شاندی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق پرسی بودجەیان تاوتوێ کرد

شاندی دانوستانکاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا تاوتوێی پرۆژه‌یاسای بودجه‌یان كرد. 

 

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان، وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لەگەڵ محەمەد حە‌لبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوویەوە و پێکەوە تاوتوێی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 و رێڕە‌وی دانووستانەکانی هەولێر و بەغدایان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 بە شێوەیەک پەسەند بکرێت کە لە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدابێت. 

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا، هەردوولاش جەختیان لە درێژەدان بە دانووستانەکان کردەوە تا ئەو کاتەی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر دەبن.



PM:07:55:01/02/2021