کۆبوونەوەی پارتی یەکێتی دواخرا

کۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەکێتی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت دواخرا و "سپی" هۆکارەکەی ئاشکرادەکات.

سەرچاوەیەکی سیاسی باڵا بە "سپی" ڕاگەیاند "کۆبوونەوەی بڕیار لێدراوی پارتی و یەکێتی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە ئاستی باڵادا ئەنجام بدرێت شکستیهێناوە و ئەنجام نادێت".

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد دواخستنی کۆبوونەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنەی کە چەند ڕۆژێکە لەلایەن پارتیەوە دژی یەکێتی دەستیپێکردووە.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "وتەکانی فازڵ میرانی بەرامبەر قوباد تاڵەبانی و فازڵ بەشارەتی کە لەبارەی پۆستەکانی حکومەتەوە کردبووی، هەروەها ئەو هەڵمەتی ڕاگەیاندنەی لە میدیاکانی پارتیەوە چەند ڕۆژێکە دژی حاکم قادر حەمەجان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەنجام دەدرێت هۆکاری سەرەکی هەڵوەشانەوەی ئەو کۆبوونەوەیەن".

دوای چوار مانگ لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان هێشتا بەهۆی ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتیەوە حکومەت پێکنەهاتووە.




AM:09:26:29/01/2019