دواین زانیاری لەبارەی گەیشتنەوەی تەرمی تاڵەبانی

برازای تاڵەبانی بەدیاریکراوی کاتی گەیشتنەوەی تەرمی تاڵەبانی ئاشکرادەکات و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئامادەی ڕێوڕەسمەکە دەبن.


کەمێک لەمەوبەر لاهور شێخ جەنگی، برازای جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند "وابڕیارەی ئەو فڕۆكەیەی تەرمی سەرۆك مام جەلالی تێدایە سەعات 11.15 دەقیقە بۆ 11:30 بگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی".

وتیشی "لەناو فڕۆكەخانەدا رێوڕەسمێكی شایستەی بۆ دەكرێت كە نزیكەی کاتژمێرێک دەخایەنێت و چەندین بەرپرسی باڵاو وەفدی بیانی و باڵیۆزخانەی ئێران و نوێنەری شای ئوردن و باڵیۆزخانەی وڵاتان بەشداری رێوڕەسمەكە دەكەن.

بەپێی زانیاریەکان هه‌ریه‌ك له‌ د. فوئاد مه‌عسوم، سەرۆک کۆماری عێراق و هەردوو جێگرەکەی نوری مالكی و ئەیاد عەلاوی و سه‌لیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، عادل عبدول مه‌هدی و چەندین بەرپرسی دیکەی عێراقی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە دەبن.

لەسەر ئاستی کوردستانیش هەریەکە لە مه‌سعود بارزانی،  نێچیرڤان بارزانی، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، عه‌مار حه‌كیم، سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، عه‌لی باپیر، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود و چەندین بەرپرسی هێز و لایەنە سیاسیەکان ئامادەی دەبن.

لەسەر ئاستی وڵاتانیش یان کۆبیج، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران  و سەفیر و باڵوێزی وڵاتانی جیهان لە عێراق ئامادەی ڕێوڕەسمەکە دەبن.

ڕۆژی سێشەممە 3ی تشرینی یەكەمی 2017، مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەتەمەنی 84 ساڵیدا لەنەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.

بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی کاتژمێر 11 تەرمی مام جەلال بگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لەلایەن بەرپرسانی ھەرێم و عێراق و چەند وڵاتێکەوە پێشوازی لێدەکرێت.

پاشان کەژاوەکەی بەرەو مزگەوتی گەورەى سلێمانى بەڕێدەکرێت و نوێژی لەسەر دەکرێت، دواتر بەرەو گردی دەباشان بەڕێدەکرێت کە بڕیاردراوە لەوێ بەخاک بسپێردرێت.

بۆ ڕۆژی شەممە کاتژمێر یەک لە یاریگای سیروانی نوێ پرسە بۆ مام جەلال دادەنرێت، لەئێستاشدا لە فڕۆکەخانە و شەقامەکان و گردى دەباشان ئامادەکاریەکان تەواوکراون.

جەلال تاڵەبانی، ناسراو بە مام جەلال لەدایكبووی ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٣ ، سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقە. تاڵەبانی لە ٦ی نیسان دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقەوە لە ٢٠٠٥ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێدرا و لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٤ كۆتایی بە پۆستەكەی هات.



AM:10:04:06/10/2017