یەپەگە هێرشی توند دەکاتە سەر ئەردۆغان

فەرماندەیەکی یەپەگە هێرشی توند دەکاتە سەر ئەردۆغان و دەڵێت "وەک چۆن ناوچەکەمان لە داعش پاککردوەوە، چارەنووسمان وایە، کە لە بەڵای ئەردۆغانیش پاکى بکەینەوە".


سیپان حەمۆ، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"، لەلێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی پەكەكە باسی لە هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ هێرش بۆ سەر عەفرین کردووە و ڕایگەیاندووە، کە یەپەگە بەرگری لە گەلی کورد و هەموو گەلانی ناوچەکە دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوە شەش ساڵە حکومەتی تورکیا هەموو دەرفەتەکانی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوا، هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی دوژمنانەیان لە دژی ئێمە هەبوو، بەڵام سەرەڕای هەموو پیلانەکانی بۆ هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا هیچ هێرشێکیان سەرنەکەوت.
 
حەمۆ وتیشی: ئەردۆغان یان هەر هێزێکی دیکە، ئەگەر بەنیازی هێرش بۆ سەر گەلی کورد و بەتایبەتی هێرش بۆ سەر عەفرین بێت، یەپەگە ئامادەیە کە بەرگری ببکات لە گەلەکەمان، ئەوە ئەرکمانە و سەربەرزین بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان، بە گەلەکەمان دەڵێین، کە پیلانی قێزەونی ئەردۆغان جارێکی دیکە تێکدەدەین.

فەرماندەی گشتی یەپەگە دەڵێت: ئەگەر شەڕێک لە عەفرین ڕووبدات دەبێتە شەڕی کۆتایی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو گەلی کورد لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەردۆغان کێشەی دەروونیی هەیە و بووەتە بەڵای گیانی هەموو گەلانی ناوچەکە، وەکچۆن ناوچەکەمان لە چەتەکانی داعش پاککردەوە، چارەنووسمان وایە، کە لە بەڵای ئەردۆغانیشی پاک بکەینەوە.



PM:08:58:16/01/2018