مه‌حما خه‌لیل: داواکارین هیچ هێزێکی ناشەرعی لەناو شنگالدا نەمێنێت، تەحەمولی شەڕێکی تر ناکەین

قایمقامی شنگال رایده‌گه‌یه‌نێت" وەک شنگالییەکان داواکارن هیچ هێزێکی ناشەرعی لەناو شنگالدا نەمێنێت تا دەرگا نەکەنەوە و بیانوو نەدەن بە تورکیا و غەیری تورکیا پیلان و ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن". 

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند" لەئێستادا دۆزی شنگال بوه‌تە دۆزێکی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی، شنگال بەشێکە لە عیراق و سەر بەپارێزگای موسڵە، شنگال دەڤەرێکی وێران و جینۆسایدکراوە کێشەی شنگال کێشەیەک نیە لە نێوان پەکەکە و تورکیا بەڵکو کێشەیەکە لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە هیوادارین چارەسەر بکرێت، وەک دەبینین حکومەتی عیراقی بەپێی دەستوور دەبێت خۆی بکاتە خاوەنی شنگال و خەڵکی شنگال".

دەربارەی ئەوەی لە حاڵەتی هێرشکردنە سەر شنگال لەلایەن تورکیاوە چی دەکەن؟ لەوەڵامدا مەحما خەلیل وتی" وەک ئاماژەم پێکرد ئێمە بەشێکین لە عيراق، وەک خۆمان هیچ دەسەڵاتێکمان نیە حکومەتی بەغدا و پارێزگاری موسڵ دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، ئێمە وەک شنگالیەکان دەڵێین نابێت یەک کێشە بێتە ناو شنگال، شنگالیەکان دەبێت بگەڕێنەوە نەڕێگە بدرێت برایانی پەکەکە هێرش بکەن و نەڕێگە بدرێت تورکیا هێرش بکاتە سەر شنگال، دۆخی شنگال تەحەمولی هیچ کێشە و شەڕێکی تر ناکات".

مەحما خەلیل ئەوەشی وت، پێشتر رێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامدرا لەسەر شنگال بڕیاربوو لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە ئێمە وەک شنگالیەکان داوامانکردووە یەک چەکدار لەسەنتەری شارەکە نەمێنێت وە شنگال ببێتە ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو. 

باسی لەوەشکرد، وەک شنگالییەکان داواکارین هیچ هێزێکی ناشەرعی لەناو شنگالدا نەمێنێت تا دەرگا نەکەنەوە و بیانوو نەدەن بەتورکیا و غەیری تورکیا پیلان و ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن، داخوازم لە حکومەتی عيراقیش بەپێی یاسای دەستوری و مرۆڤایەتی خۆیان بکەنە خاوەنی شنگال چونکە شنگال تەحەمولی شەڕێکی تر ناکات. 

PM:02:01:08/02/2021