سەردەمی بچووك بوونەوە

هەندرێن شێخ راغب

ئەو كڵاوێكی لە شێوەی كڵاوەكەی تۆڵستۆی كڕی، بەڵام سەرێكی وەك سەری تۆڵستۆی لە كوێ بكرێ؟ رۆمانی" داغستانی من" رەسوڵ حەمزەتۆف. 

لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤەكان بە یەكسانی لەدایك دەبن كەواتە كۆیلایەتی دژی سروشتی مرۆڤە. " مۆنتسكیۆ". 
هیچ سەردەمێك وەك ئێستا مرۆڤی ئێمە لەبەردەم هەڵاتن لە قەزیەو نائومێدی وادا نەبووە، ئەو كەسانەی لەیەك كاتدا شەڕی بە بەعسی كردنی كۆمەڵگاو چینایەتی و وشیاری مەدەنی كۆمەڵی كوردەواریان دەكرد، ئێستا قەزیەی جددی ئەوەیە لەنۆبەی بەنزینخانەیەكدا بەنزینی دەستكەوێت؟ لە نۆبەی كڕینی دیوانی نالی و كتێبەكانی كەمال مەزهەرو مەلا عەبدول كەریمی مودەریس، هاتوینە سەر ئەوەی گوێ لە كەسانێكی ناو تیك تۆك دەگرین كە بەتاڵ و حەتاڵ و بێ فكرو مۆڕاڵ و جنێوفرۆشن؟ لەدواهەمین ریزبەندی زانكۆكانی جیهان، زانكۆكانی كوردستان پلەی زانستیان زۆر هاتونەتەخوار، ئەمە كارەساتێكی هێجگار قوڵ و مەترسیدارە كە دەبوو ئەم هەواڵە شەقامی سیاسی و  رۆشنبیری هەژاندبا..بچوك بونەوە بۆ پۆست و ئیمیتیازو نانێكی رۆژانە، بۆتە نەریت و دیاردەو زۆر كەسی خاوەن پێگە دەبینی چۆك بۆ هەندێك داواكاری دادەدات، مرۆڤ لە دڵەوە غەمگین دەبێت. 

لەبری گەشەكردنی فكری سیاسی و مەعریفی، حزبە كوردیەكان بەدەست دەستەبەندی و شەخسەنەكردنی حزب و ململانێی بچوكی رۆژانەو شەڕی بێ فكرو بێ ئاست گیرۆدەن و بۆتە كاری ئۆرگانەكان. نوخبەی سیاسی و حزبی كوردی لەبری ئەوەی نەوەیەكی تازەی گەشەكردوی سیاسی و فكری و خاوەن قەزیەی جددی دروست بكات، خەریكی بێ ئاست ترین و خراپترین جۆری ململانێی شەخسی و جنێوودان و شەڕە تیك تۆك و فەیسبوكە.
 بازرگانی نیشتمانی نەك هەر نەماوە، بەڵكو بازرگانی و كاری سەرمایەداری نیشتمانی بە جۆرێك ئاستی دابەزیوە خودی ئەم سەرمایەدارە سروشتیانە، پێیان عەیبە بڵێن دەوڵەمەندین خاوەن پڕۆژەی بازرگانین..كایەی دینی و گوتاری دینیش لەم شەڕە جنێوو موهاتەرات و ئاست نزمیە بەدەر نیەو تەنانەت گوتاری دینی وەك شێخ محمدی خاڵ و مودەڕیس و جزیری نەك وجودی نیە، بەڵكو شەڕە جنێوی بەشێك لە وتاربێژانی ئاینی پڕی ناو تیك تۆك و فەیسبوكە. 

لەئاستی كۆمەڵایەتی شەڕە جنێوو بەرەباب و عەشیرەت و هۆزگەری هەرگیز بەم رادەیە بێ ئاست و پاشاگەردان نەبووە، هەر كەسەو لای خۆیەوە كوێخایەكە؟ لەكاتێكدا كوردەواری خۆمان خاوەنی دابونەریت و عورف و رێگاوجێگای خۆیەتی. كوشتن و یەكتر ناشیرین كردن و پەلاماردانی كەسایەتی بۆتە دیاردەیەكی زۆر ئاسایی. 

وێڕای ئەوە هەوڵی باش و رێكوپێك هەیە، هەندێ جار دادگاكان و كەسانی مەدەنی و رۆشنبیری كاری زۆر باش دەكەن، بەلام بە گشتی دیاردەكە زۆر گەورەیەوتەنها ئەم هەوڵانە بەس نین..

ئەم دۆخی بێ قەزیەبوونی مرۆڤ و بچوك بونەوەی بۆ ناو حەوشەی ماڵەكەی و نەبینینی دنیاو گۆڕانكاریەكان وپێشكەوتنەكان، دوو رەهەندی هەیە، یەكەم جیهانیە، دووەم ناوچەییە..لەئاستی جیهان شەپۆلێكی گەورەی بچوك بوونەوەی ئینسان و نەمانی فكرو ئایدیاو قەزیە هەیە، ئێمەش لە كاریگەریەكانی بێبەش نین..كە سۆسیال میدیا رۆڵێكی كوشندە لەم بارەیەوە دەبینێت. لە ئاستی ناوچەییش بەهەمان شێوە كاریگەریمان لەسەرە، بەڵام هاوڵاتیان و دەسەڵات و حوكمڕانان دەتوانن كاری باش بكەن و بەشێكی زۆری ئەم بابەتە راست بكەنەوە، ئەمە بە دەزگای پۆلیسی و ئەمنی ناكرێت، بە تێهەڵدان و زیندان ناكرێت، ئەمە پەروەردەو ئاراستەو پڕۆگرام و سیاسەتی دەوێت. كە تاكی ئێمە لەگەڵ پەروەردەیەكی خاوەن قەزیەو ئیرادەو رۆشنبیری و مەدەنی ئاشت بكاتەوە. مرۆڤی بچوك خەریكی شەڕی بەرژەوەندی بچوكەو توانای گۆڕانكاری نیە لە ژیانی چەق بەستووی خۆی و ناتوانێت سەرەتایەكی جیاوازو تازە لە ژیانی خۆیدا دەست پێ بكات ..وەلێ ئازادیخوازی و پێشكەوتن و مەدەنیەت و شەڕی ناشیرینەكان قەزیەی مرۆڤی گەورەیە. 
من رەش بین نیم، بەڵام " شكسپیر" دەڵێ: 
بەهای سەربەخۆیی مرۆڤ لە مێشكی سەربەخۆدایە.

20/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر