پلاسخارت و حەسەن خەیری

هەندرێن شێخ راغب
پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ كاروباری عێراق، ماوەیەكە بەجدی و راشكاوی و بێ پەردە قسە لەسەر مەترسیەكانی سەر هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتدارانی كورد دەكات و قەیران و شكستەكانی هەرێمی كوردستانی بردە ناو ئەنجومەنی ئاسایش.
لەدوای روخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌و دروست بوونی جمهوریەت لە توركیا بە سەركردایەتی كەمال ئەتاتورك، حەسەن خەیری یەكێك لە كەسایەتیە كوردە كاریگەرەكانی نزیك لە كەمال ئەتاتورك بوو، رۆڵی حەسەن ئەوەبوو كورد كیانی سەربەخۆی خۆی نەبێت و لەناو توركیا بمێنێتەوەو بۆ ئەم مەبەستە كەمال ئەتاتورك دەیان بەڵێن و موژدەی پێدابوو، بەڵام كاتێك كۆماری نوێی توركیا دروست بوو(جمهوریەت) نەك بەڵێنەكانیان بەرامبەر كورد جێبەجێ نەكرد، بەڵكو زمان و جلوبەرگ و كولتورو شوێن و هەبونی كوردیشیان قەدەغەكردو دەستیان بە كۆمەڵكوژی كورد كرد. بۆیە حەسەن خەیری وەسیەتی كرد گوتی: ئەگەر مردم گۆڕەكەم لەسەر رێگای كوردان بێت و وەسیەت بێت هەر كوردێك بەلای گۆڕەكەمدا رۆیشت تف بارانم بكات. وەسیەت بێت تف بكەن لە گۆڕەكەم كە بومە هۆی ئەوەی كورد تێكەڵ بە توركیا بكرێتەوەو مافە نەتەوەییەكانی خۆی وەچنگ نەخات. 
پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ كاروباری عێراق، وەك دۆستێكی راستەقینە خەریكی گریاندنی كوردە، ئەو ژنە دژی حەسەن خەیریەكانی كوردە، دژی ئەوەیە بە بەڵێن و موژدەكانی دەرەكی وەك زەمانی صەفەوی و عوسمانی مەست بین و دواییش كۆمەڵكوژمان بكەن. پلاسخارت وەك دایكێكی دڵسۆز لە شێوەی دانیال میتران خەریكی هۆشیاركردنەوەی كوردەو پێمان دەڵێت ئەوە مەترسی‌و كێشەكانی ئێوەیەو دەبێت وریا بن، هاوكاریمان دەكات تاوەكو بەر پێی خۆمان ببینین. قسەكانی ئەو فشارن بۆ ئەوەی باشتر بین و لەناو كێشەكانی خۆمان نقوم نەبین و نەمرین. پلاسخارت دڵسۆزانە لە شكستەكانمان ئاگادارمان دەكاتەوە. ئەو دبلۆماتێكە تاوەكو ئێستا بێ ترس و بێ پەردە لەسەر داهاتووی هەرێمەكەمان قسە دەكات و نەخشە رێگای چارەسەری دەخاتە بەردەممان. 
با رێز لەم ماندووبونەی بگرین و پێی بزانین، پلاسخارت دژی كورد نیە، دەمانگریێنێ تاوەكو نەكەوینە چاڵەوەو لەوێدا بخنكێین.

26/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر