عەلی عەونی: تائێستا حكومەتی هەرێم دوو ئیدارییە

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی جەخت لەوە دەكاتەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتی نییە و دەڵێت "تائێستا حكومەتی هەرێم دوو ئیدارییە".

عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەفتەنامەی "زاری كرمانجی" راگەیاندوە، "لەرووی  پڕاكتیكییەوە تائێستا حكومەتی كوردستان بەشێوەیەك دوو ئیدارەییە، بەڵام لەناوەڕۆكدا دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەت و دامودەزگاكانی حكومەت لەسلێمانی نەبووە". 

ئاماژەی بەوەشكردوە، لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتوون بە بنبەست و هەوڵ دەدەن كێشەكانی نێوانیان خاو بكەنەوە تا بەرەو دامەزراوەیی و نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی بڕۆن. 

سەبارەت بە رێكەوتنەكەشیان لەگەڵ گۆڕان عەونی باس لەوە دەكات ئەو بەرنامەیەی لەگەڵ گۆڕان لەسەری رێككەوتوون بۆ چوار ساڵ  تەباییی و ئارامییە كە بەوتەی خۆی حكومەتێكی یەك دەست بێت و ئەزموونی رابردوو دووبارە نەبێتەوە. 

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی باس لەوەش دەكات، "داواكاری یەكێتی داوای لە پارتی ئەوەیە نابێت بە ١٦ی ئۆكتۆبەر نەڵێن خیانەت و كەركوك فرۆشراوە، بەڵام بەوتەی خۆی ئەوان ئەوە ناڵێن".



PM:03:06:25/02/2019