یەکەم مانگی دەستکردنی چینی دەکەوێتە خوارەوە
ئەگەر هەیە لەهەرێم بکەوێتە خوارەوە

لە چەند کاتژمێری داهاتوودا یەکەمین مانگی دەستکردی چینی (تیانگۆنگ – ١)  دەکەوێتە خوارەوە، پسپۆرێکی عێراقی پێشبینی دەکات لە هەرێمی کوردستان بکەوێتە خوارەوە. 

ئاژانسێکی هەواڵی شینهوای چینی لە زاری نووسینگەی بۆشایی ئاسمانی چینییەوە (CMSEO) بڵاویکردەوە " مانگە دەستکردەکە لەنێوان ٣١ی ئازار بۆ ٤ی نیسان دەکەوێتە خوارەوە، بەڵام ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپی ئاماژەی بەوە کردووە، مانگە دەستکردەکە لەنێوان ئەمڕۆ و سبەینێدا دەکەوێتە خوارەوە".

سادق عەتییە شارەزای بواری کەشنای عێراقی لە فەیبسوک ڕایگەیاندووە " ئەگەری هەیە مانگە دەستکردەکە لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت موسڵ و دهۆک و باکوری هەولێر بکەوێتە خوارەوە".

بەپێی هەواڵی ئاژانسە چینیەکە " مانگە دەستکردەکە ٤٠ پێ درێژە و کێشەکەی نزیکەی هەشت تەنە، لە ساڵی ٢٠١١دا خراوەتە کار و ئێستا لەکار وەستاوە، حکومەتی ئەو وڵاتە ئایاری ساڵی ڕابردوو بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند، مانگە دەستکردەکە لە کارکردن وەستاوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات".

بەپێی ڕاپۆرتی نووسینگە چینییەکە، پارچەکانی مانگە دەستکردەکە بە هاتنە خوارەوەی دەسووتێن زۆرینەیان لە ئاسماندا هەڵدەوەشێن و نامێنن، تەنیا بڕێکی کەمی دەکەوێتە سەر زەوی و ، هیچ زیانێکی بەدواوە نابێت بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و دامەزراوەکان.




PM:03:38:31/03/2018