كوردستانی عێراق لەبەردەم گۆڕانكاریەكی قوڵدا

هەندرێن شێخ راغب

ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا رۆژی 21ی ئابی 2020 دۆزینەوەی گەورەترین كێڵگەی غازی لە دەریای ڕەشدا راگەیاند كە 320 ملیار مەتر دووجا غازی سروشتی تێدایە. ئەمە هەواڵێكی سادە نیە، پڕیەتی لە ئەگەر‌و بیروبۆچونی تازەو جیاواز لەسەر ناوەوەی توركیا‌و دەرەوەی توركیا. وە هەواڵێكی دڵخۆشكەرو گرنگیشە بۆ كورد؟ 

لەوەتەی دەوڵەتی توركیا دامەزراوە، گیرۆدەی وزەیە، سەرچاوەی نەوت‌و غازی سروشتی نیە، كێشەی قوڵی توركیا وزە بووە، بۆیە لەگەڵ هەر چوار دەوری خۆی بەردەوام تەنگوچەڵەمەو پتەپتی بوو..بەربینگی ئەم دەوڵەت‌و ئەم دەوڵەت دەگرێت لەسەر قەیرانی وزە، كە بەڕاستی كێشەی بنەڕەتی ئەمنی قەومی توركیا بووە. ئێستا توركیا خەریكی گەڕان‌و دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەیە ئەوەتا بڕی 320 ملیار مەتر دووجا غازی سروشتی دۆزیوەتەوە.. لێرەوە زۆر پرسیار دێنە گۆڕێ؟ ئایا سیاسەتی توركیا بەرامبەر كەركوك دەگۆڕێت، چونكە توركیا نەوت‌و غازی كەركوكی بە موڵكی خۆی زانیوە، زۆر دژی كورد بووە لەسەر پرسی كەركوك، كۆسپ‌و تەگەرەی بەردەم كورد بووە لەعێراق بەهۆی كەركوك‌و نەوت‌و غازەكەیەوە، توركەكان بە بۆنە‌و بێ بۆنە دەیانگوت كەركوك شارێكی توركیایە.. ئێستا توركیا كە خۆی ببێتە خاوەنی نەوت و غازی سروشتی، ئایا ئەم هەستیاری‌و حاجەت‌و موڵكەی دەوێت؟ ئایا گۆڕانكاری بەرامبەر كوردی عێراق دەكات لە سیاسەتی ستراتیژی خۆی؟ ئایا رازی دەبێت كەركوك شارێكی ناو چوارچێوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بێت لە دوارۆژدا..ئێستا كە خۆی خاوەنی نەوت‌و غاز بێت، ئیدی چ بیانویەكی بۆ دەمێنێتەوە دژایەتی كوردی عێراق بكات؟ لەكاتێكدا وەك جەمسەرێكی گەورەی سونە كێشەی زۆر قوڵی لەگەڵ عێراقی شیعە هەیە‌و دەترسێت شیعەكان بگەنە سەر سنوری بۆیە كیانی سونەی كورد دراوسێ بێت، ئەهوەنترە لەروی پێگەی جیۆسیاسی توركیاوە؟؟. بەڵام هێشتا دوو دۆسیە ماون؟؟.. یەكێكیان بوونی پەكەكە لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان..دووەمیان كاریگەری كیانی كوردی لەسەر بیست ملیۆن كوردەكەی ناو دەوڵەتی توركیا، كە خۆمان دەزانین گەورەترین پارچەی كوردستان لە چوارچێوەی توركیایە..بۆیە ئەگەر ئەم ناكۆكی‌و دوژمنایەتیەشی بمێنێت، ئەوا لانی كەم تەماع‌و دوژمنایەتی وزەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان‌و كەركوك نامێنێت، واتە بەشێكی گرنگی ناكۆكی قوڵی تورك‌و كوردی عێراق چارەسەر دەبێت. بەڵام ئایا توركەكان وا بیردەكەنەوە؟ ئەمە پرسیارێكە لەداهاتوو وەڵامەكەی لای توركیا خۆیەتی..بە بۆچونی من گرنگە دوای ئەوەی توركیا دەبێتە خاوەنی وزە، بیر لەوە نەكاتەوە هەر تەنها چەك‌و چۆڵی سوپای پێ بەهێزبكات، بەڵكو خۆشگوزەرانی، ئاوەدانی، هەلی كار، بەهێزكردنی پرۆسەی سیاسی‌و دیموكراسی ئەولەویەتی پارەی وزەكەی بێت. ئەگەر ئەوە نەكات ئەزمونی فەنزوێلا، ئەزمونی لیبیا، ئەزمونی عێراق، ئەزمونی یەمەن بەشێوەی دیكە لەناو دەوڵەتی توركیا دووبارە دەبێتەوە، ئەوكاتەش وزەكەیان وەك ئەوەی ئێمە دەبێتە میحنەت‌و داغیان دەكات. 

بەهۆی دۆزینەوەی وزەو نەوت‌و غاز، نابێت توركیا غرور بیگرێت، وا هەست بكات هێزێكی زۆری پەیدا كردووە، چونكە هەموو ئەوانەی توركیا سیاسەتیان لەگەڵ دەكات‌و ركابەریان لەگەڵ دەكات، لە توركیا زیاتر خاوەنی وزەن‌و دەهێندەو سەد هێندە وزەیان هەیە، هەر بۆ نمونە عێراق‌و ئێران سەد بەرامبەر خاوەنی وزەن، بۆیە چەكی وزە بەدەست توركیاوە هەر لەسەرەتاوە ئەم كاریگەریەی نیە، بەڵام بەنسبەت كێشەی كورد لام وایە جێگای بایەخە، كە دەبێت كورد ورد مامەڵە بكات. هەم لە باكورو هەم لە باشورو رۆژئاوا، بەشێكی زۆر سەرەكی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەوەبوو دەستی كورد نەگاتە وزەی سوریا، هەمیش خۆی دەست بگرێت بەسەر وزەی سوریا. ئایا كوردستانی سوریا‌و عێراق دوای دۆزینەوەی وزە لەلایەن توركیاوە لە سیاسەتی بنەڕەتی توركیا دەگۆڕێن. یان توركەكان عەقڵیەتی نەژادی‌و دژە كورد‌و مافە رەواكانی گەلی كورد فڕێ نادەن‌و زیاتر مكوڕ دەبن لەسەر نەژادپەرستیان..پێویستە بە باری باشەكە هاوكاری بیركردنەوەو سیاسەتی توركیا بێت، كە ناوچەكەو توركیا‌و كورد قازانجی لێ دەكەن. ئەگینا ئەزمونی وزەی توركیاش گەڕێكی دیكەی ئاریشە‌و ئاژاوە دەبێت لەناو ئەم گەلە بەشمەینەتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. كە یۆنان‌و میصرو كورد‌و ئێران‌و سوریاو توركیا‌و ئیسرائیل‌و سعودیەو عێراق دەخاتە ناو ململانێیەكی دیكەی پڕ رق‌و نەژادی‌و رەتكردنەوەو دوژمنایەتی..هیوا دەخوازین توركیا ئەزمونی قوڵی لە سیاسەتی وزەو نەوت‌و غازی سەد ساڵەی دەوڵەتەكانی ناوچەكە وەرگرتبێت. بەڵام هەرگیز كورد نابێت كەم سەیری ئەم وەرچەرخانە بكات، ئەمە زۆر پەیوەستە بە كێشەی كوردەوە.


22/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر