لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا لە عێراق قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەی راگەیاند و لە پێنجشەممەى داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەك بڕیاری بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا دەركرد كە یەكێك لەوانە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆیە بەشێوەی نیمچەی، کە لهكاتژمێر ٨:٠٠ی ئێوارهوه بۆ كاتژمێر ٥:٠٠ی بهیانی پەیڕەودەکرێت، ئهو بڕیارهش له رۆژی ١٨ی ئهم مانگهوه جێبهجێدهكرێت.
بەپێی بڕیارەكان ئەو قەدەغەی هاتوچۆیە كارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان و فەرمانبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و دوكانەكانی پێداویستی خواردن ناگرێتەوە.
لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا بڕیاریشیداوە بە قەدەغەکردنی سازدانی ئاهەنگ و داخستنی تەواوی هۆڵ و سەنتەرەکانی مەساج و سەنتەرەكانی جوانکاری بۆ ماوەی دوو هەفتە، هاوکات دەرگای قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگا حکومی و ئەهلییەکان دادەخرێن و خوێندن بە ئەلیکترۆنی دەکرێت، جگە لە قۆناغی کۆتایی کۆلێژە پزیشکییەکان.
هەر بەپێی بڕیارەکانی لیژنەکە، دانانی پرسە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات بڕی پێنج ملیۆن دینار سزا دەدرێت، هەروەها تەواوی مزگەوت و حوسێنییەکان دادەخرێن و تەنها بۆ بانگدان دەکرێنەوە.
لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە عێراق تائێستا كۆی توشبوون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە ٦٤١ هەزارو ٦٢٨ كەس و لەوانە ١٣ هەزارو ١٦٤ کەسیان گیانیان لەدەستداوەو ٦٠٥ هەزارو ٩٨٠ كەسیان چاكبونەتەوە.