لە بەنداوی دوکانەوە ئاگاداریەک بڵاودەکرێتەوە

سەرڕێژیكردنی ئاوی دوكان ڕوو لە زیاندبوونە و بەڕێوەبەری بەنداوەکەش ئاگادارییەك ئاڕاستەی ئەو كەسانە دەكات كە خانوویان لە نزیك ناوچەی محەرەمەی زێكە كردوە.

محەمەد تاهیر، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان رایگەیاندوە، نزیكەی دوو مانگە یەك لە دوای یەك هۆشداری بڵاودەكەینەوە و نوسراومان بۆ پارێزگای سلێمانی و قایمقامیەتی سەرجەم ئەو قەزا و ناحیانە كردوە كە نزیكن لە زێكانەوە تا ئەو كەسانە ئاگاداربكەنەوە كە خانوویان لە نزیك ناوچەی محەرەمەی زێكە كردوە، دووربكەونەوە لێی تا زەرەریان لێنەكەوێت.

وتیشی "15ی ئایار ئەم وەرزی لافاوە كۆتایی پێدێت و لای ئێمە تەنها دوو شت گرنگە، سەلامەتی هاووڵاتیان و پارێزراوی بەنداوەكە چونكە پرۆژەیەكی گەشتیاری و ستراتیژی گرنگە و جارێكی تر دروست نابێتەوە بۆ كوردستان، بڕوخێت زەرەرێكی زۆر دەدات، هەروەها كەشوهەوایەكی خراپ بەڕێوەیە و پێویستە ئاوێكی زۆری لێدەركەین".

ئەوەشی وت "هەموو سەعات جارێك رێژەی سەرڕێژیكردنی ئاوەكە بەرزتردەبێتەوە، لێرەشەوە بە هاووڵاتیان رادەگەیەنین هەموو رێوشوێنێكمان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی بەنداوەكە و بەهیواین ئەم بارودۆخە تێبپەڕێنین".


PM:04:46:03/04/2019