تەمەن درێژکردنەوە یاخود پێچەوانەکەی!

چیا عەباس

خوالێخۆشبو جۆرج حەبەش سەرکردەیەکی ناوداری فەلەستینیەکان دەڵێت:" بەرگریکردن لە پرسێکی دۆراو ژیانی بەبەردا ناکاتەوە بەڵکو هاش و هوشی مردنەکەی زیاتر دەکات".

رێز و پێزانینم هەیە بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی هەوڵی جدی دەدەن بۆ پێشکەشکردنی نمونەیەکی جوان و دروستی ژیانی پەرلەمانی، ئەم باسەم لەسەر کۆی گشتی پرۆسەکەیە.

ماوەیەکە لە پشت گەلێک نیەتی جیاجیاوە هەرایەکی سیاسی و راگەیاندن دەربارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەرپابوە.
بۆ خۆم لە زەمینە و هاندەرەکانی پشت هەرای هێزەکانی حوکمرانی ودەسەڵات تێدەگەم کە مەبەستی سەرەکیان دواخستنی هەڵبژاردنەکانە پاش ئەو شکستە زەقە کەمەرشكینەرەی لە هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دروێنەیان کرد، لەو ساتەوەش کارێکی ئەوتۆیان نەکردوە تا لە ئاسۆدا گەرانەوەی متمانەی خەڵک پێیان بەدیبکەن، بێگومان ئەم راستیە زیاتر پر بەپێستی یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕانە وەک لەوەی پارتی.

ئەم هێزانە و ئەوانەشی لە پەرلەمان خۆیان بە ئۆپزسیۆن دەزانن پەرلەمان وەک دەمامکێکی پرۆڤەکراو پر بە نیەت و روخساریان بۆ شەرعیەتدان بە هەمو کار و کردار و هەڵوێست و رەفتاری باشو خراپیان بەکاردەهێنن، چونکە ئەم پەرڵەمانە سەلماندویەتی بەرێکردنی ئەرکەکانی حوجرەیەکی حزبیە. وەک مەکینە یاسا و رێسا بەبەرگی خۆیاندا دەدرون و هەر خۆشیان یەکەم تەرەفن بۆ شکاندن و بێ بەهاکردنیان.

ئەم پەرڵەمانەمان بزێو و ئومێد و ژیانبەخش نیە، جا بۆ سەد ساڵی تریش هەوڵ بدەن ناتوانن بۆ چرکەیەکیش ژیان و رۆحی زیندو لە بونیادیا بهروژێنن.ئەم پەرلەمانەمان نە پێوەرە بۆ دیموکراسی و نە بۆ ئیرادەی راستەقینەی میللەت، ئارایشتگایەکە بۆ ئەوانەی سەرسامن بە بریقە و هاشوهوش و ئاڵاو واڵا و رەنگ و دەنگەکانی ئەم شانۆگەریە بێتامە.

کورد لە باشور بەم پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کڵتوریەی ئێستای و لە دۆخی ئاڵۆز و دژواری عێراق و ناوچەکە و گەمەی زلهێزەکان ناتوانێت نمونەیەکی دیموکراسی بچێک سەرکەوتو و ئومێدبەخش بهێنێتە سەر رێرەوێکی دروست، ئەوەی ئێستا لەو بوارەدا دەیکات لە بنەرەتدا ئارایشتەکردنی دروشمە پوچەلەکانی زلهێزەکانی دنیایە زۆر تایبەت ئەمریکا و بەریتانیا کە لە سایەیدا و بەو پاساوە مەبەستیانە جۆرێک لە شەرعیەت بە رۆڵیان لە عیراق و ناوچەکە بە ناوخۆی خۆیان و دنیا بفرۆشنەوە، تایبەت هەرێمی کوردستان تا ئەم چرکەیەش باشترین ئارامگەی ئەو زلهێزانەیە و بۆتە سەنتەرێکی هەستیاری هێزە دژ بەیەکەکانی ناوچەکە.

بۆ قورتاربون لە ئاڵۆزی و ئەم فرە هێزو و خواست و داوانەی ئێستا زۆر باشتر و گونجاوترە کورد لە باشور ئەنجومەنێکی باڵای سەرۆکایەتی دروستبکات و کەسایەتیەکی پاک و دادپەروەر و بەتوانا ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە و ئەنجومەنەکەش خاوەن متمانەی خەڵک و دەسەڵات و بریاردان بێت. تۆ بڵێیت بە کارێکی لەوجۆرە ببینە دژە دیموکراسی لە ساتێکدا ئەم ئەزمونەی خۆمان پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردنی لەکەدار و لەرزۆک کردوە و بەلایەنی کەمەوە لە بەرچاوی زۆرینەی زۆری هاوڵاتیانی هەرێم بۆتە مایەی بێئومێدی و رەشبینی.

ئەوەی گرنگە چۆن فەرمانرەواییەکی بەپێز و دروست و چەسپاو و جێگیر و راستگۆی نەتەوەکەمان بکەین نەک دوای هەڵلاو و هەرا و خواست و پلانی ئەم و ئەو بکەوین

رۆتەردام: ٨ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٢ 



10/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر