بەشیر حەداد: هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە دیارینەکراوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" گفتوگۆکانی ھەرێم و بەغدا لەسەر بودجە بەردەوامن و بە ھۆی ئەوەی ھەرێم و بەغدا ھێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و وردەکاریی ماوە". 

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" بڕیار بوو ئەم ھەفتەیە دەنگ لەسەر بودجە بدەین، بەڵام بە ھۆی ھەندێک وردەکاریی لیژنەی دارایی و بە تایبەت رێکنەکەوتنی ھەرێم و بەغدا و وردەکارییەکان و دانانی ئالیەتێک، دەنگدان لەسەری بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا، چونکە ھەرێم و بەغدا بەردەوامن لە گفتوگۆکان و ھەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو زانیاری و داتایەی کە لیژنەی دارایی و بەغدا داوایان کردبوو، پێشکەشیان کردووە و ھیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەما و ئەوەی داوایان کردووە پێیان داوە و ئەوەی پرسیاریان کردووە، وەڵام دراونەتەوە، ئێستاش لەسەر ئالیەتی بڕە نەوتی ھەرێم ماوە کە لەسەری بگەنە رێککەوتن و ئێمە دەمانەوێت ئەو دوو ماددەیەی ھەیە سەبارەت بە ھەرێم، وەکو خۆی تێپەڕێت".

وتیشی" دەمانەوێت پشکی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک جێگیر بکرێت، کە بەپێی دەستوور بێت، ئەگەر نا ئێمە رازی نابین و پێشنیازەکانیش ئەوەن کە لەسەر یەکێک دەگەنە رێککەوتن، ئەوانیش بریتین لەوەی کە ھەرێمی کوردستان 250 ھەزار بەرمیل نەوت پێشکەش بکەن یاخود پارەکەی بدەن بە بەغدا و، بژاردەیەکی دیکەش 450 ھەزار بەرمیل نەوت لە جەیھان رادەست بکرێت، بۆیە گفتوگۆ بەردەوامە و لەسەر وردەکارییەکان گەنگەشە دەکرێت، ھەڵوێستی ھەرێمیش ئەوەیە، کە ھەر بژاردەیەک دەستووری نەبێت، پێی رازی نابین و دەمانەوێت مافی ھەرێم وەکو پارێزگاکانی دیکە پارێزراو بێت".

بەشیر حەداد باسی لەوەشکردووە، گفتوگۆکان تا ھەفتەی داھاتوو بەردەوام دەبن و ھەر کاتێک گفتوگۆکان تەواو بوون، دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەکرێت، بەڵام ھەوڵ دەدەین بودجە بێ پشکی کورد تێنەپەڕێت. 
 

PM:01:46:04/02/2021