تێبینی: ساڵانێکه له نوسینا هه‌وڵمداوه هه‌ردو تێرمی "حوکمڕان" و "فه‌رمانڕه‌وا" لێک جیا بکه‌مه‌وه.
ئه‌وه‌نه‌ی دیقه‌تم داوه له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌ی کوردیا، هه‌ردو تێرمه‌که بۆ یه‌ک مانا به‌کار هێنراون و ئه هێنرێن. به‌ڵام به بۆچونی من باشتره بیانکه‌ینه دو تێرمی سیاسی، بۆ دو مه‌به‌ستی جیاواز.
له‌و ساڵانه‌ی رابردوا ئه‌و دو تێرمه‌م به‌م مانایانه‌ی خواره‌وه به‌کار هێناوه:
حوکمڕان:
به مانای "سواربونی کورسی‌ی حوکم: زه‌وتکه‌ری کورسی‌ی حوکم" به‌کارم هێناوه.
فه‌رمانڕه‌وا:
به مانای "چونه سه‌ر کورسی‌ی فه‌رمانڕه‌وایی به رێگه‌ی قانونی و شه‌رعی" به‌کارم هێناوه.
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ کۆکتێله‌که:
کلپتۆکرات:
به‌و گروپ یا توێژه کۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسی‌یه ئه وترێ که، حوکم ئه‌گرێته ده‌س بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی کورسی و داموده‌زگاکانی حوکمڕانی‌یه‌وه بتوانێ سامانی نیشتمانی کۆنترۆڵ بکا و، به دزینی راسته‌وخۆی داهاتی نیشتمانی یا نا راسته‌وخۆ، له رێگه‌ی فڕوفێڵی قانونی و سازاندنی زه‌مینه بۆ خۆیان و ده‌ستوپێوه‌ندیان، یا به گرتنه‌به‌ری هه‌ردو رێگه‌که، له سه‌ر حسابی خه‌ڵک، خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ن ئه‌که‌ن.
به مانایه‌کی که: کورسی حوکمکردن‌یان بۆ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان ناوێ. ئه یانه‌وێ، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌یه‌وه خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ن که‌ن.
ژیان و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م گروپه هه‌میشه به تراجیدیا بۆ خاک و خه‌ڵک و خۆیان، کۆتایی هاتوه.
ئۆلیگارشی:
ئۆلیگارخیا، وشه‌یه‌کی کۆنی یۆنانی‌یه. پێکهاتوه له دوو بڕگه: ئۆلیخۆس، یانی که‌مینه و، ئارخیا، یانی حوکم. به‌سه‌ریه‌که‌وه ئه‌کاته، حوکمی که‌مینه.
له ئینگلیزیا بوه به Oligarchie. ئۆلیگارشی، جۆرێکه له جۆره‌کانی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی حوکم. فه‌یله‌سوفی یۆنانی، ئه‌فلاتۆن (428- 348 پ.ز) یه‌که‌م که‌س بوه که وه‌کو شێوازێک له شێوازه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری ده‌وڵه‌ت باسی کردوه. دوای ئه‌و ئه‌رستۆ (384- 322 پ.ز) درێژ تر و ورد تر، لێی دواوه.
نیشانه‌کانی ناسینه‌وه‌ی ئۆلیگارشی به‌رده‌وام له زیادبوندان. ئه‌فلاتۆن پێ‌ی وابوه: "ئه‌و که‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه یه که له‌رێگه‌ی پاره یان نه‌سه‌ب یان عه‌سکه‌ره‌وه ده‌سه‌ڵات ئه‌گرێته ده‌ست... ده‌سه‌ڵات به‌کارئه‌هێنێ بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ن کردن".
ئه‌رستۆ له بۆچونه‌که‌ی ئه‌فلاتۆنی زیاد کردوه‌و نوسیوێتی: "... ئه‌و که‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه حوکمڕانه یه که ته‌نیا دارا‌کان به هاووڵاتی ئه‌زانێ؛ موڵک و سامان، جۆری توانای دیاری ئه‌که‌ن؛ فراوانی‌ی بنکه‌ی حوکمڕانی‌ی پێوه‌ندی به فراوانی‌ی بنکه‌ی موڵکداره‌کانه‌وه هه‌یه".
له‌م چه‌رخه‌دا ئۆلیگارشی ژماره‌یه‌کی زۆر سیفه‌تی له‌خۆ گرتوه. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه هه‌ندێک له‌و نیشانانه‌ن که ئه‌و که‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه هه‌ڵگریانه و له‌ڕێگه‌یانه‌وه حوکمی ئۆلیگارشی دا ئه مه‌زرێنێ:
1.خاوه‌نی سامان یان نه‌سه‌ب یان سوپا/ میلیشیایه. ته‌واوی جومگه‌کانی حوکمڕانی ئه گرێته ده‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی که‌مینه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه پارێزێ.
2.له رێگه‌ی شۆڕش، بنه‌ماڵه، کوده‌تای سه‌ربازی، دابونه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی یان دینی، هه‌ژمون په‌یا ئه‌کا. به‌ڕێگه‌ی دیمۆکراسی یان نادیمۆکراسی حوکم ئه‌گرێته ده‌ست.
3.سیاسه‌تبازه‌کان رێبه‌رایه‌تی ئه‌که‌ن. ئه‌و سیاسی‌یانه‌ی، سیاسه‌تیان کردوه به پیشه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و زامنکردنی ژیانی خۆیان و نه‌وه‌کانیان. خۆیان ئه خه‌نه جێگه‌ی نه‌ته‌وه و، ئه‌ڵێن، وڵات و نه‌ته‌وه به‌بێ ئه‌وان توشی قه‌یرانی گه‌وره‌و سه‌رگه‌ردانی ئه بن.
4.تێکه‌ڵاوی‌ی دروست ئه‌کا له نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ربازی و سامانا. له ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی هێزی سامان، قۆرخکردنی بازاڕ و به‌کارهێنانی میلیشیا (یان سوپای نیزامی وه‌رگێڕدراو به میلیشیا) و هه‌مو ئامرازه‌کانی تری توندوتیژییه‌وه، زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ سه‌رکوت ئه‌کا و درێژه به ته‌مه‌نی حوکمڕانی ئه‌دا. گه‌ر پێویستی‌ی تێ‌ی بکه‌وێ، جاش به‌کرێ ئه‌گرێ بۆ سه‌رکوتکردن و پاراستنی ئۆلیگارشی‌یه‌که‌ی.
5. ئایدێولۆجیا و پره‌نسیپی سیاسی و ئه‌خلاقی له‌لای "سه‌رکرده مێژوییه‌کان"ـی، ئه‌وه‌نه بایه‌خیان هه‌یه که به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌کانیان بپارێزێ. به‌رده‌وام وه‌کو حه‌ربا ئه توانن ره‌نگی خۆیان بگۆڕن. یان وه‌کو گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ن، به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی له کوێ بو، رو له‌وێ ئه‌که‌ن. ئه‌گه‌ر خه‌ڵک به‌دڵیان نه‌بن و بیانه‌وێ بیانڕوخێنن، په‌نا بۆ هێز و ده‌وڵه‌تانی بێگانه ئه‌به‌ن بۆ مانه‌وه و خۆسه‌پاندن به سه‌ریانا.
ئۆلیگارشی چۆن درێژه به ژیانی ئه‌دا؟
به کۆمه‌ڵێک رێگه درێژه به ژیانی ئه‌دا، له‌وانه:
1.به‌کارهێنانی توندوتیژی‌ی له راده به‌ده‌ر. به نیازی تێکشکاندنی یه‌کجاره‌کی ناڕه‌زایی کۆمه‌ڵایه‌تی.
2. گردکردنه‌وه‌ی پاره و سه‌رچاوه‌کانی زانیاری و پێوه‌ندی، له ده‌ستی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتا.
3.به‌کارهێنانی به‌رتیل، خزمخزمێنه و کڕینی وه‌لا و ویژدان، بۆ به‌هێزکردنی نفوزی "سه‌رکرده‌ی مێژویی".
4.خۆ رێکخستن به شێوه‌ی که‌له‌شه‌کری (هرمی): "سه‌رکرده‌ی مێژویی" له سه‌ری سه‌ره‌وه، خه‌ڵک له خواری خواره‌وه.
5.به دواکه‌وتویی هێشتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ له هه‌مو رویه‌که‌وه. کۆمه‌ڵی دواکه‌وتو ئاسان کۆنترۆڵ ئه‌کرێ، تاقمێ ئه توانێ بۆ ماوه‌ی درێژ، حوکمڕانی‌ی بکا.
6.به‌ش به‌شکردن و تێکدانی یه‌کڕیزیی کۆمه‌ڵ به‌ناوی دین و مه‌زه‌ب و خێڵ و عه‌شیره‌ت و گروپی ئه‌تنی و کلتوریی جیاوازه‌وه. به مه‌به‌ستی پارچه پارچه‌کردنی، بۆ ئاسان کۆنترۆڵکردنی.
7.به‌رتیلدان به کۆمه‌ڵ. ئه‌م رێگه‌یه تایبه‌ته به ئۆلیگارشی‌ی نه‌وت. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئابوری پشتگوێ ئه‌خا به‌ڵام به به‌خشینه‌وه‌ی ره‌یعی نه‌وت به ئاره‌زوی خۆی، خه‌ڵک ده‌مکوت و ده‌سه‌مۆ ئه‌کا.
8.خۆنمایش کردن وه‌کو نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یی یان کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مو کۆمه‌ڵ. به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی بریقه‌دار بۆ چه‌واشه‌کردن نه‌ک بۆ جێبه‌جێکردن.
9. موماره‌سه‌کردنی رواڵه‌تی‌ی دیارده دیمۆکراسی‌یه‌کان. وه‌کو، هه‌ڵبژاردنی رواڵه‌تی، پارله‌مانی رواڵه‌تی، موئه‌سه‌ساتی رواڵه‌تی، ئازادیی رواڵه‌تی و ...هتد.
10 دروستکردنی چینێکی مشه‌خۆری ئیمتیازخۆری بێ به‌هره و ئاوه‌ز. وه سپاردنی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌مو جومگه‌کانی حوکمڕانی‌ی پێ‌ی. بۆ ئه‌وه‌ی بیکا به په‌رژینی پاراستنی کورسی‌یه‌که‌ی و به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌کانی.
بۆرجوازی‌ی مشه‌خۆر (کۆمپرادۆر):
به‌و چینه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه ئه وترێ که، سامانه‌که‌ی له‌ڕێگه‌ی هێزی بازو، ئاوه‌ز، کاروکاسپی یا به‌گه‌ڕخستنی ده‌سمایه‌ی شه‌رعی و سه‌رچاوه دیاره‌وه، په‌یا ناکا. له رێگه‌ی تره‌وه ده‌ستی ئه که‌وێ. به ره‌نجی کۆمه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ن ئه بێ، هه‌ر بۆیه پێ‌ی ئه وترێ "مشه‌خۆر: گفیلی".
ئه‌م چینه ناتوانێ رۆڵ ببینێ له بوژاندنه‌وه‌ی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا، چونکه سه‌رمایه‌که‌ی له بواری بازرگانی و ئه‌و سێکته‌ره ئابوری‌یانه دا به‌کار ئه‌هێنێ که به‌خێرا ترین کات زۆر ترین قازانجی ده‌س ئه‌خا. له‌به‌ر ئه‌وه چینێکی نا نیشتمانی‌یه، دڵی به وڵات و ئابوری‌ی وڵات ناسوتێ. گرنگ لای، زۆر بونی پاره‌کانێتی. به هه‌ر رێگه و ئامرازێک یش بێ، باکی نیه.
پرسیارم له خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته:
له ناو حوکمڕانه‌کانی هه‌رێمی کوردستانا هه‌ست به بونی ئه‌م چین و توێژ و گروپانه ئه که‌ن؟
کۆکتێل بۆ نه‌خۆشی‌ی ده‌رونی‌ی تاک و کۆی کۆمه‌ڵ یا بۆ خواردنه‌وه کحولی‌یه‌کان، پێکهاته‌یه‌کی خه‌ته‌ره. ئه‌بێ کۆکتێلی حوکمڕانه‌کانی کورد چه‌ن خه‌ته‌ر تر بێ؟