یەکێتی چاوی لەسەر وەزارەتی کۆچە
پارتی: نەوزاد هادی دەبێتە وەزیری کۆچ

پەرلەمانتار فراکسیۆنی پارتیی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کە  پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ نەوزاد هادی، بەربژێری پارتی یەکلابووەتەوە.

نەهرۆ مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، بەشێک لە سوننە و شیعەکان ناکۆکییان لەسەر کاندیدەکان هەبوو، بۆیە هەوڵیاندا دانیشتنەکە دوابخەن، دواتر رێککەوتن لەسەر ئەوەی نیوەی کابینە وەزارییەکە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسندبکرێت.

نەهرۆ مەحموود بۆ روداو ئاماژەی بەوەشکرد، پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ نەوزاد هادی، کاندیدی پارتی یەکلابووەتەوە، شەوی رابردووش بەهۆی دواخستنی دانیشتنەکە و نەبونی رێژەی یاسایی دەنگی لەسەر نەدرا، ئەگینا ئەو بابەتە کۆتاییهاتووە.

شەوی رابردوو دوو کاندیدی پارتی لە پەرلەمانی عێراق وەک وەزیر پەسندکران، کە ئەوانیش برتین لە فوئاد حوسێن وەک وەزیری دارایی و بەنگین رێکانی وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، هاوکات 12 وەزیری دیکەش پەسندکران.

دوای متمانەی پەرلەمانی عێراق بەو 14 وەزیرە، عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق سوێندی دەستووری خوارد و بە فەرمی بووە سەرۆکوەزیرانی چوار ساڵی داهاتووی عێراق. کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بۆ 6-11-2018 دواخرا.


PM:12:03:25/10/2018