پەنابەرانی کەمپی مەخموور مرۆڤی هۆمۆ ساکەرن هۆمۆ-ساکەر

ئارام رەفعەت
مرۆڤی-پیرۆز یاسایەکی کۆنی رۆمانییە و بە پێچەوانەی ماناکەی مرۆڤی لەهەموو پیرۆزییەک دادەماڵی. بەپێی یاساکە ئەو مرۆڤانەی کە پارێزبەندی هاوڵاتی رۆمانیی و سیفەتی مرۆڤبوونی لێ دەسەنرایەوە دەخرانە خانەی هۆمۆ-ساکەر (مرۆڤی پیرۆز). لە یاسای رۆمانیدا کوشتنی هۆمۆ-ساکەر هیچ لێپێچینەوەی یاسایی بەدوادا نەدەهات و هەموو کەس دەیتوانی هۆمۆ-ساکەر بکوژێت بێ ئەوەی هۆمۆ-ساکەرەکە هیچ مافێکی خۆپاراستن یان پەنا بردنە بەر یاسای هەبێت. بەکورتی مۆرڤی هۆمۆ-ساکەر سیفەتی مرۆڤبوونی لێدەسەنرایەوە و دەخرایە خانەی جانەوەر. ئیمپراتۆر یان دەوڵەت وەک دەسەڵاتی سەروەر مافی ئەوەی هەبوو سیفەتی هۆمۆ-ساکەر بەسەر هەر هاوڵاتییەکدا بسەپێنێت و بیخاتە دەرەوەی بازنەی هاوڵاتی بوون و مرۆڤبوون و لەهەموو پیرۆزییەکی دابماڵێت. زۆرتر ئەو مرۆڤە یاخی و سەربەرزانە دەکەوتنە بەر نەفرەتی ئیمپراتۆرییەتی رۆمانی و دەخرانە خانەی هۆمۆ-ساکەر کە سەرپێچی یاسا جەبەروتەکانی ئیمپراتۆرییان دەکرد و بەرخۆدانییان دەکرد. یاسای هۆمۆ ساکەری رۆمانی لە عێڕاقدا بەرامبەر کوردی فەیلی و دواتریش لەئەنفالدا پەیڕەو کرا. لە تورکیاش لەدەرسیم و لەنەوەتەکانیش بەرامبەر کورد لەئاستی جیاجادا پەیڕەو کراوە. لەعێڕاق سیفەتی موخەریب و لە ئێران سیفەتی زیدی ئینقیلاب و لە تورکیاش سیفەتی تیرۆر لەدژی کورد بەکار هاتوون.

هەموو ئەو سیفەتانە هاوتای سیفەتی هۆمۆ ساکەرن. بۆ نموونە، لە تورکیا کەسی تۆمەتبارکراو بە تیرۆر لەهەمان کاتدا کەسی داماڵدراوە لە بەهاو پارێزبەندی هاوڵاتی و مرۆڤبوون و هاوتای هۆمۆ-ساکەر کوشتنی نەک هەر ئاساییە و هیچ کێشەیەکی یاسایی بەدوای خۆیدا ناهێنێت، بەڵکو ئەرک و فەرمانی سەرەکی خودی دەوڵەتیشە. پەناهەندەکانی مەخموور بەشێکن لە پرۆسەی بە هۆمۆ-ساکەر کردنی کورد و تەنانەت ئاوارەی و پەنابەری و ژیانی کەمپیش ئەوانەی لە یاسای هۆمۆ-ساکەر بوون نەپاراستووە و ناپارێزێت. هاوشێوەی هۆمۆ-ساکەرەکانی سەردەمی رۆمان، کوردە سەربەرز و دەستەمۆ نەکراوەکانی باکور، لەوانەش پەناهەندەی کەمپی مەخموور، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەر نەفرەت دەکەون دەکرێنە هۆمۆ-ساکەر. هۆمۆ-ساکەرێک کە لە هاوڵاتی بوون مەحروم دەکرێن لە مرۆڤبوونیش دادەشۆرێندرێن بەڵام بە جیاوازییەکی گەورە. هۆمۆ-ساکەری رۆمانی لەدەرەوەی سنووری سەروەری رۆمانیدا مافی مرۆڤبوونی بەدەست دێنایەوە، بەڵام کوردی باکور کە دەخرێتە خانەی هۆمۆ-ساکەرەوە، هەروەک لە کەمپی مەخموور دەیبینین، لەدەرەوەی سەروەری دەوڵەتی تورکیش ئەم ماف و خەسڵەتە مرۆڤبوونە بەدەست ناهێننەوە. بۆیە، لەکەمپیشدا وەک هۆمۆ-ساکەرێک، بوون و نەبوونیان هیچ بایەخێکی نابێت و کوشتنییان هیچ لێپێچینەوەیەکی نە لە تورکیا، نە لە باشور، نە لە عێڕاق و نە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدوادا نایەت. هەموو جۆرە بوونێکی هۆمۆ-ساکەری خراپ و قێزەون و نامرۆڤانەیە، بەڵام بۆردومانکردنی بەردەوامی کەمپی پەنابەران، کەمپی مەخموور بە نموونە، پەنابەرانی مەخموور دەخاتە ئاستی خراپترین و قێزەونترین و نامرۆڤانەترین جۆری هۆمۆ-ساکەر. لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، مرۆڤی پەنابەر، بەتایبەتیش پەنابەری ناو کەمپەکان پارێزبەندی پەنابەری و ئاوارەییان هەیە.

هەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەم دەوڵەتی خانەخوێ بەهەموو شێوەیەک پارێگاری ئەو پەنابەرانە لەخۆ دەگرن. لەهەمان کاتیشدا، ئەو دەوڵەتەی کە پەنابەرەکانی لێوە هاتووە، بەهەموو جۆرێک خۆی لە کوشتنی ئەو پەنابەرانە دەپارێزێت. بەڵام پەنابەرانی مەخموور سنووری هەموو ئەو ئەزموونانەی تێپەڕاندووە کە هۆمۆ-ساکەرەکان بەدرێژایی مێژوو ئەزموونیان کردووە و بەردەوام کراونەتە ئامانجی هێرشی فرۆکەی ئێف ١٦ و درۆن (رۆبۆتی مرۆڤکوژ)، بێ ئەوەی یاسایەکی ئاسمانی یان زەمینی بیانپارێزێت. لەم سەدەی بیست و یەکەدا، ئەگەر یەک نموونەی هۆمۆ-ساکەر هەبێت، ئەو نموونەیە بێ دوودڵی پەنابەرە ئاوارەکانی مەخموورن. ئەوان هۆمۆ ساکەرن، ئەوان لەدەرەوەی هەموو یاسا و رێسا ئاسمانی و زەمینییەکانی ئەم سەردەمە دا و سەرەنجامیش لەدەرەوەی بازنەی مرۆڤبووندا دەژین. ژێردەستەیی کورد شەرمەزارییە بۆ بەشەرییەت.

06/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر