" رێکنەکەوین کارتی گوشارمان بەرامبەر بەغدا هەیە "

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایدەگەیێنێت" کە لە ئەگەری رێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەوانیش کارتی گوشاریان بەرامبەر بەغدا هەیە بەکاری بهێنن". 

 

د.رۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لەبارەی ئامجی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد لە چاوپێکەوتنێکیدا بە ڕووداوی ڕاگەیاند" ئێمە کە چووینە ئبەغداد بڕیارماندابوو چی بڵێین، بڕیارەکانیش بەو شێوەیە بوو کە تێیان بگەیێنین ئێمە نەک هەست بەچی دەکەین، چی لە ئارادا هەیە ئەوەی ئێمە پێی دەزانین، هەڵوێستی خۆشمان پیشان بدەین لە حاڵەتێکی وادا، کە ئەمجۆرە سیاسەتە و ئەو جۆرە بۆچوونە و ئەو دۆخە ئەگەر هەوڵی چارەسەری نەدرێت، ئەوا ئێمە مومکینە بە جۆرێکی دیکە قسەی تێدا بکەین". 
 
وتیشی" ئامانجی دووەمیشمان بۆ پاڵپشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوبوو کە هانیان بدەین و داوایان لێبکەین ئەو رێککەوتنەی حکومەتی هەرێم کردوویەتی لەگەڵ بەغدا، هەرچەند لەوانەیە بەدڵمان نەبێت، هۆکارەکانیشی دیارن، جارێ هەر دەستووری نییە، ئێمە بە دەستووری نازانین، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە دەبێت کە ئەگەر ئەم رێککەوتنە تێپەڕێن کە ماوەیەکە حکومەتی هەرێم خەریکیەتی، ئەگەر بیڕوێنن ئەمە نیشانەیەک بە ئێمە دەدات کە ئێوە هەوڵ دەدەن کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەمە ئەوە رادەگەیێنێت و ئەوە زیاتر لای ئێمە دەچەسپێنێت کە ناتانەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکەن، بەڵکو لە داهاتوودا قووڵتریشی دەکەنەوە. ئامانجی سەرەکیمان گەیاندنی ئەو دوو پەیامە بووە". 

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاشیگەیاند" یەکەم شت پێمانگوت ئێمە هاتووین بە راشکاوی قسە بکەین بەبێ پێچ و پەنا، بەبێ موجامەلەش، ئێمە پشتگیری تۆمان کرد بۆ ئەوەی ئەو پێگەیە وەربگری بەو هیوایەی تۆ رۆڵێکی ئیجابی ترت هەبێت لەوانەی پێش خۆت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمەش سەنگی مەحەکە بەلای ئێمەوە، دووەم؛ ئێمە لە دوو شت تێرمان خواردووە، هەموو جارێک کە هاتووینەتە بەغدا گوێمان لە قسەی خۆش بووە، موجامەلە و قسەی خۆش و دەعوەت و پێکەنین بە رووی یەکدی. مەسەلەی دووەمیشیان ئەو رێککەوتنانەی کە دەیکەین و واژۆی دەکەین جێبەجێ ناکرێن، یان بە شێوێندراوی جێبەجێ دەکرێن، تەنانەت باسی ئەوەشمکرد و گوتم ئەو هەڤاڵەم کاکە هۆشیار لەوانە رەنگە 20 رێککەوتنی لەگەڵتان واژۆ کردبێت، بەڵام هیچی جێبەجێ نەکراوە و هیچمان نەدیوە. ئەمە جگە لە مەسەلەی دەستوور، لادانێکی ئەوتۆ هەیە لە دەستووردا کە هیوابەخش نییە، هیوای میللەتی ئێمەی بڕیوە، ئەگەر خەڵکێکی شارەزا بەوردی سەیری بکات ئەو دەستوورە جێبەجێ نەکراوە، ئەگەر جێبەجێش کرابێت، ئەو ماددانە جێبەجێ کراون کە لە بەرژەوەندی لایەنێک بووە، ئەو لایەنەش لایەنە حیزبیە دینییەکانی شیعە بووە، چیان بەدڵ بووە بە ئارەزووی خۆیان هەڵیان بژاردووە، ئەوانەیان جێبەجێکردووە بەو شێوەیەی کە بەرژەوەندی خۆیانی تێدا دابین بکەن، مەسەلەی دیکە زۆر گرنگ، کە رەنگە بۆ هەموو عێراقیش باش بێت، بۆ پارێزگاکان و هەرێمی کوردستانیش باش بێت، شتی زۆر گرنگ جێبەجێ نەکراوە و تەنانەت پشتگوێش خراون". 

باسی لەوەشکردووە، ئەمە جیا لەوەی ئەمانە هەموو پەیوەستن بە عێراق بەشێوەیەکی گشتی، ئەگەر بێینەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو هەستەمان لەلا دروستبووە، ئەو تێگەیشتنەش لێی تێگەیشتووین، بە شارەزایی خۆشمان وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مێژوومان و بەم چەند ساڵەی لەگەڵ ئێوە کار دەکەین. ئێمە لەکاتی ئۆپۆزیسیۆن بە یەکەوە کارمان کردووە یارمەتیمان داون، دوای ئۆپۆزیسیۆن یارمەتیمان داون، بەڵام سەیر دەکەین سیاسەت لە عێراقدا، ئەو سیاسەتەی لەلایەن حیزبە ئایینییە شیعییەکانەوە پەیڕەو دەکرێت، ئەمە سیاسەتێکی رێکخراوە بە شێوەیەکی پلەبەندی هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان نەمێنێت، یان بچێتە پێگەی جارانی وەکو چۆن لەسەردەمی سەدام ئەنجوومەنی جێبەجێکردن و یاسادانان هەبوو بەڵام دەسەڵاتی هیچ شتێکیان نەبوو.

جەختیشکردەوە، نیشانەیەکی دیکەی ئەوەی کە دەتانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و لەناوی ببەن ئەوەیە، ئەگەر تۆ دووژمنایەتی لایەنێک بکەیت، دەچی شەڕ لەگەڵ لاوازەکە ناکەی، بەڵکو لەگەڵ بەهێزەکە دەکەی، بۆیە هەرچی شەڕتان هەیە لەگەڵ ئێمەدایە، راستەوخۆ شەڕ و پلانەکانتان لەگەڵ ئێمەدایە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە ئێمە کراوینەتە ئامانج و ئەوە دەسەلمێنێت کە تۆ دەتەوێت هێزە بەهێزەکەی هەرێم نەهێڵی بۆ ئەوەی هەرێم نەمێنێت.



PM:03:10:28/01/2021