لەم دوو رۆژەدا پرسی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق یەکلایی دەبێتەوە.. وردەکاری لە ( سپی ) ەوە بخوێنەرەوە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تا ئەمڕۆ ٤٣ کۆبوونەوەی کردووەو کارەکانی بەرەوکۆتایی دەڕاوت، سبەینێ دوو شەممە دەردەکەوێت کە چ داڕشتنێک بۆ ئەو مادانە دانراوە کە پەیوەندی بە پشکی هەرێمەوە هەیە لە بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە سبەی دوو شەممە ئەو داڕشتنەی لایەنە شیعەکان رێککەوتوون لەسەر دەبرێتە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر لە حاڵەتی نەبوونی داڕشتنێکی لەو شێوەیەدا لیژنەی دارایی خۆی داڕشنێک بۆ مادەکانی پەیوەندی بەهەرێمەوە هەیە دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت جارێکی تر سبەی وەفدی هەرێم بۆ گفتوگۆکردنی کۆتایی سەردانی بەغدا بکات.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تا ئێستا ٤٣ کۆبوونەوەی ٢٥٠ کاتژمێری لەگەڵ ٣٥٢ بەرپرسی عێراقیدا کردووە هەر لەسەرۆک وەزیران مستەفا کازمی تا وەزیر و وەکیل وەزیر و سەرۆکی دامەزراوەکان و بەرێوەبەری گشتی و پارێزگارەکان.

لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا کە لەسەر زۆر پرسی دارایی گفتوگۆکراوە، لەپرسی پشكی هەرێمدا مستەفا کازمی داوای کردووە کە دەستکاری ئەو داڕشتنە نەکرێت کە لە پرۆژە یاساکەدا حکومەت پێشنیاری کردووەو داوای کردووە کە ئەو داڕشتنە وەک خۆی بمێنێتەوە.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شەممەی لیژنەی داراییدا هەندێک نەرمی لەلایەنی شیعەوە پێشاندراوە کە هەرێم پارەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخی سۆمۆ رادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات. هەروەها بەندێک دادەنرێت لە یاساکەدا ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بەو مادەیەوە حکومەتی فیدراڵ هیچ بڕە پارەیەک نەدات بەهەرێم.
لە دوا خوولی گفتوگۆکاندا هەفتەی رابردوو هەرێم رەزامەندی لەسەر ئەو پێشنیارە پێشان دابوو.

ئەگەر بەم شێوەیە رێککەوتن بکرێت هەرێم لە ساڵی ٢٠٢١دا بەنزیکی بڕی ١٠ ترلیۆن دیناری لە بەغدا وەردەگرێت، بەڵام نزیکەی ٥ ترلیۆن دینار دەبێت بداتەوە بە بەغدا لەگەڵ داهاتی نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان. 

 


PM:07:29:07/02/2021