شاسوار عەبدولواحید: حزبەکانی تر ناوێرن بچنە ناو خەڵکەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕەخنە لە حزبەکانی هەرێم دەگرێت و رایگەیاند، "حزبەکانی تر ناوێرن بچنە ناوخەڵکەوە و لە بارەگاکانی خۆیانەوە تۆمەت بۆ نەوەی نوێ دروستدەکەن".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەمیانی سیمینارێکدا کە بەشێک لە گەنجانی چەمچەماڵ و کەلار تیێیدا بەشداربوون ڕایگەیاند، ئەو کەس و لایەنانەی تۆمەت دەخەنە پاڵ نەوەی نوێ خۆیان هیچیان نەکردووە تەنها لە بارەگا حزبیەکانەوە دادەنیشن و لە فەیسبووکەوە تۆمەت دەخەنە پاڵ ئێمە.

وتیشی، ئەوانەی تۆمەت بۆ نەوەی نوێ دروستدەکەن کۆمەڵە حیزب و سیاسی ترسنۆک و بێ بەرهەمن و یەک جار تەسلیم بون و ناتوانن گوزەرانی خەڵکی بگۆڕن.

شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشکرد کە حەوت ساڵ کەناڵی ئێن ئاڕتی هەبووە و لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا سێ هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و لە هەمو هەڵبژاردنەکاندا لە بری پشتیوانی دەسەڵات ، ئەو پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی کردووە، لە کاتی روداوەکانی١٧ ی شوباتدا ، لە بری پشتیوانی دەسەڵات، پشتیوانی خەڵکی کرد، لە کاتی ریفراندۆمدا لە بری پشتیوانی بارزانی و دەسەڵات ، ئەو دژی بارزانی و دەسەڵات وەستایەوە ، لە کاتێکدا هەمو حیزبەکانی تر دوای بارزانی کەوتن، ئێستا پێم سەیرە ئەوانەی کە بە بچوکی و بێهیوایی لە بارەگاکانیان دانیشتون و هیچ کردارێکیان نەبووە لە چوار ساڵی رابردوو لە بەرژەوەندی خەڵکی ، دێن لەم کاتەدا ئازا بوون و قسە لەسەر ئێمە دەکەن.



PM:09:30:21/03/2018