لەتیف شێخ مستەفا لەبارەی (سوکایەتیکردن) بە زمانی کوردی داوای لێپرسینەوە لەپەرلەمانتارێکی شیعە دەکات

دوای ئەوەی عالیە نسەیف پەرلەمانتاری شیعە سوکایەتی بەزمانی کوردی کردو داوای لابردنی کرد لەسەر بەڵگەنامەکانی پاسپۆرت و فەرمانگە حکومییەکان، پسپۆڕێکی یاسایی و دەستووری رایدەگەیەنێت" ئەو پەرلەمانتارە پێشێلی دوو برگەی دەستوری عێراقی کردوە و پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات". 

 

حاکم لەتیف شێخ مستەفا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و پسپۆڕی یاسای دەستوری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە نووسینێکدا بەناونیشانی  (عالیە نسەیف سوکایەتی بەزمانی کوردی دەکات و کەس نیە وەڵامی بداتەوە) دەڵێت" عالیە نسەیف پەرلەمانتارێکی بەرەگەز شیعەی شۆڤێنیەو سەردەمی بەعس، بەعسیەکی پلە باڵا بوەو مەشمول بوە بە رێو شوێنەکانی ریشەکێش کردنی بەعس و ئەیاد عەلاوی بە پارەیەکی زۆر رزگاری کرد، لە دوای روخانی بەعسیشەوە شۆڤێنی و تائیفیشە، لەساڵی ٢٠٠٥ ەوە پەرلەمانتارەو بە دژایەتی کورد ناسراوە وەک نەتەوە نەک تەنھا دژایەتی لایەنی سیاسی".

 

حاکم لەتیف شێخ مستەفا باس لەوەش دەکات، دوا لێدوانی لە پەیجی خۆی سوکایەتی بە زمانی کوردی دەکات و دەڵێ زمانێکی محەلیەو ، ھەجینی فارسیەو بۆتە ھۆی لاواز کردنی پاسەپۆرتی عێراقی و داوا لە وەزارەتی ناوخۆ  دەکات لەسەر پاسەپۆرتی عێراقی لای ببەن، ئەم لێدوانەی جگە لەوەی سوکایەتیە بەزمانی کوردی پێشێلی ھەردوو مادەکانی ٤/ھ و ٧/ یەکەم ی دەستورە

 

ئەو دادوەرە باسی لەوەشکردووە، دەبێ پەرلەمانتاران لێی بێ دەنگ نەبن و داوا لەسەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات و ناچاری بکات بە ئیعتیزار ھێنانەوە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانتارانی ئەم خولە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە ھێندەی خەریکی یەکترن ئەوەندە ئاگایان لە بەرامبەر نەماوە. 



PM:10:46:13/02/2021