نوێنەری حزبی دیموكراتی ئێران لە هەرێم هۆشداری دەداتە ئێران


نوێنەری حزبی دیموكراتی ئێران لە هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئێران فشاری زۆریان بۆ بهێنێت دوور نییە خەبات بگوازنەوە بۆ ناو خودی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

محەمەد ساڵح قادری، نوێنەری حزبی دیموكراتی ئێران لە هەولێر بۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاندووە "ئێران هەمیشە هەوڵی داوە گرفتەكانی ناوخۆی وڵاتەكە پەردەپۆش بكات، لەو بڕوایەداین بەهەمان مەبەستی سیاسی، جارێكی تر بابەتی هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ناو هەرێمی كوردستان وەكو كارتێك بەكاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر حكومەتی هەرێم".

قادری روونیكردۆتەوە "بابەتی بوونی هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كورستاندا، لە بوونی هێزێكی چەكداری زیاتر مەسەلەیەكی سیاسیە كە گوزارشت لە بزوتنەوەیەكی ڕزگاریخوازیی گەلی كورد لە ئێراندا دەكات".

هەروەها وتویەتی "هێزەكانی ڕۆژهەڵات لێرە چەكدار نین، تەنها هەندێك چەكی زۆر سوكمان لایە كە بۆ بەرگری كردن لە خۆمانە و ئێمە خۆمان لە نەتەوە یەكگرتووەكان ناونوس كردووە".


ئەو بەرپرسەی حیزبی دیموكرات ئاماژەی بەوەكردووە "ئەگەر ئێران بیەوێت بە فشارە دەرەكییەكان و لە ڕێگەی حكومەتی عێراق و لایەنەكانی ترەوە فشارێكی زۆرمان بۆ بهێنێت دوور نییە خەباتی ئێمەش بگوازینەوە بۆ ناو خودی ڕۆژهەڵاتی كوردستان".



AM:09:41:24/05/2023