سەرۆک کۆماریی ئەوەندە دەهێنێ؟

ئارێز عەبدولآ
ئەگەر تەنیا بیر لەو پۆستە گرنگەی دەوڵەتی عێراق بکرێتەوە نەنگییەکی گەورەیە کە، پەیوەندیەکانی هەردوو لایەنە سەرەکیەکەی کوردستانی لەسەر تێکبچن، چونکە تێکچوونی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندیی گشتی نییە و پێگەی کوردیش لە بەغدا زۆر بڵاو و لاواز دەکا. 

پارتی پێ لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە دادەگرێ و ڕاستیشە ژمارەی کورسیەکانی لە هی یەکیتی زیاترن، بەڵام هەژموونی دەسەڵات و سیاسی یەکێتی نە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و نە لەسەر ئاستی عێراقیش گاڵتەی پێ ناکرێ، بۆیە پێویست بوو ئەو هەژموون و پێگەیە لەبەرچاو بگیرێ، نەک نادیدە!

کاتێک، یەکێتی داوا دەکات پۆستی سەرۆک کۆماری پێبدرێتەوە لەبەر دوو هۆکارە:

- ساڵانی ڕابردوو لە دەستی خۆیدا بووە.

- بۆ ئەوەی چۆن هەردوو دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت لە دەست پارتین، ئەو پۆستەش لەدەست یەکێتی بێ تا هەردوو هێزەکە بەیەکەوە لە تڕۆپکی دەسەڵات دابن. بەو شێوەیەش تا ڕاددەیەک هاوسەنگی دەمێنێتەوە و پێگەی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە باشتر دەردەکەوێ، بەڵام بۆ بردنەوەی ئەو پۆستە پارتی پشتی لە یەکێتی کرد و ڕوویکردە صەدر و حەلبوسی، کە بەو هەنگاوەش دەرگای چەندین ئەگەری نەخوازراو کەوتە سەر پشت. دیارە هەر لایەنە و ئازادە لەوەی چۆن بیر دەکاتەوە و چۆن بڕیار دەدا، بەڵام هەندێجار بەرژەوەندیی باڵا سنور بۆ هەندێ هەڵوێست و بڕیار دادەنێ.

چوونە ناو بەرەی پێکهێنانی کابینەی زۆرینە، بە هیچ شێوەیە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە، بە تایبەت لەگەڵ هەندێ لایەن کە دیدیان بۆ پڕۆسەی سیاسی، دەستور و پێشمەرگە نا ڕوون و هەڵوێستیان ڕا ڕایە و چاوەڕوانییەکی وایان لێناکرێ، لانی کەم بەڵێنی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) بدەن! 

ڕەنگە کابینەی زۆرینە پێکبێ، بەڵام لێکەوتەکانی ئەو کابینەیە لەسەر ئاییندەی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی زۆر خراپ دەبن. 

ئایا ئەو کات کێ ئۆباڵەکەی هەڵدەگرێ؟

تا ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەرفەتی بیرکردنەوە و بڕیارێکی ڕاستتر ماوە و لەوێ بەدواوە کار لە کار دەترازێ و پەنجە گەزتنەوەش دادنادا.

26/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر