زانكۆیەكی دیكەش دەوامی راگرت


ئەنجومەنی زانكۆی گەرمیان بریاریدا بۆ ماوەی سێ رۆژ خوێندن رابگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی زانكۆی سلێمانی بەهۆی خۆپیشاندانی خوێندكارانەوە خوێندنی راگرت.  

بەپێی راگەیەنراوێكی زانكۆی گەرمیان، ئەنجومەنی زانكۆ لە كۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا پاشنیوەڕۆی رۆژی (دووشەممە) (١٤-١١-٢٠٢٢)، جارێكی تر پشتیوانی خۆی بۆ داوای ڕەوای خوێندكاران پەیوەست بە خەرجكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) دووپاتكردەوەو  و داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەكات رەزامەندی لەسەر تەرخانكردن و خەرجكردنی گوژمەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە بدات.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەنجومەن  بڕیاریدا (راگرتنی دەوامی خوێندنی بەیانیان ( بەكالۆریۆس) بۆ رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە (١٥-١٧ /١١ /٢٠٢٢ )، بەشە زانستییەكان خشتەی تاقیكردنەوەكان دوا دەخەن بۆ رۆژانی دواتر، ساڵنامەی خوێندن ؛ جارێكی تر پێداچونەوەی پێدەكرێت و بەپێی پێویست قەرەبووی رۆژانی خۆپیشاندان دەكرێتەوە، راگرتنی دەوام، خوێندنی ئێواران و خوێندنی باڵاو دەوامی كارگێری سەرۆكایەتی زانكۆ و كۆلێجەكان ناگرێتەوە، بەشەناوخۆییەكانی زانكۆی گەرمیان تا كاتژمێر (١١) ی پێش نیوەڕۆی سبەینێ سێشەممە (١٥-١١-٢٠٢٢) لە خزمەتی خوێندكاران دەبن ، دواتر كاری نۆژەنكردنەوەیان تێدا بەردەوام دەبێت).  

  



PM:05:31:14/11/2022