بەیانی ئەمڕۆ تەرمی (١٤) کەسی تەقینەوەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی لە پزیشکی دادی سلێمانییەوە بەرەو مزگەوتی بابە شێخی سیرێ بەڕێکران، بڕیارە لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی هاوڵاتیان و بەرپرسان بە خاك بسپێردرێن.
ئەمڕۆ شەممە لەسەر شەقامی سەرەکی گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی تەرمی قوربانیان بەڕدەکرێن بۆ گۆڕستانی كەڵەكن و لە مەراسیمێکدا بەخاک دەسپێدرێن.
پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی ڕاگەیاندینن" تەرمی حوسێن گوڵکار ئەو وەستای شۆفاژەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا بوو، لە پزیشکی داد دەمێنێتەوە و بڕیارە ڕەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێتەوە و لەوێ بە خاک بپسپێردرێت".
ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی خانویەكی سێ نهۆمی بەهۆی تەقینەوەی سیستمی غازەوە بە تەواوی ڕووخاو، لە ئاکامدا (١٥) كەس گیانیان لەدەستدا و (١٢) كەسی دیکەش برینداربوون.