"حکومه‌ت خۆشباوه‌ڕ بووه به‌ داهاتی نه‌وت"

ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا ده‌بێت هۆكارێك بێت بۆ دەرچوون لەو خەمساردی‌و كەمتەرخەمی‌و خۆشباوەڕییەی بەهۆی پشت بەستن بەداهاتی نەوته‌وه‌ لای حکومه‌ت گه‌ڵاڵه‌ بووه‌.

له‌و به‌یانه‌دا که‌ دانه‌یه‌کی بۆ سپی نێردراوه‌، ژووری بازرگانی ده‌ڵێن"ئێمە ناشەفافیەت‌و بێ‌ پلانی‌و كاركردنی هەڕەمەكی‌و هەڵەی بەڕێوەبردن‌و سیاسەتی هەڵەی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە نەیتوانیوە بناغەیەكی زانستی‌و پتەوی ئابووری دابڕێژێت‌و خۆی بۆ روبەروبونەوەی پێشهاتێكی چاوەڕوانكراوی بەمجۆرە ئامادە بكات".
 
ده‌قی به‌یانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی  

وەك ئاشكرایە لەم بارودۆخەدا كە هەرێمی كوردستان روبەڕوی شەڕەنگێزترین تیرۆریستانی ئەمڕۆی جیهان بوەتەوەو پێشمەرگە قارەمانەكان جوامێرانە لەسەنگەری بەرگریدان‌و شەهیدانی سەربەرزی ئێمە بەخوێنی پاك‌و قەڵغانی سنگیان كوردستان دەپارێزن، قەیرانی دارایی ئێستا هەرێمی كوردستانی لەبەردەم هەلومەرجێكی نەخوازراودا راگرتووە، بەئەندازەیەك كە هەموو چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگەی ئێمە ئەمڕۆ بەنیگەرانیەوە لەئایندەی خۆیان دەڕوانن. 

ئەم هەلومەرجە بەرپرسیاریەتییەكی گەورە دەخاتە ئەستۆی حكومەتی هەرێمەوە بۆ ئەوەی چاكسازییەكی ریشەیی‌و بەردەوام ئەنجامبدات‌و بەكۆی ئەو هۆكارانەدا بچێتەوە كە هەرێمی كوردستانیان گەیاندە ئەم رۆژە نەخوازراوە. ئێمە لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پێمانوایە كە پێویستە ئەم قەیرانە ئابورییە هۆكارێك بێت بۆ دەرچوون لەو خەمساردی‌و كەمتەرخەمی‌و خۆشباوەڕییەی بەهۆی پشت بەستن بەداهاتی نەوتەوە لەهەرێمی كوردستان بەدیهاتبوو، وابەستە كردنی ئابووری ئەم وڵاتە بەدەرامەتی سروشتی‌و هەوڵنەدان بۆ گەشەسەندنێكی پایەدارو بەردەوام بوو که‌ سەرەنجام ئەم قەیرانەی لێكەوتەوە. لەدیدی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازییەوە، تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هەم هەنگاوی دەستوبردو هەم داڕشتنی پلانی درێژخایەنیش لەحكومەتی هەرێم دەخوازێت، بەمەبەستی كاراكردنی رۆڵی ئەو سێكتەرانەی كە هاریكارن بۆ دروستكردن‌و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری‌و ژینگەیەك كە هانی وەبەرهێنان بدات، چونكە بەبێ‌ هەبوونی ژێرخانێكی مۆدێرن‌و بەهێز ئەستەمە بتوانرێت ئامانجە ستراتیجییەكانی كوردستان بەدیبهێنرێن. ئێمە لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی، چاكسازی راستەقینە لەوەدا دەبینین كە سیستەمی لامەركەزییەتی پارێزگاكان پەیڕەو بكرێت‌و لەڕێگەی چاودێرییەكی دارایی تۆكمەوە هاوسەنگییەك لەنێوان داهات‌و خەرجییەكانیدا بەدیبهێندرێت‌و رێگە لەو تەخشان‌و پەخشانە لەڕادەبەدەرە بگیرێت كە تا ئێستا لەداهاتی ئەم وڵاتەدا كراوە، رێگە لەو قۆرغكارییەی بازاڕ بگیرێت كە دەرفەتی یەكسان‌و دەستپێشخەری‌و داهێنانی لەبواری ئابوورییدا پەكخستوە‌و تەواو پێچەوانەی پەیڕەوكردنی سیستەمی بازاڕی ئازاد‌و ئاستەنگی بەردەم هاتنەپێشەوەی باشترینەكانە. ئێمە لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پێمانوایە رەگێكی ئاشكرای ئەم قەیرانە لەبەهێزنەكردنی كەرتی تایبەتدایە، بەسەرنجدان لەوەی كە بەرهەمهێنانی كەرتی تایبەت لەجیهانی ئەمڕۆدا پێوەری دیاریكردنی ئاستی پێشكەوتنی وڵات‌و نەتەوەكان‌و توانای خۆپاراستنیانە لەبەرامبەر ئەو قەیران‌و گرفتە ئابوورییانەی ڕووبەڕوی دەبنەوە، هەر بۆیە رێگەی دەربازبوون لەم قەیرانە بەر لەهەر شتێك لەدیدی ئێمەوە بە بەهێز كردنی كەرتی تایبەت‌و بەرێكخستنەوەی یاسا‌و رێسكانی بازرگانی‌و پیشەسازی‌و كشتوكاڵی‌و بوژاندنەوەی سەرجەم كەرتەكانی ئابوری وڵات‌و سیستەمی بانكی‌و هاندانی پڕۆژە ستراتیژییەكان دەستپێدەكات، لەدیدی ئێمەوە لەڕێگەی گەشەی كەرتی تایبەت‌و ئابووری بازاڕەوە دەكرێت بناغەیەكی تۆكمەو بەهێز بۆ ئابووری كوردستان دابڕێژرێت، كەرتی تایبەت رەگەزی هێزو بنەمای گەشەپێدانی ئابووریمانە. ئێمە ناشەفافیەت‌و بێ‌ پلانی‌و كاركردنی هەڕەمەكی‌و هەڵەی بەڕێوەبردن‌و سیاسەتی هەڵەی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە نەیتوانیوە بناغەیەكی زانستی‌و پتەوی ئابووری دابڕێژێت‌و خۆی بۆ روبەروبونەوەی پێشهاتێكی چاوەڕوانكراوی بەمجۆرە ئامادە بكات، بەهۆكاری ئەم قەیرانە دەزانین، لەو روانگەیەوەی كە بەهێزیی هەر وڵات‌و كۆمەڵگەیەك لەبەهێزیی ئابوورییەكەیدایە. ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت كە ئامادەیە هاوكاری پلاندانان بێت بۆ بەڕێوەبردن‌و دەرباز بون لەم دۆخەو بەئەركی نیشتمانی خۆیشی دەزانێت هاوكاری یاسای لامەركەزیەتی پارێزگاکان بێت بۆ بەڕێوەبردن‌و سەرخستنی ئەم ئەزمونە. ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی



PM:01:13:24/01/2016