وێنەی ئەو ئۆتۆمبیلە بڵاوکرایەوە کە بەمووشەک هەولێری کردە ئامانج



شەوی رابردوو زیاتر لە ١٠ مووشک ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەولێر و چەند شوێنێکی تر کرا، دژه‌ تیرۆری كوردستان، وێنه‌ی ئەو ئۆتۆمبێلەیان بڵاوكرده‌وه‌ کە مووشەکەکانی ئاراستەی هەولێر کردبوو.


دژه‌ تیرۆری كوردستان، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانەدا  نووسیویه‌تی: "بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیجی دژە تیرۆری کوردستان، دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکەی شەوی دووشەممەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دەزگا ئەمنییەکان توانییان ئەو ئۆتۆمبێلە بدۆزنەوە کە مووشەکەکانی ئاراستەی هەولێری پایتەخت کردبوو".


دژه‌ تیرۆری كوردستان کە پێیوایە لە یەک ئۆتۆمبیلەوە مووشەکەکان ئاراستەکراوە، ئاماژه‌ به‌وه‌ش دەکات‌، كه‌ دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان زانیاریی زیاتر دەخەنەڕوو.
 


AM:08:17:16/02/2021