لە چەمەکەی دەربەندەوە بۆ دانوبی شین

چیا عەباس
چیرۆکێک لە مێژودا

شوین و کات: دەربەندی رایات، بارەگای یەکێتی قوتابیانی کوردستان، شۆرشی ئەیلول، مانگێ مارچی ١٩٧٤.لەو ساتانەدا ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوم و بارەگای رێکخراوەکەمان لە سەر چەمەکەی دەربەندی رایات لەسەر رێگای هامیڵتۆن لە ناوجەرگەی سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلول بو.

لە رێگەی هاورێیانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا پەیامێکمان پێگەیشت کە کۆنگرەی گشتی یەکێتی گشتی خوێندکارانی جیهان مانگی ئەپریڵ لە بودابستی پایتەختی هەنگاریا بەرێوە دەچێت و گەر بمانەوێت دەتوانین لە سایەی شاندی ئەوان لە کۆنگرەکە بەشداربین.

بریار درا خوالێخۆشبو عادل مراد و بەندە بەشدار بین، لە دەربەندی رایاتەوە بەرێکەوتین بەرەو تاران، بە کارئاسانی نوێنەرایەتی شۆرشی ئەیلول لە تاران و دەزگا ئێرانیەکان بەرەو بەیروت بەرێکەوتین. کارتی خۆم لە کۆنگرەکەدا هەڵم گرتوە.

لە بەیروت خوالێخۆشبو عەزیز شێخ رەزا، نوێنەری شۆرشی ئەیلول، و چەند تێکۆشەرێکی تر رێنماییان کردین و کارئاسانیان بۆ کردین.
لە ئۆفیسێکی پۆستی بەیروت و لە کۆنترۆڵێکی ئاساییدا عادل موراد بە چەکەوە گیرا، ئەویان برد و هیچیان لە من نەکرد. بەپەلە گەرامەوە بۆ لای کاک عەزیز و روداوەکەم بۆ گێرایەوە، پێی باشبو بۆ چەند شەوێک لە شوقەکەی ئەو بمێنمەوە و نەگەرێمەوە بۆ هوتێل، منیش گوێرایەڵی رێنماییەکەیم کرد.

پاش دو رۆژ کاک عەزیز پێی گوتم باشترە خۆم تەسلیمی پۆلیس بکەم چونکە کاک عادل لە ئیفادەکەیدا گوتویەتی کە دەمانچەکەی لە کەسێکی نەناسراو کریوە بە نرخێکی هەرزان و من تەنها شاهیدی ئەو روداوەم.

بۆیە گەرامەوە بۆ هوتێلەکە، لە هۆڵەکەدا ژمارەیەک پۆلیس و چەند کەسێکیش بە چاکەت و پانتۆڵی رەشەوە وەستابون. کە منیان بینی دو کەس لێیان هات بەرەو روم، یەکێکیان گوتی: دەبێت لە گەڵمان بۆ بنکەی پۆلیس بێیت و چیت لە جل و بەرگ پێویستە برۆ بیهێنە. کە رۆیشتم کەسێک لە گەڵ چەند پیاوێکی تر لە هۆڵەکە دانیشتبون هات بۆ لام و گوتی: من کۆسرەتم و کاک عەزیز ئاگاداری کردوین، چیت دەوێت تا بیکەین ( ئەوە یەکەمجار بو لە ژیانمدا کاک کۆسرەت ببینم کە خولێکی کشتوکاڵی لە بولگاریا جێهێشتبو و بەرەو ناوچە ئازداکراوەکانی شۆرشی ئەیلول لە کوردستان دەرۆیشت). لە وەڵامدا پێمگوت: ئێمە ژمارەیەکی زۆر بەیانمان بە زمانی عەرەبی لێرە چاپکردوە کە دژ بەحکومەتی عێراقە و لای کاک غازی لە دوکانەکەی دامان ناوە، تکایە ئاگاداری بکەن لەوێ لای ببات چونکە کاک عەزیز پێی گوتم پۆلیس ئاگاداری ئەو بەیانەیە. لە وەڵامدا کاک کۆسرەت گوتی خەمت نەبێت. دوای خوا حافیزی پۆلیس زۆر هێمنانە منیان بۆ بنکەیەکی پۆلیس برد.

لە ژوری تەوقیف بەتەنیا دانرام، لە پەرەنجەکەیەوە بینیم لە ژوری بەرامبەرم کاک عادل بو، پێی گوتم لێرە زۆر بەرێزەوە مامەڵە دەکەن و فەرمانبەری لێکۆڵینەوە کورێکی گەنجی مەسیحیە و زۆر نەرم و نیانە. لە لێکۆڵینەوە لە گەڵمدا هەر وادەرچو. کاک کۆسرەتیش ئاگادری کاک غازی کردبو و ئەویش مشوری بەیاننامەکەی خواردبو. پاش لێکۆڵینەوە بردیانین بۆ ژورێکی زیندان کە زۆر پیس و تاریک بو، بۆنی پیسایی و سیسرک و قالۆنچە هەراسانیان دەکردیت. زەلامێکی تریشی لێبو کە چەکدارێکی بزوتنەوەی فەتحی یاسر عەرەفات بو بە پەنجا کلاشینکۆفەوە گیرابو.

ئەو سەردەمە خوێندکاری دوا ساڵی کۆلێژی پزیشکی بوم لە زانکۆی بەغدا و بە هۆی هەڵگیرسانەوەی شەر لە گەڵ حکومەتی عیراق نەمتوانی لە بەغدا بمێنمەوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی یەک بەشی خوێندنەکەم کە نەمکردبو، بانگێشی پاسەوانەکەم کرد و پێم گوت من پزیشکم و برادەرەکەم باری تەندروستی خراپە و پێویستە پزیشکێک بیبینێت، پزیشک هات، کورێکی گەنجی بەرەوشت و دۆستانە بو، پاش خۆناسینمان رەچەتەی نوسی بۆ هەمو ئەو شتانەی پێویست بون بۆ پاککردنەوەی ژوری زیندانەکە.

دوای دو رۆژ ئێمەیان گواستەوە بۆ بنکەیەکی تری پۆلیس و لەوی ئاگادار کراین دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لوبنان جێبهێڵین. کاک عەزیز پێی گوتین:

حکومەتی عیراق بە فەرمی داوای لە لوبنان کردوە ئێوەیان تەسلیم بکات و لە رۆژنامەی النهار ی بەیروت هەواڵەکە بڵاوکرابوەوە. لە درێژەدا خوالێخۆشبوگوتی:

کورەکەی تقی الدین صلح ( سەرۆک وەزیرانی لوبنان بو لەو کاتەدا) سەر بە بەعسی عێراقە و لە پشتی مەسەلەکەیە، هەرچۆنێک بێت لەسەر داوای خودی مەلا مستەفا لە دو سەرکردەی کریستانیەکانی لوبنان ئێوە ئازاد کراون و لێرە برۆن.

پاش سوپاس و وەرگرتنەوەی بەیاننامەکە بەرەو یۆگۆسلاڤیا بەرێکەوتین

(کاک غازی کوردێکی لوبنان، بەداخێکی زۆرەوە بو چەند ساڵێک دواتر لە شەڕیکدا کە هاریکاری فەلەستینیەکانی دەکرد شەهید بو).

گەیشتینە بلگرادی پایتەختی جارانی یۆگۆسلاڤیا و چاومان بە خاتو شیرین. کچی شەهید عیزەت عبدالعزیز بو ( یەکێک لە چوار ئەفسەرەکەی لە ١٩-٦-١٩٤٧ لە سێدارەدران)، کاک عادل و خۆشم دەمان ناسی لە سەردانەکانی بۆ ماڵی باوکی لە بەغدا دەهات بۆ بارەگای یەکێتی قوتابیان، لە بەلگراد لە کۆلێژی پزیشکی دەیخوێند و بەرپرسی کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد بو لە یۆگۆسلاڤیا.رێکەوتین بە شەمەندەفەر بەرەو بودابست بچین، هەرچۆنێک بێت دوای چەند رۆژێک لە بودابست بوین.
شاندی کۆمەڵەی خوێندکاران لە گەڵ شیرین خان پێکهاتبو لە بەرێزان: تارق ئەکراوی، فەرهاد سۆفی، خوالێخۆشبو تەحسین ئەکراوی کە لە بودابست دەژیا، لە گەڵ کاک عادل و بەندە. بەرێزیش ئازاد بامەرنی کە لە بودابست پزیشکی دەخوێند دەیتوانی لە گەڵ شاندەکە بێت.

تێبینی: کاک تارق و شیرین خان دواتر ژیانی هاوسەریان پێکهێنا، کاک تارق باڵیۆزی عیراق بو لە نەمسا، کاک فەرهاد لە پۆڵۆنیا دەژیا و دواتر لە ئەڵمانیا نیشتەجێبو مەخابن هەواڵی نازانم، کاک تەحسین تێکۆشەرێکی دێرین چەند ساڵیک لەمەوبەر وەفاتی کرد، کاک ئازادیش خوێندنی تەواو کرد و لە ئەڵمانیا نیشتەجێبو و لە لیستی یەکێتی بۆ چوار ساڵ ئەندامی خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بو و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی.

کۆمینیستەکانی عێراق

( اتحاد العام لطلبة العالم) رێکخراویکی زۆر گەورەی سەر بە فەلەکی روسیای ئەو سەردەمە بو، بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارە کۆمینستەکانی عێراق بە رێگەی زەمالەکانی پارتی کۆمینیستی عێراق (حزب الشیوعي العراقي) لە هەمو وڵاتانی ئەوروپای سەر بەفەلەکی روسیا دەیانخوێند، بەشێکی بەرچاو لێشیان خویندکاری کورد بون. لەو ساتانەدا جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە کۆمینیستێکی عەرەبی عیراقی بو کە کەسایەتیەکی ناوداربو ( ناوەکەیەم بەتەواوی لەبیر نەماوە ..حافظ .. و دوای روخاندنی سەدام لە خولێکدا وەزیر بو)، پارتی کۆمینیستی عێراق هاوپەیمانیان لە گەڵ سەدام هەبو، بۆیە ئەو بەرپرسە باڵایەیان داوای لە رێکخراوی خوێندکارانی جیهان کردبو عادل مراد و من لە کۆنگرەکە دەرکەن بەبیانوی ئەوەی بەرێگای ئێرانەوە هاتوین و ساواکی ئێرانی کارئاسانی بۆ کردوین، سەرۆکی رێکخراوەکە کە روسی بو پێشنیازەکەی رەتکردبوەوە، سەرەرای ئەم شکستە ئەندامە کۆمینستەکانی عیراق بە کوردەکانیشەوە بەردەوام بون لە دروستکردنی کۆسپ و کێشە بۆمان، تەنانەت بەهات و هاوار دەهاتنە ناو هۆڵی کۆبونەوەکان و بەزمانی عەرەبی و کوردی هاواریان دەکرد: مژدەیەکی خۆش ... ئێستا سوپای عیراق گەمارۆی بارەگای بارزانی داوە و گرتنیان لە سات و ئاندایە.....تاد.

دانوبی شین دوەم درێژترین روبارێکی رەنگینی درێژی ئەوروپایە کە چوار پایتەختی ئەوروپای لە ئامێزی خۆی گرتوە (ڤێنا، براتیسلاڤیا، بودابست و بەلگراد)، تەلاری کۆبونەوەکان و تەلاری کۆماری لەسەر روبارەکە بون. لە یەکێک لە کۆبونەوەکان هاوسەری سلڤادۆر ئەڵێندی، سەرۆک کۆماری شیلی لە ١١ سێپتەمبەری ١٩٧٣ بە کودەتایەکی سەربازی و هاریکاری ئەمریکا لابرا و لە دۆخێکی تەم و مژاویدا وەفاتی کرد، هۆرتێنسیا بوسی و کچەکەی وتارێکی پێشکەش کرد، کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد ئەو شەرەفەی بە مندا کە چەپکەگوڵێک لەسەر شانۆکە بە جلی کوردیەوە پێشکەش بەو خانمە رێزدارە بکەم، کۆمینستەکانی عێراق بەما چاویان چوە پشت سەریان.

لە ئاهەنگی سەرۆک کۆماری هەنگاریا بۆ بەشداربوانی کۆنگرەکە شیرین خان و بەندە بە جڵی کوردیەوە وێنەمان لە گەڵ سەرۆک کۆمار گرت کە دواتر لە  رۆژنامەکانی هەنگاریا بڵاوکرابوەوە.

روداوەکانی ئەم گەشتە تەنها بەشێک نین لە مێژوی خۆم، ئاوێنەیەکیشە کە تێێدا دۆخی کوردایەتی و ئاڵۆزیەکانی سەردەمەکەی تێدا بەرچاو دەکەون.

سەرەرای هەمو شتێک پەیامەکەی چەمەکەی دەربەندمان ئەمەکانە بە دانوبی شین گەیاند.

10/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر