"تا تەمەنم بەرەو سەرەوە هەڵکشێت،خەمەکانم زیاتر کەڵەکە دەبن"

چیرۆکی ئەو کچانەی کە باوکیان رێگەیان پێنادات بچنە نێو ژیانی هاوسەرگیریەوە

هونەر حەمید مەجید

هەرچەندە باوکی رێگرە لە بەردەم چوونی بۆ نێو ژیانی هاوسەرگیری ، بەڵام شۆخان جەمال ی (32 ساڵ) هەمیشە نزای سەلامەتی بۆ باوکی دەکات ، چونکە تەنها ئەویان هەیە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان بۆ پەیدا بکات.

شۆخان جەمال کە ناوی خوازراوی کچێکی دانیشتووی قەزای کەلارە (140کم باشوری سلێمانی ) و یەکێکە لەو دەیان "قوربانی"یەی کە رێگریەکانی باوکی لە چوونی بۆ نێو ژیانی هاوسەرگیری ، خەریکە بەرەو قەیرەیی دەیبات.
شۆخان کە رەشبینی و نائومێدی باڵی بەسەر رووخساریدا کێشابوو ، ئاماژەی بەوەکرد زیاتر لە دە کەس چوونەتە خوازبێنی و هەوڵیانداوە ژیانی هاوسەری لەگەڵ پێکبهێنن ، بەڵام باوکی رێگری لە شوو کردنی کردووە،"باوکم دەڵێت ئێوەم بە بەدبەختی گەورە کردووە ، رێگە نادەم شوو بکەن."

شۆخان کە کچی ماڵەوەیە ، تەنها خەم بۆ داهاتووی خۆی ناخوات ، بەڵکو هەمیشە بیر لە داهاتووی ئەو پێنج خوشکەشی دەکاتەوە کە سەرجەمیان تەمەنیان لەسەرووی هەژدە ساڵیەوەیە ، وتی"باوکم رێگەی نەداوە هیچکام لە خوشکانی تریشم ژیانی هاوسەری پێکبهێنن."
هەرچەندە ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی ئەو کچانە لەبەردەستدا نیە ، کە باوکیان رێگربووە لەبەردەم چوونیان بۆ نێو ژیانی هاوسەری ، بەڵام زۆری ژمارەی کچانی قەیرە لەو قەزاو ناحیانەی کە دوورە دەستن ئاماژەن بۆ بەردەوام بوونی ئەو دیاردەیە.
زۆربەی ئەو باوکانەی رێگرن لەبەردەم شوو کردنی کچەکانیاندا ، ئەوانەن کە نەخوێندەوارن و هێشتا بیرکردنەوەی خێڵەکی بەسەریاندا زاڵە و شوو کردنی کچەکانیان بە"عەیبە"دەزانن.

عەباس مەحمود ، سەرۆکی لقی گەرمیانی کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد رێگری کردن لە شوو کردنی کچان ، گرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی لێدەکەوێتەوە، "زۆربەی ئەو کچانەی شوو ناکەن و قەیرە دەبن ، دواتر توشی خەمۆکی و گۆشەگیری دەبن."

سەرۆکی لقی گەرمیانی کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانی کوردستان، باسیلەوەکرد هەرچەندە ئامارێکی ورد لەبەردەست دا نیە لەبارەی ژمارەی ئەو کچانەی ماڵەوەیان رێگرن لەبەردەم شوکردنیان دا، بەڵام زۆری ژمارەی کچانی قەیرە ئاماژەن بۆ بەردەوامبوونی ئەو دیاردەیە،وتی"هۆکاری کلتوری و کۆمەڵایەتی پاڵنەری ئەو باوکانەن کە رێگە نادەن کچەکانیان شوو بکەن."

بەپێی یاسای باری کەسێتی عێراقی ، هەر کچێک تەمەنی بگاتە 18 ساڵ مافی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری هەیە لەگەڵ هەر کورێکدا کە خۆی بیەوێت .

زۆربەی ئەو کچانەی باوک و کەس و کاریان رێگرن لەبەردەم شوو کردنیان ، بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم چوونە نێو ژیانی هاوسەریان پەنایان بۆ دادگاکانی کوردستان نەبردووە، لەکاتێکدا لە رێگەی یاساوە دەتوانن کەس و کاریان ناچار بکەن بۆ لابردنی رێگریەکانی بەردەمیان.

موقەدەم لەمیعە محەمەد، بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەگەرمیان، روونیکردەوە ئەو باوکانەی رێگرن لەبەردەم شوو کردنی کچەکانیان لە ڕووی یاساییەوە تاوانبارن ، ئەگەر کچەکانیان سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن"بەداخەوە ژمارەی ئەو کچانە زۆر کەمن کە بۆ ئەو مەبەستە پەنا دەبەنە بەر دادگا."

بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەگەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد لەحاڵەتی پێویست دا و بەپێی یاسا ، کچ بێ ئامادەبوونی باوک و کەس و کاری لەدادگا مارە دەبردرێت، وتی"ئەگەر حاڵەتەکە پێویست و جیاواز نەبێت، مارە برینی کچ پێویستی بەرەزامەندی کەس و کاریەتی."

رێگری کردنی باوک و کەس و کار لە چوو کردنی کچان ،دەچێتە چوار چێوەی توندوتیژیەوە بەرانبەر بە ژنان و لە یاسای ژمارە (11) ی ساڵی 2011 دا کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئاماژەی پێدراوە.

شۆخان جەمال ، هەرچەندە رێگریەکانی باوکی لە چوونە نێو ژیانی هاوسەری ژیانی لا تاڵ کردووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیە سەنگەری یاسا لەباوکی بگرێت ، وتی"باوکمم زۆر خۆش دەوێ و هەمیشە نزای سەلامەتی بۆ دەکەم ، چونکە باوکم هەموو شتێکی بۆ دابینکردووین و رۆژێک کار نەکات پێمانەوە دیارە."

بەپێی وتەی شۆخان ، باوکی دڵیان ناشکێنێت و چیان بوێت بۆیان جێبەجێ دەکات ، بەڵام لەمەسەلەی شوو کردنیان دا زۆر توندە و قسەی چەندین هاورێی نزیکی خۆی شکاندووە، کەداوایانلێکردووە رێگە بەکچەکانی بدات بۆ ئەوەی شوو بکەن.

رێگری کردن لە شوو کردنی کچان و توندوتیژی نواندن بەرانبەریان ، رەگێکی قوڵی هەیە و بۆ سەردەمی پێش پێغەمبەری ئیسلام دەگەرێتەوە ، کە کچان لەلایەن باوک و کەس و کاریانەوە و بۆ ئەوەی بە شوو نەدرێن زیندە بەچاڵکراون.
مەلا ئیدریس ژاڵەیی ، کارگێری لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان ،ئەوەی خستەڕوو لەڕووی ئاینیەوە باوک ناتوانێت رێگر بێت لەبەردەم شوو کردنی کچ دا "هەر باوکێک رێگر بێت لەبەردەم شوو کردنی کچەکەیدا ، تاوانبار دەبێت."

کارگێری لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان، روونیشیکردەوە ئەو باوکانەی رێگرن لەبەردەم شوو کردنی کچەکانیاندا رۆڵیان هەیە لە بڵاو بوونەوەی "فەساد"دا ، وتی"پێغەمبەر فەرمانی کردووە کچ کە باڵغ بوو ، دەبێت بدرێتە شوو."

مەحمود حەمید کە پورزای شۆخان جەمالە، باسیلەوەکرد خزم و کەس و کارەکەی هەوڵێکی زۆریان لەگەڵ باوکی شۆخان داوە بۆ ئەوەی کچەکانی بەشوو بدات ، بەڵام ئەو بەهیچ شێوەیەک رازی نەبووە.

مەحمود وتی"تەنانەت خاڵی شەیما لەدادگا سکاڵای لەسەر باوکی شەیما تۆمارکردووە و هەفتەیەک لەزیندان دا بووە، بەڵام سەرباری ئەوەش رازی نەبووە بەشوو کردنی کچەکانی و دواتر بەناچاری ئازاد کراوە."

رێگری کردنی باوکان لەچوونە نێو ژیانی هاوسەری ، کچان لە خەونەکانیان بێبەش دەکات و بەشێک لەو کچانەش ژیانیان بە گۆشەگیری و دوورەپەرێزی و هەندێک جار بەخۆ کوشتنیش کۆتایی دێت. 

شۆخان جەمال ، کە فرمێسک لەچاوەکانی قەتیس مابوو ، وتی"پێکهێنانی ژیانی هاوسەری و بوون بەدایک گەورەترین ئاواتمە ، بەڵام وا بروات ئاواتەکەم دەبەمە ژێر گڵ."

شۆخان بەدەم هەڵکێشانی هەناسەیەکی قوڵەوە کۆتایی بەقسەکانی هێناو"تا تەمەنم بەرەو سەرەوە هەڵکشێت ، خەمەکانم زیاتر کەڵەکە دەبن ."



PM:11:02:15/02/2015