وادەی نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما لە هەرێم ڕاگەیەندرا

شارەزایەکى کەشناسى پێشبینى ئەوە دەکات کە لە سەرەتای ھەفتەی ئایندەوە پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان روو لە نزمبوونەوە دەکات.  

ئاراس جەبار، شارەزاى کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" سەرەتا تا رۆژی شەممە ٣-٧-٢٠٢١ کاریگەری ئەم شەپۆلە گەرما بە جێگیری بەردەوامی ئەبێت لەسەر ناوچەکە، ھەر لە رۆژی شەممەوە کە دەکاتە سەرەتای ھەفتەی ئایندە تا رۆژی ھەینی ٩-٧-٢٠٢١ لە ئەنجامی شۆربوونەوەی کاریگەری بارستە ھەوایەکی فێنک بۆ سەر وڵاتی تورکیا و دەرەنجامی لاوازی کاریگەریەکانی لەسەر کەشی ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما لەو ماوەیەدا بەرێژەی ٢ پلەی سیلیزی روو لە نزمبوونەوە دەکاتەوە". 

دەشڵێت" لە رۆژانەی دووشەمە ٥-٧ و سێشەمە ٦-٧ ی ناوەراستی ھەفتەدا کاریگەری ئەو بارستە ھەوایە زیاتر ئەبێت و پلەکانی گەرما بەرێژەی ٤ پلەی سیلیزی نزمتر ئەبێتەوە و لەسەنتەری پارێزگاکان نزمدەبێتەوە بۆ نێوان ٣٩ تا ٤١ پلەی سیلیزی لەناوچەکانی گەرمیان نزمدەبێتەوە بۆ نێوان ٤٢ تا ٤٤ پلەی سیلیزی". 

ڕوونیشیکردەوە، کاریگەریەکانی ئەم بارستە ھەوایە تا رۆژی ھەینی ئایندە ٧-٩-٢٠٢١ بەردەوامی ئەبێت لە ھەمان رۆژەوە پلەکان گەرما جارێکی دیکە پێشبینى دەکرێت ھاوشێوەی ئەم ماوەیە روو لەبەرزبوونەوە بکاتەوە .  


PM:09:05:30/06/2021