کۆبانێ: بەهاوكاری هێزەكانمان سەركردەكەی داعش لەلایەن ئەمریکاوە كوژراوە

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەبارەی كوشتنی سەرۆكی رێكخراوی داعش پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە رێگەی شەراكەتە بەهێزەكەمانەوە جارێكی تر گورزێكی گەورەمان لە داعش وەشاند".

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکیدا لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتی تویتەر لەبارەی كوشتنی ئیبراهیم قوڕەیشیەوە ڕایگەیاند" سوپاسی گەلی ئەمریكا و بایدن دەکەین بۆ پشتیوانی بەردەوامییان و ھاوكارییان لە بۆردوومانەكەی ئیدلب، كە تیایدا سەركردەی داعش كوژرا". 

کۆبانێ لە بەشێکی تری تویتەکەیدا باسی لەوەشکردووە، بە ھاوكاری ھێزەكانمان جارێکی دیکە لە دڵی داعشمان دا، با ڕۆحی ئەو (١٢١) کەسە ئاسوودە بێت، كە لە شەڕی گرتووخانەی غوێرانی حەسەکەی ڕۆژئاوا شەھید بوون. 

بەرەبەیانی دوێنێ لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا و بە هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی، سەرکردەی باڵای ڕێکخراوی داعش کە لە دوای کوژرانی ئەبو بەکربەغدای خەلافەتی داعشی وەرگرت، کوژرا.


PM:01:51:04/02/2022