وەزیری ناوخۆی تورکیا هەڕەشەی پارچە پارچەکردن لە موراد قەرەیڵان دەکات

وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلۆ کە بە یەکێک لە هەرە توندڕەوەکانی دەسەڵاتدارانی ئاک پارتی تورکیا هەژمار دەکرێت، هەڕەشە لە سەرکردەی دیاری پەکەکە موراد قەرەیڵان دەکات و دەڵێت " ئەگەر موراد قەرەیلان دەستگیرنەکەین و نەیکەین بە هەزار پارچەوە ئەوا گەل و شەهیدەکانمان تفمان تێدەکەن."


ئەمڕۆ یەکشەممە دوا کۆتایی هێنان بە لەشکرکێشی سەر چیای گارە، سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند " دەبێت موراد قەرەیلان دەستگیربکەن، ئەگەر قەرەیلان دەستگیرنەکەین و نەیکەن بە هەزار پارچەوە ئەوا گەل و شەهیدەکانمان تفمان تێدەکەن."


هەرچی پارتی کرێکارانی کوردستانە رایگەیاند کە هێرشی تورکیا بۆ سەر چیای گارە شکستی هێناو هێزەکانی تورکیا نەیانتوانی لەو دەڤەرە بمێننەوە. دەربارەی کوژرانی دیلەکانیش کە ژمارەیان ١٣ دیلە پەکەکە ئاشکرا دەکەن کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە کوژراون.

 
رۆژی ١٠ی شوبات، وەزارەتی بەرگری تورکیا، ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆی ٢ی لە چیای گارە لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و بەهێزێکی زیاتر لە دوو هەزار چەکداری یەکەی جیاجیاوە لەسەر چیای گارە دابەزین و هەوڵی رفاندنی ١٣ دیلیان لەلای پەکەکە دا، هێزەکەی تورکیا نەتوانیان لە گارە بمێنێتەوە، نەتوانیشیان دیلەکان رزگار بکەن.

 


PM:08:54:14/02/2021