"پلەكانی گەرما نزمتر دەبنەوە و ئەگەری بارانبارین لەناوچە شاخاویەكاندا"



پێشبینییەكی كەشناسی ئاشكرای دەكات لە سبەینێوە گۆڕانگاری بەرچاو بەسەر كەش و هەوادا دێت و پلەكانی گەرما روو لە دابەزین دەكەن.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە، سبەینێ ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەوری ئەمێنێتەوە و لەكاتەكانی دوای نیوەرۆ بۆ شەو ھەندێك كاتیش بۆ ھەوری تەواو ئەگۆرێت لەگەڵ نمە باران لەھەندێ ناوچەدا، لەناوچە شاخاویەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و شاخاویەكانی رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێریش ئەگەری چربوونەوەی زیاتری ھەورەكان ھەیە كە بە شێوەی چالاكبوونی ھەورە بروسكە و تاو تاو بارانبارین كاریگەری ئەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "پلەكانی گەرما زیاتر ڕوو لە نزمبوونەوە دەكات بەرێژەی ١ تا ٢ پلەی سیلیزی و بەم شێوەیە ئەبێت لەسەنتەری پارێزگاكانی ھەرێم ( سلێمانی ٣٧ بە ٢٨ ، ھەولێر ٤٠ بە ٣٠ پلە ، دھۆك ٣٨ بە ٢٧ پلە ، ھەڵەبجە ٣٩ بە ٢٨ پلە ، كەركوك ٤٢ بە ٣٣ پلە) لەناوچەكانی گەرمیان ٤٥ بە ٣٢ پلە ئەبێت ، لە سنوری ئیدارەی راپەرین ٣٨ بە ٢٨ پلە ئەبێت ، لە سنوری ئیدارەی سۆران ٣٥ بە ٢٦ پلە ئەبێت".

ئاراس جەبار وتویەتی "خێرای با كاتەكانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە ناوبەناو مامناوەند بۆ نیمچە بەھێز چالاك ئەبێت لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە بەخێرای ٢٠ بۆ ٤٥ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، هەروەها لە پێشەوەی ھەورەكانی باران یان ھەورە بروسكە خێرای با چالاكتر ئەبێت كە ئەمەش ئەبێتە ھۆی دروستبوونی دیواری تۆز و خۆڵ ھاوشێوەی ئەمڕۆ كە لەھەندێ ناوچەدا ئەم دیاردە كەشیە روویدا".




PM:08:14:05/06/2022