هەولێر و بەغدا لەسەر رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتن


وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتن و، دەڵێن" هاوڕاین لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتیی عێراق".

ئەمڕۆ چوار شەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی ( ماوە بەسەرچوو) لە راگەیاندنێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ  لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ کۆبوەوە.

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە "لەسەر ئەو بنەمایە رێککەوتووین کە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەمواربکرێتەوە، ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە پارێزراو بێت".

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "هەردولا هاوڕابوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عێراق".

تا ئێستا هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی چوار مانگی رابردووی نەناردووە ئەوە لە کاتێکدایە کە بەغدا مووچەی چوار مانگی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە.



PM:04:37:15/05/2024