سەرەتای دروستبونی گۆڕان چەند دەنگۆیەکی ناو بزوتنەوەکە باسیان لە حکومەتی سێبەر دەکرد، لە غیابی ئیرادە بۆ کارێکی لەو جۆرە هەر زۆر زو خوڵیان بەسەریدا رژاند، بەشێک بو لە ئیفۆریای سەرکەوتنە مەزنەکەی گۆڕان.
بەشێک لە میللەتانی دنیا پەنایان بۆ دروستکردنی حکومەت لە تاراوگە بردوە، لە ئێستادا زیاتر لە دە لەو جۆرە حکومەتە بونیان هەیە، حکومەتی ئیتلافی بێرما، کۆماری ئیتسکێری چێچێنیا، شاهەنشای ئێران و .... تاد.
حکومەت لە تاراوگە ناسنامەیەکی سیاسیە بۆ نوێنەرایەتیکردنی وڵاتێک، کیانێک و لە ناچاریەوە ئەو کارە لە تاراوگە دەکرێت تا ئەو ساتەی دەگونجێت ئەو کارە لە ئەرزی واقیعی وڵات بکرێت. بۆ نمونە حکومەتی هۆڵەندا و بەلجیکا لە لەندەن لەکاتی جەنگی دوەمی جیهان.
هەرچەندە یاسا و میساق و پرۆتۆکۆڵە نێودەولەتیەکان پرسی حکومەت لە تاراوگەیان بە رونی یەکلایی نەکردۆتەوە، بەڵام لە زۆربەیاندا راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئاماژە بەو پرسە کراوە.
لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان برگەی ٥٢ لە بەشی هەشتەم دەربارەی رێکخراوە هەرێمیەکان هاتوە: لەم میساقەدا هیچ شتێک نیە رێگری بکات لە رێکخراو و یاخود نوێنەرایەتی هەرێمی کە کار بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشینێودەوڵەتی بکەن بە مەرجێک چالاکیەکانیان لە گەڵ ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتوکان یەک بگرنەوە.
پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش هانی چارەی ئاشتیانەی ئەو ناکۆکیانە بدات بە رێگای رێکخراو یاخود نوێنەرایەتیە هەرێمیەکان.
دەربارەی کەمایەتیەکان چەندین لێکدانەوەی جیاواز هەن، لە پێناسەی(مەوسوعە) ئەمریکیدا هاتوە: کەمایەتی ئەو گروپانەن کە پێگەی کۆمەڵایاتیان لە ناو کۆمەڵگا کەمتر و لاوازترە لەوانەی دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵگادا گرتوە، توانا و دەسەڵاتی کەمتریان هەیە و پراکتیزەکردنی مافەکانیان زۆر کەمتر و سنوردارترە بە بەراوردکردن بە گروپە دەسەڵاتدارەکان.
پێوەری سەرەکی بۆ کەمایەتیەکان لە دەرەوەی وڵاتەکانیان رەگەزنامەیە کە جیاوازی نێوان کەمایەتی و بیانی دیاری دەکات، چونکە لە کەمایەتیەکاندا کەسانێک هەن کە رەگەزنامەی وڵاتی نیشتەجێبونیان هەیە بەپێچەوانەی بیانی کە بونیان لە وڵاتەکە کاتیەبۆ مەبەستەکانی گەشتیاری، بازرگانی، کارکردن یاخود خوێندن.
رەوەندی کوردی لە سەردەمی شەری ناوخۆەوە بە رێژەیەکی گەورە زیادی کردوە، تا سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی پێشو ژمارەی کوردی باشور لە هۆڵەندا لە چەند هەزار کەس زیاتر نەبو، دواتر بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی هۆڵەندا لە ٢٠٠٣-٢٠٠٤ ژمارەی کوردی باشور نزیکەی ٤٥.٠٠٠ کەس بو، لەو باوەرەدام لە وڵاتەکانی تریش کەم یاخود زۆر بەو رێژەیە ژمارەکە زیادی کردوە. نەوەی دوەمی کوردی باشور لە ماوەی دوا بیست ساڵدا تا رادەیەکی بەرچاو بەباشی خۆی گونجاندوە و خاوەن بروانامە و پسپۆری و شارەزایی باشن لە زۆربەی بوارەکانی زمان، ئیدارە، راگەیاندن، تەکنۆلۆژیا، پەیوەندی، کۆمەڵایەتی و ... تاد، ئەوەی بە رەوەندەکەوە دیارە پشتگوێخستنیەتی لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە.
لە دەستوری هەمیشەیی عێراق، کە سەرانی کورد جادە بە جادە و گوند بە گوند ریکلامیان بۆ دەکرد، چەسپاوە کە لە باڵێۆزخانەکانی عیراق لە وڵاتەکان بەشی رەوەندی عێراقی دروست بێت.لەم وڵاتەی من لێی نیشتەجێم دوای روخاندنی سەدام دو باڵێۆزی عیراق کورد بون، کەم یاخود زۆر بەدەنگەوەچونیان بۆ رەوەندی کوردی لە ئاستێکی لاوازدا بو، زیاتر سەرقاڵی بەشە حزبیەکەیان لە رەوەندی کوردی بون. بەهەمان شێوەش نوسینگەکانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات بە خەتمی حزبی مۆر و لۆک کراون. پاش زیاتر لە بیست ساڵ نەک تەنها شکستیان هێناوە نوێنەرایەتی نەتەوەیەک بکەن بەڵکو بۆ رەوەندی کوردیش.
ئەو سەردەمەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە بەغدا کوردێکی " گۆڕانخواز"بو بە راسپاردەی کاک نەوشیروان پرسی رەوندی کوردیم لە گەڵ باسکرد، لە وەڵامدا بە دو وشە وەڵامی دامەوە: " پارەمان نیە"، گاڵتەجاریەکی هەرزان بەها.
ساڵانێکە زۆربەی لایەن و گروپە نارازیەکان لە دەسەڵاتی هەرێم بە پەرتەوازەیی و دیدگا کلاسیکیە بەسەرچوەکان کار بۆ گۆرانکاری دەکەن، جا چ بەرێگەی هەڵبژاردن، جوڵاندنی شەقام یاخود کاری توند وتیژی ...!
ماوەیەکە چەند خەمخۆرێکی رەوشی باشوری کوردستان لە وڵات و دەرەوە تاوتوێی پرسی گۆرینی دەسەڵات دەکەن. بەشێک لێیان وەک نەریتە کلاسیکیەکە پەنایان بۆ بەغدا و ولاتانی دراوسێ بردوە، بەشێکی تر خۆی لە سەباتدا مات داوە.
ئەزمونەکانی خۆپیشاندان و توندو تیژێ روخساری دەسەڵاتی زیاتر رەشتتر کردوە، بەڵام دەرئەنجامەکانی لە بازنە داخراەکاندا دەسورێنەوە. پەرڵەمانە حەیاتەکەی کوردستانیش وەک دادە داپیرەی لێهاتوە نوشتە و دوعای دنیای بە سەرجەم پۆشاکیەوە دوریوە.
بیرکردنەو لە شێوازێکی نەرم و یاسایی و بە پشتگیری شەرعیەتی نێودەوڵەتی بۆ گۆرینی دەسەڵات ئەڵتەرنەتیڤێکە شایستەی باسکردن و لێکۆڵینەوەیە.
حکومەتی هەرێم لە دنیای دەرەوە و لە روانگای زۆربەی وڵاتان و دامودەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەسەر دوریانێکی هەستیاردا چەقی بەستوە: دەبێت گۆرانکاری و چاکسازی بکات یاخود رێگا بدات روخسار و نیەت و کارنامەی نوێ هەرێمەکە بەرێوەببات،ئەم سەبرەشیان تا سەر نابێت.
ئێستا دۆخێکی گونجاو لە ئارادایە کە جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتەی هەرێم لە دەرەوەی وڵات سەرهەڵبدات و هێدی هێدی بە کارنامەیەکی گونجاو رێگە خۆش بکرێت ببێتە جێگرەوەی ئەم دەسەڵاتەی ئیستای هەرێم.
چی پێویستە بکرێت؟
پاش سازدانی کۆربەندی نیشتمانی کوردستان، تاوتوێی ئەم پرسە بکات، پاش پەسندکردنی دەستەیەکی بەرێوەبەر بۆ حکومەتەکە دەستنیشان بکرێت لەو کەسایەتیە نیشتمانپەروەرە بێگەرد وپاک و شارەزایانە، بێ جیاوازی ئاین و رەگەز و باوەری سیاسی. ژمارەیان لە ٧-٩ کەسایەتی بێت لە وڵاتە جیاکانی دەرەوەی وڵات، ئەرکە سەرەکیەکانیان بریتی بن لە:
یەکەم: پەیوەندی لە گەڵ وڵاتان و دەزگا و رێکخراوە دەرەکیەکان، بە
باڵێۆزخانەکانی حکومەتی فیدراڵی عیراقیشەوە
دوەم: لۆبیکردن لە پەرڵەمانی وڵاتەکان،
سێیەم: بایەخی جدی بەبواری راگەیاندن،
چوارەم: دروستکردنی پردی پەیوەندیەکان لە گەڵ رەوەندی کوردستانی،
پێنجەم: دارشتنی پرۆتۆکۆڵی کاردن بۆ ئەرکەکانیان،
شەشەم: بیرکردنەوە لە ئەگەری دروستکردنی پەرڵەمانی باشوری کوردستان لە تاراوگە و دارشتنی رەشنوسی ئەم پرۆژەیە.
ئەم ئەرکە ئاسان نابێت، پێویستی بە پشتگیری و بەشداری زۆربەی ئەوانەیە کە لە دەسەڵات نارازین تا هەمو بەیەکەوە کار بۆ گۆرینی دەسەڵاتی هەرێم بکەن، رێگایەک گەر کاری جدی بۆ بکرێت و پسپۆرانی یاسایی و شەرعیەتی نێودەوڵەتی و لۆبیکردن و راگەیاندن و ....تاد توانای خۆیان بخەنە گەر هیوایەکلە ئاسۆی باشوری کوردستان، لەو باوەرەشدام لە کوردستانی گەورەش، سەرهەڵدەدات.