یەکێتی زانایان: ھەر پێشمەرگەیەک بکوژرێ بەپێی ئیسلام شەھیدە
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا سەبارەت بە رەوشی ئەمنی ئێستای عێراق و ئامادەباشی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوە بڵاو دەکاتەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە 'دەستخۆشی لە ھەرێمی کوردستان بە حکومەتو خەڵکەوە دەکەین بۆ بەپیرەوەچوونی ئاوارەکانی شارەکانی عێراقو، ھاوکاریکردنیان'.
ھەر لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە 'رێگرتن لە دوووبارەبوونەوەی ئەم نەھامەتیانە، بە وەستان لە ھەمبەر ھەر ھەڕەشەو داگیرکارییەک بۆ سەر خاکی پیرۆزی کوردستان دەچێتە خانەی دیفاعو پارێزگاریکردن لە (گیانو دینو خاکو نامووسو سامان)ی وڵات، بێگومان ئایینی پیرۆزی ئیسلام ھەمیشە رێگەی داوەو پشتیوانی دەکات لە پارێزگاریکردن لە ھەقو مافەکانو، ھەموو ئەوانەی لە پێناوی (سامانی وڵاتو، ئایینو، گیانو، کەسوکاریان) دەبنە قوربانی بە شەھید ناویان دەبات، بێگومان کاری پێشمەرگەش ھەر ئەمە بووەو، ھیچ کاتێک پەنای بۆ داگیرکردنی بستەخاکێکی کەس نەبردووە.'.
لەکۆتاییشدا نووسراوە 'ھەر لێرەشەوە ھیوای چاکبوونی رەوشی سەرتاسەری عێراق دەخوازین بۆ ئەوەی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بە یەکسانی بگەنە مافەکانی خۆیانو، کۆتایی بە کوشتارو ترسو تۆقاندن بھێت، بێگومان ئەرکی ناوەند ئایینیەکان ھەمیشە کار بۆ ھێوربوونەوەو چاککردنی رەوشی تەناھیو ئارامی وڵات بکەنو، ھاووڵاتیان لە فیتنەو دووبەرەکی دووربخەنەوە، جگە لەوە ھەر ھەوڵێکی دیکە وڵات بەرەو ئاقاری فیتنەو نەھامەتی زیاتر دەباتەوە، کە لە ئاییندەدا بە زیانی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق تەواو دەبێتو، ھەنگاوی مەترسیدارن بەرەو شەڕی مەزھەبیو تائیفی لە عێراق، کە لە رابردوودا خەڵکێکی زۆر بووە قوربانی ئەم شەڕە'.
PM:03:37:15/06/2014