"موچەی خانەشینان زیاد دەکرێت"

پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پڕۆژە چاكسازیەكەی حكومەت لەكۆبونەوەدایە و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت "موچەی خانەنشینی زیاد دەکرێت".

پەروا عەلی پەرلەمانتاری گۆڕان بە سپی راگەیاند " لە بەشی چوارەمی، پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان) ماددەی ٨ ئێمە پێشنیارمان کرد کە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بەرکار بکرێت و کەمترین مووچەی خانەنشینی ببێتە ٤٠٠٠٠٠ دینار، ٧٨هەزارکەس سودمەند دەبون، پێویستی بە ١٢ ملیۆن دۆلار هەبوو، حکومەت ڕەتی کردەوە ووتی کە توانایان نیە لە ئێستادا".

هەروەها وتی " ئەمڕۆ پێشنیارێکی تر کرا کە کەمترین خانەنشینی بکرێتە ٣٠٠٠٠٠ دینار هەردوو پێشنیار خرانە دەنگدان ئەوەی ٣٠٠٠٠٠٠ دینارەکە دەنگی زۆرینەی هێنا ، ٥٢ دەنگ بەڵی . ٣٧ کەس دەنگی بە ٤٠٠ هەزار دینار دا". 

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی خستە روو "ماددەی ٧ برگەی دووەم لەگەڵ ئەوە بوین کە زیندانیانی سیاسی و خانەنشینی و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، خاوەن پێداویستی تایبەت، سودمەند بن لەو بەخشینانەی هەیە لە ئێستادا (منحە)، بەڵام بە ٥١ دەنگ بەرامبەر٣٤ دەنگ جێگیر بوو".

 

پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پڕۆژە چاكسازیەكەی حكومەت لەکۆبونەوەدایە و بەگوێرەی زانیاریەکانیش نزیكەی100 بۆ 150ملیار دینار لە ئەنجامی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و لە یەکێک لە بڕگەکانی پرۆژەکەشدا هاتووە کە هەر بڕە پارەیەك بگەڕێتەوە دەبێت بۆ موچەخۆران و كەمئەندامان و ئەو خانەنشینانەی موچەیان كەمە خەرج بكرێتەوە.

دڵشاد شەعبان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند "لەو پارەی دەگەڕێتەوە موچەی ئەو خانەنشینانەی لە خوار 300 هەزار دینارەوەیە بەرز دەکرێتەوە بۆ 300 هەزار و هەوڵدەدرێت بڕێک لە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانیش کەم بکرێتەوە".

هاوکات د. عزەت سابیر، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، هەواڵەکەی پشتڕاستکردۆتەوە و بڵاویكردۆتەوە، بەگوێرەی پرۆژەیاسای چاكسازی لە موچەو خانەنشینان، كە ئێستا لەلایەن پەرلەمانەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بڕگەی تایبەت بە موچەی خانەنشینی پەسەندكرا، كە موچەی هیچ خانەنشینێكی مەدەنی و سەربازی لە 300 هەزار دینار كەمتر نابێت.

ئەو پەرلەمانتارە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، ئەوەشی نوسیوە، بڕیاری دیاریكردنی موچەی خانەنشینی لە 1ی 1ی 2018 دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوەو  جگە لە خانەنشینی سەربازی و مەدەنی، كارمەندانی هێزەکانی ناوخۆش دەگرێتەوە.


هاوکات تەلار لەتیف، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان  راگەیاند"بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە ماددەكانی پرۆژە یاساكە ماوە پەسەندبكرێت، پێموانییە لەدانیشتنی ئەمڕۆدا كۆی ئەو بڕگە و ماددانەی ماونەتەوە پەسەند بكرێت، چونكە لەكۆی 23 ماددە تەنها شەش مادەدی لێ پەسەندكراوە".

وتیشی "یەكێك لەماددەكانی  پرۆژە چاكسازییەكە تایبەتە بەكاركردن لەسەر كەمكردنەوەی پاسەوانی بارەگا و بەرپرسە حزبیەكان، لەسەر ئەو پرسەش بۆچونی جیاواز هەیە، لەكاتی گفتوگۆی لیژنەكانیش لەسەر راپۆرتی هاوبەشی پرۆژەكە بەشێك لەپەرلەمانتاران لەگەڵ ئەوەدابوون تەنها بەرپرسە حزبیەكان پاسەوانیان نەبێت".

رونیكردەوە، بەشێكی تری پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەوەدابوون، كە بەرپرسی حزبی و بارەگای حزبی تەنها ئەركی حزبەكانی خۆیانە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، بۆیە پێویست بەوە ناكات لەسەر داهاتی گشتی پاسەوانیان بۆدابنرێت، لەبارەی پاسەوانانیش بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت، ئەنجومەنی دادوەری و یاسادانان داوایانكردووە بەپەیڕەوێك رێكبخرێتەوە بۆئەوەی دەسەڵاتەكە بۆ حكومەت بێت.

لەبارەی گۆڕانكاری لەدەرماڵەو موچەی خانەنشینی وتیشی"ئەوەی دەرماڵەی دەمێنێتەوە دەرماڵەكانی(مەترسی،  پیشەیی، هاوسەرگیری، منداڵە و بڕوانامەیە)، بەڵام بۆ دەرماڵەی مەترسی مەرج نییە هەمو  فەرمانبەرێك بگرێتەوە، بەڵكو تەنها بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە مەترسیان لەسەرە لەكاتی كاركردنیاندا".

دەشڵێت"كۆی پەرلەمانتارانیش كۆدەنگ بوون بۆچالاكردنەوەی سندوقی خانەنشینی، تاوەكو هەر بڕە پارەیەك دەخرێتە سندوقەكەوە موچەی خانەنشینی لێبدرێتەوە بۆئەوەی چیتر موچەكانیان لەژێر ناوی هیچ پاساوێكدا دوانەكەوێت ".



PM:06:48:26/02/2018