دەستكەوتەكانی شیعە

هەندرێن شێخ راغب

لەكابینەكەی عادل عبدالمهدی، خۆپیشاندانەكان بەجۆرێك چڕ بوونەوە، شەقامی سیاسی عێراقی باسیان لەوە دەكرد كە حوكمڕانی شیعەكان بەرەو كۆتاییە. دواجار كابینەكەی عادل كەوت. شیعەكان بە تونێلێكی هێجگار تاریكدا دەڕۆیشتن. مانەوەیان لە دەسەڵات كەوتبووە لێژی. دواجار دەرچەی دەرچونیان لەم تونێلە، پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو؟ راستە ئاڵنگاریەكی زۆر سەخت و گەورە بوو.

بەڵام شیعەكان سەركەوتن. بەم جۆرە:

1-شیعەكان لە حوكم مانەوە، خۆپیشاندان و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوانی ئاوت نەكرد. هێزی دیكە نەهاتنە پێشەوە.
2-توركیاو ئێران براوە نەبوون. گروپە شیعەكانی عێراق براوەبوون. ئێستا بڕێكی زۆر لە بێ منەتی هەیە لە توركیا‌و ئێران. 
3-ئەوەی كابینە دروست دەكات گروپە شیعەكانن.
4-زۆرینەی پەرلەمانی هەر شیعەكانن.
5-ئەوەی خێری بڕە پارەیەكی مانگانە بە كورد دەكات، هەر دەسەڵاتداری شیعەكانن.
6-سەنتەری پێكهێنانی حكومەت، ماڵی كوردی و ماڵی سونی نیە، ماڵی شیعەیە.
7-شەقامی خۆپیشاندانەكانی عێراقیان ئیحتیوا كرد.
8-هێزە شەڕەكەرەكانی ئەمریكا كشانەوەو ئیدی حەشدی شەعبی و گروپەكانیان خۆیان گیڤ دەكەنەوە.
9- توانیان ئیدارەی هەڵبژاردن بەسەركەوتویی بدەن.
10- ئاسایشی هەڵبژاردنیان پاراست و پاكی و سەركەوتنی هەڵبژاردنەكەیان كردە دەستكەوت.
11- گروپە دۆڕاوەكانیان هاتنە سەر شەقام، بەڵام باری ناوخۆی وڵات و بەغدایان پاراست و هەمویان پێكەوە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیان پەسەند كرد.
12- ئەوەی قسەی كۆتایی لەسەر پێكهێنانی حكومەت دەكات، شیعەكانن. 
13-بڕێكی باش لە رەخنەی كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەسەر حوكمڕانیان، بە سەركەوتنی هەڵبژاردنەكە وەڵامیان دایەوە.
زۆری وردەكاری تر؟؟. 
كورد حوكمڕانیەكەی پڕە لە كێشە، ماڵی پەرتەوازەیە..كورد بە دەستكەوتەوە ناچێتە بەغدا، بەڵكو بە داواكاریەوە دەچێت، ئەمەش زۆری فەرقە..
سونە تاوەكو ئێستا شەڕی پۆستی سیادی دەكەن، نەك وەرەقەیەكی بەهێزی یەكگرتوو، ئەوانیش داواكاریان هەیە، نەك هێز، بەڵام زۆر لە رابردووش باشترن. 
ئەوەی مەترسی لەسەرە كوردە؟ كورد پەرتەوازەیە..قەیرانی دارایی و موچەی هەیە. گرفتەكانی ناوخۆی قورسن. ئەگەر نەخشەی سیاسی بەم شێوەیە بێت، گەش بین نیم. بەكورتی كورد چوار ساڵی سەختی لەبەردەمە لە بەغدا.

30/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر