شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، نهێنی کێشەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمپانیای وشە ئاشکرا دەکات کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، هەروەها پرۆژەیەک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بڵاودەکاتەوە.
شەماڵ عەبدولوەفا لە نووسینێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، نووسیوویەتی " ھەر لە دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە کێشەیەکی جەوھەری و قوڵ بەرۆکی بزوتنەوەکەی گرتووە، ئەویش پەیوەندی نێوان بزوتنەوەکە و کۆمپانیای وشەیە ، لە سەردەمی کاک نەوشیروانیشەوە تا ئێستا ئەو پەیوەندیە رێک نەخراوە، چەندەھا و چەندەھا جار ئەم بابەتە باس کراوە و وروژێنراوە بەڵام ھیچ ئەنجامێکی پۆزەتیڤی لێ نەکەوتۆتەوە و مردار کراوەتەوە !".
شەماڵ عەبدلوەفا کە سێ ساڵە هەوڵدەدات ئەو پرۆژەیە ئاشکرا بکات، بەڵام بە هۆکاری جیاجیا رێگای لێگیراوە، لە پرۆژەکەیدا دەڵێت " تا ئێستاش ھەندێ لە ھەڵسوراوەکانی بزوتنەوەکە وادەزانن گردەکە ھی بزوتنەوەکەیە ، ھەندێکی تریان دەلێن با بەشی بزوتنەوەکەی لێ جیا بکرێتەوە ئەوەی تریش بۆ کۆمپانیای وشە ، کۆمپانیای وشە بە ناوی نەوشیروان مستەفا بوو کە ئەویش جێی ھێشتین کرایە سەر ناوی کورەکانی ، کە ئێستا ئەوان خاوەنی کۆمپانیاکەن بە ھەموو دامەزراوە میدیاییەکانەوە جگە لە رادیۆ وچەند سایتێک کە بە فەرمی بە ناوی بزوتنەوەکەوە ماوە ، ئەمە دوا ھاوکێشەی راستەقینەی ئەم کەیسەیە".
دەقی نوسراوەکەی شەماڵ عەبدولوەفا..
کاتی ھاتووە قسەیەک بکەین!!
ھەر لە دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە کێشەیەکی جەوھەری و قوڵ بەرۆکی بزوتنەوەکەی گرتووە، ئەویش پەیوەندی نێوان بزوتنەوەکە و کۆمپانیای وشەیە ، لە سەردەمی کاک نەوشیروانیشەوە تا ئێستا ئەو پەیوەندیە رێک نەخراوە، چەندەھا و چەندەھا جار ئەم بابەتە باس کراوە و وروژێنراوە بەڵام ھیچ ئەنجامێکی پۆزەتیڤی لێ نەکەوتۆتەوە و مردار کراوەتەوە !
تا ئێستاش ھەندێ لە ھەڵسوراوەکانی بزوتنەوەکە وادەزانن گردەکە ھی بزوتنەوەکەیە ، ھەندێکی تریان دەلێن با بەشی بزوتنەوەکەی لێ جیا بکرێتەوە ئەوەی تریش بۆ کۆمپانیای وشە ، کۆمپانیای وشە بە ناوی نەوشیروان مستەفا بوو کە ئەویش جێی ھێشتین کرایە سەر ناوی کورەکانی ، کە ئێستا ئەوان خاوەنی کۆمپانیاکەن بە ھەموو دامەزراوە میدیاییەکانەوە جگە لە رادیۆ وچەند سایتێک کە بە فەرمی بە ناوی بزوتنەوەکەوە ماوە ، ئەمە دوا ھاوکێشەی راستەقینەی ئەم کەیسەیە.
ئەم زەوییە ھی وەزارەتی کشتوکاڵ بووە وەکو ھەموو زەوییەکانی ئەم وڵاتە بە بێ ئاگاداری خاوەنی رەسمی ئەم زەوییانە لەسەر حیزب گاپۆ کراوە ، لە کاتی وازھێنانی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی ، داوای لە یەکێتی کرد بۆ زەوییەک کە کۆمپانیاییەکی میدیایی دروست بکات، ئەم زەوییە کرا بە ناوی کۆمپانیای وشەوە کە خاوەندارییەکەی دەگەرێتەوە بۆ نەوشیروان مستەفا .
ئەم زەوییە بۆ کاری خزمەت گوزاری گشتی وەرگیراوە نەک بۆ حیزب و کورەکانی نەوشیروان مستەفا ، بۆ شارێکی میدیایی سەربەخۆ دروست کراوە ، ئێ خۆ ناکرێت ببێ بە میدیای حیزب و خەونەکەی نەوشیروان مستەفا بەلاوە بنرێ .
ئی چ جیاوازییەک لە نێوان گۆڕان و حیزبەکانی تردا دەمێنێتەوە؟! کەحیزبەکانی تر گرد و گردەلۆکە و شار و پانتایی زۆریان بۆ خۆیان داگیر کردووە و کردوویانە بە ناوی حیزبەوە ، ئەمیش گردێک بە ناوی خۆیەوە بکات یان بیر لەوە بکاتەوە بەشێک لە زەوییەکەی جیا بکاتەوە و بیکاتەناوی خۆی .
ھەر دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لیژنەیەک بە ناوی (لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا ) دامەزرا ، کە وا نزیک دەبێتەوە لە سێ ساڵ ، لەوانەیە کەس بە وردی ئاگای لە کاری ئەم لیژنەیە نەبێت چییان کردوە، چی لەسەر ئەم پیاوەیە بە وردەکارییەکی زۆر گەورە ئەرشیف کراوە ، کەمێکی ماوە.
.
ماوەیەک لەمەو بەر کاری لیژنەکە بەرەو کۆتایی دەچوو دەبوایە ھەرچی لەم بوارەدا بدرایە بە دامەزراوەیەکی فەرمی لە ژێر ناونیشانی (دامەزراوەی نەوشیروان مستەفا ) ، دامەزراوەیەک بە فەرمی مۆڵەتی ھەبێت ، بۆردێکی بۆ بنیاد بنرێ بودجە و پرۆژەی ھەبێت ، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەکە ئەم پێشنیازەی خستە بەردەم کورەکانی نەوشیروان مستەفا (کاک نما و کاک چییا) ئەوانیش ئەو بیرۆکەیەیان زۆر پێ باش بوو ، زیاتر لە ساڵ و نیوێکە ئەو دامەزراوەیە دروست نەکرا ، لە کاتێکدا کارەکە زۆر سانا و ئاسان بوو ، بۆ ئەوەی لە رێگای ئەو دامەزراوەیەوە ئەم کێشەی پەیوەندییە لە نێوان گۆڕان و کۆمپانیای وشەو ئەو دامەزراوەیە رێک بخرێ.
ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە بزوتنەوەکە بیر لەوە بکاتەوە وردە وردە و لەسەرخۆ بە پلانێک گردەکە بە جێ بێڵێ و بیداتەوە دەست کۆمپانیای وشە و ئەو دامەزراوەیەی کە ئاماژەم پێ کرد ، بۆ ئەوەی ھەر سێکیان پێکەوە گردەکە رادەستی پرۆژەکەی نەوشیروان مستەفا بکەنەوە ، کە شارێکی میدیاییە و بریتی دەبێت لە کۆلێژێکی میدیا و مۆزەخانە و شانۆ و سینەما و کتێبخانە و .....و ھتد کاک نەوشیروانیش لە ئارامگەکەیەوە چاودێریان بکات بەمە خەونە گەورەکەی نەوشیروان مستەفا دێتە دی.
گۆڕانیش وەکو ھێزێکی سیاسی و بوونی لە پەرلەمان و بەشداری لە حکومەت داوای زەوییەک بکات لە حکومەت وەکو مافی خۆی و بتوانێت مەنزلێک بۆ خۆی دروست بکات .
بەم شێوەیە ھاوکێشەکە راست دەبێتەوە ، پەیوەندی ئەم دامەزراوانە و میدیا و بزوتنەوەکە ، شارێگای راستی خۆی دەگرێت و رۆحی نەوشیروان مستەفا ش ئاسودە دەبێت ، ئەو کات گردەکە دەبێتە شوێنێکی گشتی و کاک نەوشیروانیش لە چوارچێوەی گۆڕان دەردەچێت دەبێتە سونبولێکی نیشتیمانی .
کورەکانی جوان ، بزوتنەوەکە جوانتر ، نەوشیروان مستەفا ش جوانترین.....
بۆ ئەم پرۆژەیە رۆژێک دیاری نەکراوە بۆ بڵاو کردنەوەی بەڵکو بەروارەکە ھی سێھەم ساڵیادی نەوشیروان مستەفایە کە ١٩/٥/٢٠٢٠ ە
شەماڵ عبدالوفاو
هۆکارەکانی بڵاونەکردنەوەی پرۆژەکە تا ئێستا:
ئەم پرۆژەیە بیرۆکەیەک بوو دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا دەبوو کاری لەسەر بکرایە .
١-لە خوولی یەکەمی خانە بە برادەرانی خانەم وت با ئەم کەیسە بە ھەڵواسراوی نەمێنێتەوە.
٢-لە ھەلبژاردنی٢٠١٨ زۆر قسەمان لەسەر کرد ھەتا بە کاک نما و چیاشم وت و قەناعەتیان کرد روون کردنەوەیەکی لەسەر بدەن ، بەڵام ھەندێ ھەم دەستی کورەکانیان بە زاخا برد ھەم دەستی منیش.
٣-لە دووەم خوولی خانە دوای کەمتر لە یەک مانگ ٧/ ١٠ /٢٠٢٠دامە بەرێز رێکخەری گشتی .
٤-چەند جارێک لە خانە ئەم باسەم وروژان.
٥-مانگی ٥ ی٢٠٢٠ بە نوسراوێک وەک پرۆژەیەکی تەواو دامە خانەی راپەراندن لە دوو توێی راپۆرتێکی دوور و درێژدا.
٦-لە سێیەم سالیادی کۆچی نەوشیروان مستەفا دا ویستم بلاوی بکەمەوە ، بەڵام بەرەیەک دژی وەستان.
٧-لە تەواو بوونی سالی یەکەمی خوولی دووەمی خانە ویستم بلاوی بکەمەوە و رووناکی بینێت بەڵام بە داخەوە ھەر جارە و بە بیانویەک رێی لێ گیرا.
٨-ئێستا ئیتر ھیچ بەربەستێک نەماوە بۆ بلاو نەکردنەوەی چونکە ئەم بابەتە نەک ھەر خەمی بزووتنەوەکەیە بەلکو بۆتە خەمی بەشێک لە خەلک و ھەلسوراوە زویر و دلگرانەکانیش .
ئەم پرۆژەیە بۆ ئەوەیە.....
کە دەڵێن نەوشیروان مستەفا لە باوکی ھەژارانەوە بووەتە باوکی دەوڵەمەنەکان .... با بگەڕێتەوە بۆ نازناوە کۆنەکەی خۆی کە باوکی ھەژارانە.