هەر بۆ بیرهێنانەوە..

ئارام رەفعەت
روبەری عەفرین ٢ هەزار کیلۆمەتر دوجایە، هی ئۆکڕانییا ٦٠٧ هەزار کیلۆمەتر دوجایە... روبەری ئۆکڕانیا ٣٠١ هێندەی روبەری عەفرینە. دانیشتوانی عەفرین ٤٠٠ هەزار کەس بوو، هی ئۆکڕانیا ٤١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسە... دانیشتوانی ئۆکڕانیا ١٠٣ هێندەی دانیشتیوانی عەفرینە. ژمارەی شەرڤانانی عەفرین ٦ تا ١٠ هەزار کەس بوو، هی ئۆکڕانیا ٢٥٠ هەزار سەرباز..... سوپای ئۆکڕانیا ٢٥ تا ٤٠ هێندەی شەرڤانانە. عەفرین هێزی ئاسمانی نەبوو، هێزی ئاسمانی ئۆکڕانیا ٤٥ هەزار کۆماندۆ و ٢٢٥ فرۆکەی جەنگی و زیاتر لە ٢٠ درۆنی بایراکداری هەیە.

هیچ بەراوردێک لە نێوان ئۆکرانیا و عەفریندا ناکرێت. عەفرین جگە لە کڵاشینکۆفی ژەنگگرتوو هەندێک چەکی سووک هیچ جۆرە هێزێکی تانک و زرێپۆشی نەبوو، ئۆکڕانیا ٨٠٠ دەبابە و هەزاران زرێپۆشی سەربازی پێشکەوتووی هەیە... هیچ بەراوردێک لە هێزی تانک و زرێپۆش لە نێوان ئۆکرانیا و عەفرین ناکرێت. عەفرین دەریای نییە و لەهەموو لاوە گەمارۆ درابوو، لە باکور و رۆژهەڵات و رۆژاوا بە تورکیا و تیرۆریستەکانی سوری و لە باشوریش بە رژێمەکەی ئەسەد و روسیا، ئۆکڕانیا تەنها لە باکور و رۆژهەڵات بە روس و بیلاروس گیراوە، باشوری دەریای رەش و ئازۆمە و لە رۆژاواش هەریەک لەوڵاتگەلی دۆستی وەژ سکۆڤاکیا و هەنگاریا پۆلاند دەورە دراوە.... دیسان هیچ بەراوردێک ناکرێت عەفرین نە دەوڵەت بوو و نە هیچ بودجە و داهاتی هەبوو. ئۆکڕانیا لە ریزبەندی چل لە پڕ داهاتترین وڵاتەکانی دونیایە.

دیسان هیچ بەراوردێک ناکرێت. عەفرین یەک وڵاتی دونیا بە فیشەکێکی چروکیش بەهانایەوە نەچوو، ئۆکڕانیا لەسەرتاسەری دونیا، هەر لە ئوسترالیا و ئاسیا و ئەفریقا تا دەگاتە ئەوروپا و ئەمریکا زۆربەی زلهێزەکان و وڵاتە بەهێزەکان بە چەکی هەرەپێشکەوتوو و پارە و هەواڵگری و لۆجستی و پروپاگەندە هاوکاری ئۆکڕانیان... دیسان هیچ بەراوردێک ناکرێت. ئۆپەراسیۆنی تورکەکان لە عەفرین 'تورکانە' بوو، واتە ئەو توند و تیژییەی کە سوپای تورکی پێناسراوەتەوە بەزیادەوە پەیڕەوی دەکرد. تورک لە عەفرین تەڕ و وشکی پێکەوە دەسوتاند و سیاسەتی سوتماککردنی پەیڕەو دەکرد.

ئۆپەراسیۆنی روسەکان لە ئۆکڕانیا 'روسانە' نییە، واتە ئەو توند و تیژیەی سوپای روسی پێوە ناسراوە لە ئۆکرانیای نەنواندووە. بۆ نموونە لە سوریا پەیڕەوی کرد، تا ئێستا لە ئۆکڕانیا نەکراوە.

سەرەرای هەموو ئەو هەقیقەتانە، ئێمە دوو مانگ بەرخۆدانی ئەفسانەیی عەفرینمان بینی و پاشەکشە و ئیفلیجی سوپا و هێزی ئۆکڕانیاش دەبینین. کەچی هێشتا بەشێکی بەرچاوی کورد نەک هەر بەسەرسامی و واق وڕماوی تەماشای بەرخۆدانی ئۆکڕانیا دەکەن و بەرخۆدانی عەفرینیش نادیدە دەکەن، بەڵکو ئەم بەرخۆدانەی ئۆکڕانیا دەکەنە هۆکارێک بۆ دەمەزەردکردنەوەی گرێی خۆبەکەم زانین و گرێی خودنەفرەتی.

07/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر