ئەمڕۆ نوێنەری ئەو ٢٣ ئیمزایەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی کە داوا دەکەن یەکێتی نەبێت بە پاشکۆی بزووتنەوەی گۆڕان، چاویان بە هێرۆ ئیبراهیم دەکەوێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" هەریەک لە حاکم قادر حەمەجان و مستەفا چاوڕەش و حامیدی حاجی غالی و مەحمود سەنگاوی وەک نوێنەری ئەو ٢٣ ئەندام سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیەی یەکێتی کە ئێمزایان لەسەر دوو نامە کردووە بۆ هەریەک لەنەوشیروان مستەفا و هێرۆئیبراهیم، ئەمڕۆ سەردانی گردی دەباشانیان کرد و لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیمدا کۆبوونەوە".
بەپێی زانیارییەکانی سپی جگە لەگەیاندنی نامەکە بەناوبراو لە گفتوگۆکانیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە لە پرسی سەرۆکی هەرێم دەبێت یەکێتی خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆبێت و دووربێت لە پاشکۆی هێزەکانی تر.
بەپێی ئەو زانیاریانە داواشیان کردووە کە دەبێت فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە ژێر بڕیار و فەرمانەکانی مەکتەبی سیاسیدا بێت.
دوێنێ نوێنەری ئەو دوو نامەیە سەردانی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفایان کرد، بەپێی زانیارییەکانی سپی وەفدەکە لە ئیسماعیل مەحمود و عەدنانی میناو مەحمود سەنگاوی پێکهاتبوو، لەو دیدارەدا داوایان لەرێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە کە بێ لایەن بێت لە ململانێکانی یەکێتی و ڕێز لەسەربەخۆی بڕیاری سیاسی یەکێتی لە پرسی سەرۆکی هەرێمدا بگرێت.
ئەو دوو نامەیە بەپاڵپشتی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح نووسراوەو ئیمزای ٢٣ ئەندامی سەرکردایەتی و مەکەتەبی سیاسی بۆ کۆکراوەتەوە.