لەسەر داوایەکی بەرپرسێکی تەندروستی قەزایەک
٦ کەس لەسەر کۆمێنت نووسین دەستگیر دەکرێت


لە پێشینەیەکدا کە لەکوردستاندا رووینەداوە، لەسەر داوای بەڕێوەبەری پۆلیسی دەربەندیخان، د. سازان ئیبراهیم ٦ کەس کە خاوەن پەیجی فەیسبووکن، یان کۆمێنتیان نووسیووە دەستگیر دەکرێن و فەرمانی دەستگیکردن بۆ ٤٠ کەس تریش دەرچووە.
 
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند " شەش کەسیان لەو ٤٠کەسە دەستگیرکردووە، کە بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکردوون کە بەپێی داوای سکاڵاکار، بەشێکیان پۆستیانکردووە و بەشێکی دیکە کۆمێنتیان نووسیوە، پۆلیس بەدوای ئەوانەشدا دەگەڕێت کە پۆست و کۆمێنتیان نووسیوە و لە هەرێمی کوردستان دەژین."

 بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی قەزای دەربەندیخان رۆژی ٢ی تەمووزی، روونکردنەوەیەکی لەبارەی سکاڵاتۆمارکردن لەسەر ژمارەیەک کەس بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە "ماوەیەکە ھەندێك سایت و ماڵپەڕ و پەیجی ساختە ھەڵمەتێکی ناڕەوا و دوور لە ھەر بەھایەکی ھەواڵی و میدیایی و بەھا کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەدەبەن، پەلاماری ناڕاست و ناڕەوایان دژی بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرێتییەکەمان گرتووەتەبەر و رێگەخۆشکەرن بۆ نووسینی کۆمێنت و وشەی نەشیاو لەنێو ھەزاران وشەی جوان و رەخنەی بونیادنەری خەڵکی خەمخۆردا."
 
بەپێی ماددەی دووی یاسای قەدەخەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، "هەر کەسێک ئەگەر بەخراپی تەلەفۆنی مۆبایل یان ئامێرێکی پەیوەندیکردنی تەلدار، بێتەل، ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت، کە لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت و لە ٥ ساڵیش زیاتر نەبێت، بە سزایەکی ماددیش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت.



PM:02:38:06/07/2021