بڕیاردەری كۆمیسیۆن چەند داواكارییەك ئاڕاستەی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەكات

ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی چەند داواكارییەك ئاڕاستەی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەكات داوا دەكات بە "ئەركی یاسایی و ئەخلاقی" خۆی ھەستێت.

خورماڵی بڕیاردەری كۆمسیۆن لە نووسراوەكەیدا باس لەوەدەكات، لە ڕۆژانی ھەڵبژاردنی ٢٨ و ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨دا، ژمارەیەكی زۆر سەرپێچی و لادان و كەمتەرخەمی ڕوویداوە لەزۆربەی بنكەكانی دەنگدان لەسەرتاسەری ھەرێمی كوردستاندا، ھەروەھا ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی كۆمسیۆنیش تووشی ھەڕەشە و لێدان و سوكایەتی بوونەتەوە، "كە بەداخەوە لە ھەندێك لەو شوێنانە فەرمانبەرانی كۆمسیۆنیش بەشێك بوون لەو پێشێلكاری و ئازاردانە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ".

ناوبراو داوا لە ئەنجومەنی كۆمسیاران دەكات وەك ئەركێكی یاسایی و ئەخلاقی خۆی ھەستێت و ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بكات، ئەگەر نا متمانەی نامێنێت و جێگای خۆیەتی كە ڕێكخراوەكانی بواری ھەڵبژاردن و مافی مرۆڤ كەمپین بۆ ئەم كارە پێكبھێنن.

١) تۆماركردنی سكاڵا لەدادگاكان لەسەر ئەو كەس و لایەنانەی كە بەكاری گێرە شێوێنی و لادان و كەمتەرخەمی ھەستاون بە فەرمانبەرانی كۆمسیۆنیشەوە.

٢) ھەروەك پێشتر بڕیاردرا بوو دۆسیە لە دادگاكان بكرێتەوە بۆ سەندنەوەی مافی ئەو كارمەندانەی كۆمسیۆن كە بەھەرشێوەیەك لەشێوەكان زیانیان بەركەوتووە و ئازاردراون.

٣) قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ ئەو كارمەندانەی كۆمسیۆن بكرێتەوە كە لەپێناو سەرخستن و پاكی پرۆسەكەدا قوربانیانداوە و توشی ئازار و ئەشكەنجە و سوكایەتی بوونەتەوە، لەھەندێ شوێن مۆبایل و كەرەستەكانیان زیانی بەركەوتووە یان دزراون.

٤) وەك كەمترین سزای سەرەتاییش ھەموو ئەو كارمەندانەی كە بەشێك بوون لەو پێشێلكاریانە و ھاوكار بوون بۆ ساختەكاری و لادان و كەمتەرخەم بوون، شایستە داراییەكانیان پێنەدرێت و بخرێنە لیستی ڕەشەوە بۆ ئەوەی لەداھاتوودا بەھیچ شێوەیەك نەبنەوە بەكارمەندی كۆمسیۆن.




PM:02:04:04/11/2018