانا ژیام.
چه‌ن مانگێ پێش هه‌ڵبژاردنی 2010 ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران گه‌ڕامه‌وه کوردستان. کاک نه‌وشیروانم بینی. باسی پلانی خۆم و گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کیم، به ماڵه‌وه، بۆ کرد. پێم وت، به نیازم خۆم کاندید که‌م بۆ پارله‌مانی عیراق، داوای پشتیوانیت لێ نا که‌م، به‌س رێگه‌م لێ مه‌گره. به ئا یا نا، وه‌ڵامی نه دامه‌وه. که کاتی ئاماده کردنی لیستی کاندید هات، لیژنه‌ی دانانی لیستی کاندیده‌کان دو جار ناومی له لیسته‌که دانا، هه‌ر دو جاره‌که کاک نه‌وشیروان ناومی ده‌رهێنا بو. لیژنه‌که لێیان پرسی بو بۆ وا ئه‌که‌ی؟ وتبوی، هه‌قتان چیه، خزمی خۆم نیه؟ من خۆم وه‌ڵامی ئه‌ده‌مه‌وه بۆ. ئێسته‌شی له‌گه‌ڵا بێ نه‌ی وت، بۆ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یا که هه‌ڵوێسته‌که‌ی زۆر ئازاری دام، به‌ڵام له لیژنه‌ی باڵای که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنا بومه ئه‌ندام و شه‌و و رۆژ، به‌لای که‌مه‌وه 13- 14 سه‌عاتی به‌رده‌وام له لیژنه‌که و کاناڵی KNN ئیشم ئه کرد.
بۆ هه‌ڵبژاردنی 2013 جارێکی که چومه‌وه لای کاک نه‌وشیروان و پێم وته‌وه، ئه‌مه‌وێ خۆم کاندید که‌م، پشتیوانیتم ناوێ، به‌س تکایه رێگریم لێ مه‌که. ئه‌مجاره‌یان وتی، هه‌قی خۆته، داوا بکه، رێگر نابم. به‌وشێوه‌یه ناوم چوه ناو لیستی کاندیده‌کانی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان.
به‌ڵام که پارتی و یه‌کێتی ئینقلابه‌که‌ی 30 ی حوزه‌یرانی 2013 یان کرد و به نا شه‌رعی دو ساڵ ته‌مه‌نی کورسی‌یه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی‌یان درێژ کرده‌وه، نامه‌یه‌کم دا به ژوری هه‌ڵبژاردنی گۆڕان و داوام کرد ناوم له لیستی کاندیده‌کان ده‌ر بهێنن. هۆی داواکه‌مم رون کرد بوه وه: "دوای درێژ کردنه‌وه‌ی نا قانونی‌ی ته‌مه‌نی کورسی‌یه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی، ناتوانم سبه‌ی له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نا شه‌رعی که‌سێکی وادا به ویژدانی ئاسوده‌وه بچمه هه‌ولێر و ممارسه‌ی ئه‌رکی سه‌رشانم بکه‌م" له‌به‌ر ئه‌وه، تکایه ناوم له لیستی کاندیده‌کان ده‌ر بهێنن. کردیان. وێنه‌یه‌ک له داواکاری خۆ کێشانه‌وه‌م له لیستی کاندیده‌کان، دایه کاک نه‌وشیروان.
به‌ڵام له‌سه‌ر داوای رێکخه‌ری ژوری هه‌ڵبژاردن، کاک ئارام شێخ محه‌مه‌د، بومه کاندیدی ژماره 25 ی لیستی کاندیده‌کانی گۆڕان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی که، بڕیار بو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان بکرێ و، پارتی و یه‌کێتی نه‌یان هێشت بکرێ.
ساڵی 2014 یش بۆ هه‌ڵبژاردنی گشتی‌ی پارله‌مانی عیراق، داوام کرد ببمه کاندید. وه‌کو کانیده‌کانی که تاقیکردنه‌وه‌ی زاره‌کی و نوسینم بڕی و، به قورعه یش، ژماره 10 ی لیسته‌که‌م به‌ر که‌وت. بێجگه له 3000 دۆلار که کوڕه پورێکم دایمێ بۆ که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنه‌که‌م، تێکڕای هه‌ڵمه‌ته‌که‌م به قه‌رز برده سه‌ر، بێ ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان یا کاک نه‌وشیروان هاوکاری یه‌ک تاکه دیناریان کرد بم (ئه‌مه بۆ هه‌مو کاندیده‌کان هه‌مان شت بو. لێ، لێره‌یا بۆیه ناوی کاک نه‌وشیروانم هێنا، چونکه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه بوایه که ناحه‌زه‌کانی پێ‌ی ئه‌ڵێن، ئه بو بۆ هه‌ڵمه‌ته‌که‌م و ده‌رچواندنم، به پاره پشتیوانی بکردمایه). که من هه‌رگیز نه به ته‌مای شتی وا بوم و نه هه‌قم هه‌یه به ته‌مای بم.
وه‌لحاسڵ، هه‌مو ئه‌رگومێنت و ده‌لاله‌ت و قه‌رینه‌کان پشتیوانیان له‌و بۆچونه ئه کرد که گۆڕان ده‌نگی زۆر زیاتر له‌وه بهێنێ که هێنای. ته‌زویری سیستماتیک له یه‌ک کاتا دو گورزی کاریگه‌ری له ده‌نگه‌کانی گۆڕان وه‌شاند: ژماره‌ی ده‌نگه‌کانی که‌م و نرخی کورسی‌ی به‌رز کرده‌وه. به‌و شێوه‌یه ده‌رچوه‌کانی قۆناغی یه‌که‌م منیان تیا نه بوم.
که د. ده‌رباز بو به وه‌زیر، له ئه‌وروپا بوم. چه‌ن براده‌رێکم ته‌له‌فۆنیان بۆ کردم بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ به‌م جێگه‌که‌ی پڕ بکه‌مه‌وه.
تا ئه‌و کاته ئاگام له قانونی ژماره 6 ی ساڵی 2006 نه بو. له‌به‌ر ئه‌وه پێم وتن، کاک قادر له پێشمه‌وه‌یه، شمولم نا کا. که قانونه‌که‌م بینی، گه‌ڕامه‌وه بۆ کوردستان.
تا من گه‌ڕامه‌وه، ژماره‌یه‌کی زۆر له کادره پێشکه‌وتوه‌کانی گۆڕان به تاک و کۆ، چوبونه لای کاک عومه‌ری سه‌ی عه‌لی و مامۆستا جه‌لال و... دوایی بۆم ده‌رکه‌وت که کاک عومه‌ر و مامۆستا جه‌لال و مامۆستا جه‌مال و... چه‌ن خوشک و برایه‌کی که ده‌سپێشکه‌ریان کردوه و، چونه ته لای کاک نه‌وشیروان بۆ ئه‌وه‌ی من جێگه‌که‌ی د. ده‌رباز پڕ بکه‌مه‌وه.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته مامۆستا جه‌مال کاک قادری بانگ کرده گرده‌که و، ره‌ئی بزوتنه‌وه‌که‌ی پێ وت بو که، پێیان باشه له‌به‌ر ئه‌مه و ئه‌وه، من جێگه‌که‌ی دکتۆر پڕ بکه‌مه‌وه. زۆر سپاسی کاک قادر ئه‌که‌م که داواکه‌ی قه‌بوڵ کرد بو.
ئه‌و هه‌نگاوانه هه‌مویان له‌گه‌ڵ قانون و پره‌نسیپی حیزبی کۆک بون.
که گه‌شتمه‌وه کوردستان، یه‌که‌م که‌س چوم کاک نه‌وشیروانم بینی. نیازی خۆمم بۆ باس کرد. وتی، "ئه‌زانم تۆ واو واو وایت، به‌ڵام من بۆت ناکه‌م، چونکه خزممی. بچۆ بۆ لای براده‌ران با ئه‌وان بڕیار بده‌ن... من نایکه‌م". سه‌ره‌نجام براده‌ران بڕیاریان دا و جێگه‌که‌ی دکتۆرم پڕ کرده‌وه.
دکتۆر ده‌رباز چۆن بو به وه‌زیر؟
من نه له کاک نه‌وشیروان و نه له هیچ به‌رپرسێکی که‌ی گۆڕان، چیرۆکی به وه‌زیر بونی دکتۆرم نه بیستوه. به‌ڵام ئه‌م چیرۆکه‌م له هاوڕێ پارله‌مانتاره‌کانی فراکسیۆنی گۆڕان له به‌غا، بیستوه:
"لۆبی‌یان له ناو پارله‌مانتاره‌کانی کورد و فراکسۆنه نه کورده‌کانا کردوه و کورسی‌یه‌کی وه‌زاره‌تیان پچڕیوه". زیره‌کانه سودیان له ناته‌بایی‌یه‌کانی ئه‌و کاته‌ی پارتی و یه‌کێتی وه‌ر گرت بو.
به قسه‌ی هاوڕێکانم، سه‌ره‌تا کاک نه‌وشیروان بڕوای نه کرد بو، بتوانن شتی وا بکه‌ن. لێ، کردیان. ئێستا ئه‌گه‌ر دکتۆر ده‌رباز باشترین وه‌زیری کابینه‌که‌ی دکتۆر عه‌بادی نه بێ، ئه‌وا له باشه‌کانه. به دڵنیایی ته‌واوه له کابینه‌که‌یا ده‌سپاک ترینه، ئه‌گه‌ر نه ڵێم: تاکه وه‌زیری ده‌سپاکه.
من و دکتۆر محه‌مه‌دی حاجی:
ئه‌وه‌نه‌ی پێوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه، دور و نزیک نه‌م ناسیوه. له خه‌یاڵما نیه له‌و ماوه‌یه یش که بوه به لێپرسراوی ژور و ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی، له هیچ بۆنه و شوێنێکا یه‌کترمان له نزیکه‌وه دی بێ.
که‌واته مافی ئه ده‌مێ، ئه‌و یش دور یا نزیک من نه ناسێ. لێ، گرێکه ئا لێرایه: "که نه وه‌ک شه‌خس و نه وه‌ک توانا نامناسێ، ئه‌ی چۆن ئه‌و غه‌دره‌م لێ ئه‌کا که، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامۆزای نه‌وشیروانم، سیناریۆم بۆ داڕێژراوه تا ببمه پارله‌مانتار؟".
ئه‌وی راستی بێ، کاک حه‌مه‌ی حاجی، یه‌که‌م که‌س نیه ئه‌م قسه‌یه‌ی کرد بێ. پاراستنی پارتی له رابردوا چه‌ن جارێ له رێگه‌ی میدیا سێبه‌ره‌کانی خۆی و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کانی سه‌ر به خۆیه‌وه ئه‌م پرسه‌ی خسته بازاڕ. به‌ڵام من هه‌میشه پێم عه‌یب بوه و عه‌یبه، وه‌ڵامی ده‌زگای وا به‌د ناو بده‌مه‌وه.
که ئه‌م ده‌زگایه نه‌ی توانی به‌م رێگه‌یه ده‌م کوتم کا، پ‌د‌ک و پاراستنه‌که‌ی له دو لاوه هه‌وڵی ده‌مکوت کردنمیان دا: له لایه‌ک وه‌زاره‌ته‌که‌ی ئاشتی هه‌ورامی به نامه‌ی ره‌سمی هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ ناردم ئه‌مدا به دادگا. هاو زه‌مان ده‌زگای پاراستن له رێگه‌ی "په‌یامنێری!" بڵاڤۆکێکی سه‌ر به خۆی و له رێگه‌ی چه‌ن عه‌میلێکیان له ناو پارله‌مانی عیراق، خه‌ریکی چنینی چیرۆکێکی خه‌یاڵی بون بۆم: "مه‌حمو ره‌زا به نهێنێ چه‌ن جارێ مالیکی دیوه!".
پرسیاری من له کاک حه‌مه‌ی حاجی ئه‌مه‌یه: "به رێکه‌وت هه‌وڵه‌کانی پاراستن و درۆکه‌ی تۆ یه‌کیان گرته‌وه؟"
کورته‌یه‌ک له ژیانی سیاسیم:
تا ئێستا له هیچ بۆنه و شوێنێکا به نوسین باسی ژیانی سیاسی‌ی خۆمم بڵاو نه کردۆته‌وه. ئه‌وه‌ی کردومه به ئه‌رکی سه‌رشانمم زانیوه و منه‌ت به سه‌ر که‌سا ناکه‌م. گه‌له‌که‌م و کێشه ره‌واکه‌ی شایه‌نی زۆر له‌وه زیاتر بون که تا ئێستا کردومه. لێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌ڵسێ و نانوپیاز به به پارله‌مانتار بونی منه‌وه نه خوا، به باشی ئه زانم کورته‌یه‌ک له ژیانی سیاسی خۆم بخه‌مه پێش چاوی خه‌ڵکی کوردستان، تا وا نه زانن وه‌کو بنه‌ماڵه سیاسییه‌کانی کوردستان له ناو پاکه‌ته‌وه له ماڵی باوکمه‌وه هێنراوم و کراوم به پارله‌مانتار یا سامانی دزراوی میله‌ت خراوه‌ته به‌ر ده‌سم به ئاره‌زوی دڵ ته‌خشان و په‌خشانی که‌م:
1.ساڵی 73 پێوه‌ندیم کردوه به یه‌کێتی‌ی قوتابیانی کوردستانه‌وه.
2.ساڵی 1974 پێوه‌ندیم کردوه به پ‌د‌ک ه‌وه.
3.وه‌کو هه‌زاران خوێندکاری که، ساڵی 1974 پێوه‌ندیم کرد به شۆڕشه‌وه و تا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ئاشبه‌تاڵی به شۆڕشی چوارده ساڵه‌ی کورد کرد، له ناوچه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عس سه‌رقاڵی چالاکی‌ی سیاسی- حیزبی و پیشه‌یی (قوتابیان) بوم.
4.ساڵی 1977 له به‌غا، کاتێ خوێندکار بوم، پێوه‌ندیم کرد به کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی- لینینی کوردستانه‌وه.
5.دوای ته‌واو کردنی خوێندن ماوه‌یه‌ک لێپرسراوی رێکخستنه‌کانی خانه‌قین بوم.
6.له 1980 وه هه‌تا کۆتایی مانگی نیسانی 1985 له سنوری رێکخراوی سلێمانی‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستانا، لێپرسراوێتی ژماره‌یه‌کی زۆری رێکخراو/ که‌رتی رێکخستنی ناو شارم له ئه‌ستۆ بوه: له ناو سلێمانی، دوایی نزیکه‌ی ساڵێک لێپرسراوی راسته‌وخۆی رێکخستنی کۆمه‌ڵه بوم له سنوری شار و شارۆچکه‌کانی: هه‌ڵه‌بجه، سیروان، پێنجوین، ناڵپارێز، سه‌ید سادق، عه‌ربه‌ت، ده‌ربه‌نیخان و که‌لار. دوا تر گه‌ڕامه‌وه ناو شاری سلێمانی هه‌تا شه‌وی 29/4/1985 ئه‌منی سلێمانی هه‌ڵی کوتایه سه‌ر ماڵه‌که‌م. توانیم له سه‌ربانه‌وه له ده‌سیان هه‌ڵبێم. هاوسه‌ره‌که‌میان له باتی خۆم برد. زیاتر له مانگێ له سلێمانی و شه‌نگال زیندانی کرا. کۆرپه‌له‌ی یه‌که‌م مان، له ته‌مه‌نی هه‌شت مانگیا له مناڵدانی دایکیا، به شه‌قی به‌عسی‌یه‌کان کوژرا. جه‌لاده‌کانی به‌عس به هاوسه‌ره‌که‌میان وتبو، ناهێڵین ئه‌و کۆرپه‌یه‌ت به زیندویی له دایک ببێ، تا سبه‌ی وه‌کو باوکی بۆمان ببێ به "مخرب".
7.له سه‌ره‌تای ساڵی 1980 وه که‌وتمه نوسینی وتاری سیاسی و فیکری بۆ سنوری رێکخراوی سلێمانی‌ی کۆمه‌ڵه. له 1982 یشه‌وه که‌وتمه ناردنی وتار بۆ ئێزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی کوردستان له رێگه‌ی رێکخراوی سلێمانی‌یه‌وه. وتاره‌کان زۆر نه بون، به‌ڵام له ناوچه‌ی شاره‌زور و هه‌ڵه‌بجه رژێمی به‌عسیان شڵه‌ژاند. چونکه زانیاری وردیان تیا بو له‌سه‌ر قوتابخانه داخراوه‌کان و خه‌سته‌خانه‌کانی ناوچه‌که و نه بونی ده‌رمان و که‌می‌ی خزمه‌تگوزاری و پرۆژه وه‌همی‌یه‌کانی رژێم له ناوچه‌که.
8.ساڵی 1985 بۆ ماوه‌ی چه‌ن مانگێ له هه‌ر یه‌ک له ده‌زگای ناوه‌ندی رێکخستنی کۆمه‌ڵه و ده‌زگای ناوه‌ندی رۆشنبیری‌ی کۆمه‌ڵه کادر بوم. هاوزه‌مان به‌رپرسی رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه یش بوم له سنوری ده‌زگا و باره‌گاکانی سه‌رکردایه‌تی له ناوچه‌ی دۆڵی جافایه‌تی.
9.ساڵی 86- 1987 ئه‌ندامی ده‌زگای پێوه‌ندی‌یه نیشتمانی‌یه‌کانی یه‌کێتی بوم. ئه‌م ده‌زگایه‌ی یه‌کێتی، بۆ یه‌که‌مجار ساڵی 86 دامه‌زرا. شه‌هید ئازاد هه‌ورامی و به‌نده ئه‌ندامی ده‌زگاکه بوین. کاک فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر لێپرسراومان بو. له سه‌ر روداوێ ئیستیقاله‌م دا له‌م ده‌زگایه. ئێره جێگه‌ی باسکردنی نیه.
له‌و ماوه‌یه دا که ئه‌ندامی ئه‌م ده‌زگایه بوم، ده‌زگاکه‌مان پێشوازی له وه‌فدی دو حیزبی کوردستانی کرد: وه‌فدی پارتی به سه‌رۆکایه‌تی فازڵ میرانی که، زیاتر له هه‌فته‌یه‌ک له لامان مانه‌وه؛ وه‌فدی پارتی گه‌ل که بریتی بو له وریای سه‌عاتی و بروسکه‌ی نوری شاوه‌یس. ئه‌مان یش هه‌فته‌یه‌ک مانه‌وه. که وه‌فدی پارتی هات، یه‌کێتی له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی سێ مانگه و سێ رۆژه‌ی قه‌یوان ماوه‌تا بو. وه‌فده‌که‌ی پارتی سه‌ری سوڕما بو له ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی. نا هه‌قیان نه بو، نه هه‌رگیز له ژیانیانا شتی وایان به حیزبه‌که‌یانه‌وه دی بو، نه قه‌ت یش ئه‌ی بینن.
10. ساڵی 87- 1988، هه‌تا دوای ئه‌نفاله‌کان ئه‌ندامی ده‌زگای ناوه‌ندی رۆشنبیری کۆمه‌ڵه بوم.
11. که ساڵی 988 له سه‌قز ده‌زگای ناوه‌ندی راگه‌یاندنی یه‌کێتی دروست کرایه‌وه، چه‌ن مانگێ بومه لێپرسراوی به‌شی ئینصات. له پڕێکا 3 نوسه‌ری سه‌ره‌کی به‌شی کوردی له ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی کوردستان به دوای یه‌کا، له ماوه‌یه‌کی کورتا رادیۆیان جێ هێشت و ئه‌رکی نوسینی سه‌روتاری رۆژانه‌ی ئیزگه‌که که‌وته سه‌ر شانی من. هه‌تا ناوه‌ڕاستی 1993، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ سه‌روتاری رۆژانه‌ی رادیۆ من ئه‌م نوسی. له‌و ماوه‌یه دا بێجگه له سه‌روتار، زۆربه‌ی رۆژه‌کان ئه بو 1- 3 بابه‌تی که‌م هه‌بێ.
12. نیسانی 1992 له‌گه‌ڵ کاک فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد و ره‌حمه‌تی‌ی کاک مسته‌فای برایم ده‌روێش (سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی‌ی کوردستان) مان دامه‌زراند. له یه‌که‌م ژماره‌ی گۆڤاره‌که‌ی سه‌نته‌ر (گۆڤاری سیاسه‌تی ده‌ولی)ـیه‌وه، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوسه‌ران بوم. ژماره‌یه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌م له ژماره‌کانی 1 بۆ 11 و ژماره‌کانی 19 و 20 دا بڵاو کراونه‌ته‌وه. هه‌مویان بابه‌تی ئه‌منی قه‌ومی، جیوپۆله‌تیک و ستراتیجی بون.
ساڵی 1993 له سه‌ر داوای خۆم وازم له ئه‌ندامه‌تی ده‌زگای راگه‌یاندنی یه‌کێتی هێنا و خۆم ته‌رخان کرد بۆ نوسینی لێکۆڵینه‌وه و سه‌رپه‌رشتی سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی.
13. له حوزه‌یرانی 1993 بۆ حوزه‌یرانی 1996 به ره‌سمی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ره‌که بوم. پێش ئه‌وه به نا ره‌سمی (دیفاکتۆ) به‌ڕێوه‌به‌ری بوم.
14. ساڵانی 1993- 1996 له په‌یمانگای پێگه‌یاندنی کادرانی یه‌کێتی و سیمیناری کۆمیته‌کانی سنوری مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی، وانه‌ی ئه‌منی قه‌ومی و جیوپۆله‌تیک-م به سه‌دان کادری یه‌کێتی وتۆته‌وه. هه‌روه‌ها مامۆستای میوان بوم بۆ وانه‌ی ئه‌منی قه‌ومی له کۆلیژی سه‌ربازی‌ی قه‌لاچوالان.
15. ساڵی 1996 ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری په‌یمانگای پێگه‌یاندنی ئه‌فسه‌رانی ئاسایشی سلێمانی و، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دانانی پرۆگرامی خوێندنی په‌یمانگاکه و مامۆستای وانه‌ی ئه‌منی قه‌ومی بوم تیایا.
16. له ئۆگۆستی 2003 وه بۆ نۆڤه‌مبه‌ری 2008 کارگێڕی رۆشنبیری‌ی مه‌ڵبه‌ندی رێکخستنی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی بوم.
17. له نێوان ساڵانی 2005- 2008 له‌گه‌ڵ چوار هاوڕێم (پرسم پێ نه کردون بۆیه ناویان نا هێنم) له ئه‌مه‌ریکا و ئوسترالیا و 10 وڵاتی ئه‌وروپی، تۆڕێکی سیاسی مان دروست کرد بۆ خۆ ئاماده کردن بۆ رێکخستنێکی نوێ. له‌و ماوه‌یه دا 5 بڵاوکراوه‌ی ناوخۆ مان ده‌ر کرد. که یه‌کێتی پێ‌ی زانی، تۆمه‌تی به‌تاڵ و بێ به‌ڵگه‌ی دایه پاڵ کاک نه‌وشیروان، بێ ئه‌وه‌ی دور و نزیک ئه‌و ئاگاداری هیچ جوڵه‌یه‌کی ئێمه بو بێ.
18. ساڵی 2008 که ره‌وتی گۆڕینی دیمۆکراتی له له‌نده‌ن خۆی راگه‌یاند، تۆڕه‌که‌ی ئێمه بوه بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری (ره‌گ). ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتی‌ی (ره‌گ) 11 که‌س بوین. شه‌ش که‌سمان خۆیان ئاشکرا کرد بو: (شۆڕش حاجی، وشیار عابد، مه‌لا خدر، هه‌ڤاڵ کوێستانی، د. چیا عه‌باس و مه‌حمود مراد)؛ پێنج که‌س یشمان خۆمان ئاشکرا نه کرد بو. من یه‌کێکیان بوم (پرسم به چواره‌که‌ی که نه کردوه بۆیه ناویان ئاشکرا نا که‌م).
19. که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی راگه‌یاند، (ره‌گ) هه‌مو توانای خۆی خسته پاڵی. گۆڕان له ساڵانی 2009، 2010، 2013 و 2014 دا داخڵی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان و عیراق بو. له سێ هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌ما، هه‌مو جارێ له کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنا له ئه‌وروپاوه له سه‌ر حسابی خۆم گه‌ڕاومه‌ته‌وه و بوم به ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن. له چواره‌م هه‌ڵبژاردنا کاندیدی بزوتنه‌وه‌که بوم.
له سێ هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌ما، هاوشانی لیژنه‌ی باڵای که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن، له کاتی پێویستا هاوکاری‌ی ژوری هه‌ڵبژاردنم کردوه و، رۆڵی هه‌ماهه‌نگکاری نێوان ژوره‌که و کاناڵی KNN م دیوه.
20. یه‌که‌م لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له گرده‌که، له سه‌ر پێشنیاری من دروست کرا. یه‌که‌م سه‌رۆکی لیژنه‌که من بوم. یه‌که‌م راپۆرت که له‌سه‌ر سیاسه‌تی نه‌وتی‌ی چه‌وتی کوردستان له گۆڕانا نوسرا بێ، به سه‌رپه‌رشتی من نوسراوه. من له سه‌ره‌تاوه دژی سیاسه‌تی نه‌وتی‌ی نێچیروان بارزانی و ئاشتی هه‌ورامی بوم و، پێشبینی ئه‌م رۆژه‌م له‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌وان کرد بو. ئه‌وه‌ی ئێستا پارتی و یه‌کێتی به سه‌ر کوردستانیان هێناوه و هه‌رێمیان خستۆته سه‌ر ساجی عه‌لی، من له وتاری: "خۆپیشاندانه‌کانی که‌لار و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی هه‌مه لایه‌نه" که سێپته‌مبه‌ری 2005 له رۆژنامه‌ی هاووڵاتیا بڵاوم کردۆته‌وه، پێش بینی ئه‌م رۆژه‌م کرد بو که ئێستا تێ‌ی که‌وتوین.
له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌و کار و ئه‌رکانه‌ی له سه‌ره‌وه به کورتی باسم کردون که، بێ دابڕان ئه‌کاته نزیکه‌ی 42 ساڵ خه‌بات و تێکۆشان، وه‌کو کاک حه‌مه‌ی حاجیم نه کردوه و، هه‌تا ئه‌م چرکه ساته ئه‌م چه‌ن لاپه‌ڕه‌یه‌ی تیا ئه‌نوسم، داوام نه کردوه ته‌مه‌نی سیاسیم به خزمه‌ت بۆ حساب بکرێ.
نازانم 2002- 2012 ئه‌و له ترسی کێ و کام حیزب هه‌ولێری به‌جێ هێشتوه تا ئه‌و 10 ساڵه‌ی بۆ بکرێ به "خه‌بات!" و بخرێته سه‌ر ماوه‌ی خزمه‌تی؟!
وه‌کو کاک حه‌مه‌ی حاجی، ته‌ماحم له وه‌زیری (به قسه‌کانیا دیار بو، به ته‌مای جێگه‌که‌ی د. ده‌رباز بوه) و سه‌روه‌زیر یش نه بوه (دوا پرسیار که کاک هیوا جه‌مال له دکتۆری کرد، ئه‌مه بو: به ته‌ما نیت واز له سیاسه‌ت بهێنی؟ دکتۆری و سیاسه‌ت چ پێوه‌ندی‌یان به یه‌که‌وه هه‌یه؟. کاک حه‌مه‌ی حاجی وه‌ڵامی دایه‌وه: بۆ نیه‌تی؟ ئه‌وه دکتۆر ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، ئه‌وه دکتۆر ئه‌یاد عه‌لاوی، ئه‌وه دکتۆر عه‌لی ئه‌کبه‌ر ولایه‌تی). به‌و شێوه‌یه دکتۆر پێ‌ی وتین له (لا وعی) ما په‌له‌مه ببمه سه‌ر وه‌زیر.
من کابرایه‌کی به سه‌بر و نوزه درێژم، وه‌کو ئه‌و په‌له‌م نه بوه و نیه. بۆیه چاوه‌ڕێ ناکه‌م هه‌رگیز وه‌کو ئه‌وم به سه‌ر بێ و ببمه دیلی پۆست و ئیمتیاز و بۆ به‌ده‌سهێنانیان ناچار بم درۆ و بوختان هه‌ڵبه‌ستم:
کۆتایی 1991 که یه‌کێتی خۆی بۆ کۆنگره‌ی یه‌که‌م و هه‌ڵبژاردنی گشتی ئاماده ئه کرد، من و کاک ئازاد چالاک و کاک عه‌باس به‌دری‌ی ره‌حمه‌تی، رۆژێ له شه‌قڵاوه له ماڵی مامجه‌لال بوین. مامجه‌لال وتی: "حه‌ز ئه‌که‌م دوان له ئێوه له کۆنگره‌ی داهاتوا ببنه ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی". له به‌شه‌که‌ی خۆم ئه‌م وه‌ڵامه‌م دایه‌وه: "حه‌زم له ئه‌ندامه‌تی سه‌رکردایه‌تی نیه، به‌ڵام حه‌زم لێیه ببمه ئه‌ندامی پارله‌مان".
له‌و کاته‌وه من حه‌زم له ئه‌ندامه‌تی پارله‌مان و رقم له پۆستی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی هه‌مو حیزبێ بوه به هی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان یشه‌وه. دوای 24 ساڵ له‌و مێژوه توانیم حه‌زه‌که‌م بێنمه دی و ببمه ئه‌ندامی پارله‌مان. بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵکشانی ته‌مه‌ن و که‌م بونه‌وه‌ی فرسه‌تی به‌دیهێنانی حه‌زه‌که‌م توشی، هه‌ڵه و هه‌ڵپه و شڵه‌ژانم بکه‌ن.
ئه‌مما، بۆچی حه‌زم له ئه‌ندامه‌تی پارله‌مان بوه؟ ره‌نگه هۆی ئه‌وه بێ که پێموا بوه و وایه، که‌سێتیم هه‌ر به که‌ڵکی ئه‌م ئه‌رکه یه‌ت.
ئاخۆ تیا سه‌ر ئه که‌وم یا نه؟ هێشتا زوه. تازه ساڵێکم تێ په‌ڕانوه. دروست یش نیه خۆم، خۆم هه‌ڵسه‌نگێنم. ئه‌وه به هاوڕێکانم و خه‌ڵک و ده‌نگده‌ره‌کانم ئه کرێ.
به‌ڵام له‌و باره‌یه‌وه ویژدانم ئاسوده‌یه که هه‌وڵم داوه له‌و ماوه‌یه دا هه‌مو توانام بخه‌مه کار چ بۆ کاری پارله‌مانی و چ بۆ به‌خشینی ته‌جره‌به به هاوڕێکانم، به حوکمی ئه‌وه‌ی له هه‌مویان به ته‌مه‌ن تر و، ته‌جره‌به‌ی ژیان و سیاسه‌تم له هه‌مویان زیا تره. وه چ بۆ دڵخۆش کردنی هه‌ر که‌سێ روی لێ نا بم.
بێ ویژدانه‌کان تۆزێ ویژدان!
دوای 42 ساڵه خه‌بات و له به‌ره‌ی گه‌لا بون، بێ خیانه‌ت و دابڕان و زه‌وت کردنی ماڵی خه‌ڵکی و بێ دزی و گزی و فزی و سستی نواندن، هێشتا پێمان ره‌وا نا بینن، به ده‌نگی ده‌نگده‌ر ببینه ئه‌ندامی پارله‌مان؟
ئه‌مه چ ویژدانێکی مردوه خودایه!