بەرپرسێكی یەكێتی لەسنوری كەركوك لەپۆستەكەی دوورخرایەوە

بەرپرسێكی ئیداری لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری پارێزگای كەركووك، لە كارەكەی دوورخرایەوە.

 سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە سنوری داقوق بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "ئەنجومەنی پارێزگای داقوق لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی د. ئەمیر خواكەرەم، قایمقامی داقووق لە پۆستەكەی كە لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە".

"سپی" بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی كرد بە د. ئەمیر خواكەرەم، قایمقامی داقووق، بەڵام پەیوەندیەكە بەردەست نەبوو.

هاوكات ناوبراو ئەو هەواڵەی بۆ ماڵپەڕی "باسنیوزی"ی نزیك لە پارتی پشتڕاست كردۆتەوە و  ڕاگەیاندووە "ئەنجومەنی قەزای داقووق لەژێر هەڕەشەی چەكداراندا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە و تێیدا بڕیار دراوە و لە پۆستەكەم دوور خراومەتەوە و هەواڵی لادانم لە پۆستەكەم لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێم گوتراوە".

وتوشیەتی "لە ژیانمدا سووكایەتیم لە كەس قەبووڵ نەكردووە و بە لاوازی ناشگەڕێمەوە و چەكدارەكان بە ئارەزووی خۆیان بێن و دەستدرێژی بكەنە سەر خەڵك، لە بەرامبەریشدا نەتوانم وەڵامم هەبێت، بەڕاستی ئەمەم پێ ناكرێت".

ئەوەشی خستۆتەڕوو "ویستوومە خزمەتی هەموو پێكهاتەكانی داقووق بكەم بە (كورد، عەرەب و توركمانەوە) و سوننە و شیعە و هەموو حزبەكان، من ناتوانم لەژێر دەسەڵاتی چەكداراندا  كار بكەم، بەڵكوو دەمەوێت لەژێر دەسەڵاتی دەستوو و یاسادا كار بكەم".

 




PM:02:40:21/11/2017