پەرلەمانتارێک: ئەگەر ئیرادە نییە بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان، بەرەی کوردستان دروستبکەن

پەرلەمانتارێک پێیوایە ئیرادەیەکی راستەقینە نییە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان،  بۆیە پێویستە بەرەیەکی کوردستانی دروستبکەن.

گۆران ئازاد پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێک بە ناونیشانی " پەرلەمان، یان بەرەی کوردستانی نووسیوویەتی"، دەڵێت" تاوانبارمان مەکەن بەو گومانانەی خۆتان ھەڵتان گرتووە، دووفاقی لە گووتار و سیاسەتیش بازاڕی بەرە و لاوازبوونە، ھەموان دەڵێن پەرلەمان کارا بکرێتەوە، دەڵێن پەرلەمان باڵاترین مەرجەعە، بەڵام دەپرسم بەڕاستی سەرجەم حیزبەکان باوەڕیان بەکارایی پەرلەمان ھەیە، دەپرسم بەڕاستی ئەم دامەزراوەیە لەلای ئەوان لەدوێنێدا مەرجەعی باڵابووە و باوەڕیان بەکارابوونی ھەبووە؟ئەگەر ئەوەندە باوەڕتان بە پیرۆزی ئەم دامەزراوەیە ھەیە ئەی بۆچی (٨٥%) کۆی یاساو بڕیارەکانی کە دەری کردووە لەساڵی ١٩٩٢ تا ئەمڕۆ (بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەنیستیۆتی پەی) جێ بەجێ نەکراوە؟".

ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت" ئەگەر باوەڕتان وایە بۆچی لەساڵی ١٩٩٢ تا ئەمڕو ھاوکارنەبوون پەرلەمان متمانە لە کابینەیەک وەربگرێتەوە و وەزیرێک لا بدات؟ئەگەر باوەڕتان وایە دەبێت پەرلەمان بڕیارە چارەنوس سازەکان بدات، بۆچی سەرکردەی حیزبەکان ئامادە نەبوون بێنە پەرلەمان و وەک پەرلەمانتار کار بکەن ھەندێکیان کە نەدەبوون بە سەرۆک ڕۆیشتن، ھەندێکیش کە سەرۆک نەمان ڕۆیشتن، ھەندێکیشیان کە دەرچوون، نەک ئامادەنەبوون لەپەرلەمان کار بکەن، بەڵکو ئامادەنەبوون بە نووسراوێک دەست لەکار بکێشنەوە، بۆیە یاسای تایبەتیان بۆ دەرچووێنرا بۆ دەست ھەڵگرتنیان؟".

سەبارەت بەو رێککەوتن و بڕیارە گرنگانەی هاتوونەتە پەرلەمان، گۆران ئازا دەڵێت" ئەگەر باوەڕتان وایە کامە ڕێکەوتنی گرنگ ھاتۆتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن و پەسەندکردن؟ ڕێکەوتنی نەوتی (٥٠) ساڵەی تورکیا؟ یان رێکەوتنی دروست کردنەوەی حکومەتی عێراق؟ یان رێکەوتنی ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆ؟ یان....ئەگەر باوەڕتان وایە بۆچی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی بۆ دۆسیەی گومرگ لەرابردوو دروست نەکرا؟ بۆچی ئەمڕۆش لەکاتی جینۆسایدی شەنگاڵ ووترا لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی پێویست نیە. چونکە سەرۆک لیژنەی دروست کردووە؟ ئەگەر باوەڕتان وایە بۆچی لە خراپی گوزەرانی خەڵک ھاوکار نەبوون تا سەرۆک حکومەت و جێگر و وەزیرێک بانگ بکەین و ناچاری بکەین بۆ شەفافی زیاترو باشتر کردنی ژیانی خەڵک، بیرمە کە بانگمان کردن جارێک ووتیان سنووری خۆمان نەبەزێنین و جارێکیش ووتیان ھەموومان بۆمان نییە پرسیار لە سەرۆک وەزیران بکەین بکەین؟ئەگەر باوەڕتان وایە ئەی بۆچی دەسەڵاتان بە لیژنەی دەستووری نەدا بۆ یەکلاکردنەوەی پڕۆژەی دەستور و ووتان چاوەڕێی سازانی حیزبەکان بکەن؟".

ناوبراو دەڵێت" ئەگەر باوەڕتان وایە ئەی بۆچی کە پەرلەمان دەیویست لەسەر پرسی سەرۆکایەتی کۆببێتەوە ھەمووتان لەکۆبوونەوەیەک رێک کەوتن پەرلەمان کۆنەبێتـەوە!! کە کۆبوینەوەش ووتان ھەڵەتان کرد، ئەوە ئیشی پەرلەمان نییە، بۆیە ھاتن مەتبەخ و کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیتان دروست کرد و بێ ئەنجام کۆدەبوونەوە؟ئیتر تێناگەم بۆ ئێستا کە ئەم دامەزراوە شەرعییە وەک دوکانێک بڕیاری داخستنی درا بۆچی ھەموو سیاسی و چاودێرێک باسی گەورەیی ڕۆڵی ئەم دامەزراوە دەکات؟ لەکاتێکدا لە دوێنێدا باوەڕتان بە ڕۆڵی ئەم دامەزراوە نەبووە؟".

گۆران ئازاد دەپرسێت"  ئایا بەڕاستی مەبەستان کاراکردنەوەی پەرلەمانە یان شەڕی ئیرادەی سیاسییە؟لە کۆتاییدا بەداخەوە دەڵێم ئەم دامەزراوەی ناوی پەرلەمانە و لەپێناویدا ھەزارەھا شەھید گیانی بەخشی.لە ئێستادا تا کاتێکی دوور بەھۆی مامەڵەی خراپی حیزبەکان و دواجار داخستنیەوە شکۆی شکا و ڕۆڵی گەڕایەوە دواوە، بۆیە ئەگەر ئیرادەی ڕاستەقینە نییە بۆ کاراکردنەوە و گەڕانەوەی شکۆی لەلایەن ھەموو حیزبەکان فەرموون کۆی دامەزراوەکانی تر کە ئیفلیج بووە وەک پەرلەمان دایان بخەن و ئەنجوومەنێکی پارتە سیاسیەکان یان بەرەیەکی نوێی کوردستان پێک بھێنن بۆ بەڕێوەبردنی ووڵات.چونکە لە بنەمادا ھەر ئەو ئەنجومەن و مەتبەخ و بەرەیە لەئێستادا ھەرێم بەڕێوە دەبات نەک دامەزراوەو یاسا، بۆیە ئیتر تەموومژی ناوێ و چیتر لەپاڵ ڕووەکەشی دامەزراوەی پەرلەمانی و چەمکی دیموکراسی خۆمان و دوونیا ھەڵنەخەڵەتێنن.بۆ پەرلەمانتارێکی یاسایی عەیبەیە ئەم ڕایەم ھەبێت بەڵام لای من عەیبتر ئەوەیە سیاسەتی ھەڵخەڵەتاندنت ھەبێت".



PM:04:26:01/07/2016