ئومێد خۆشناو وەک پارێزگاری نوێی هەولێر سوێندی ياسای خوارد

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئومێد خۆشناو لەبەردەم سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا وەك ٤٢ هەمین پارێزگاری هەولێر سوێندى یاسایى خوارد.

 

‌پارێزگاى هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" پاش دەرچوونى فەرمانى هەرێمى بۆ دەستبەکاربوونى پارێزگارى نوێى هەولێر، ئەمرۆ پێنجشەممە، ١٨ ى شوباتى ٢٠٢١، ئومێد خۆشناو، لە مەراسیمێکدا لەبەردەم نێصیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، وەک ٤٢ یەمین پارێزگارى هەولێر دەست بەکاربوو". 

 

ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە دەنگی ١٨ ئەندام متمانەی بە ئومێد خۆشناو وەک پارێزگاری نوێی هەولێر دا، هاوکات یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی کرد، بەڵام ئامادە نەبوو دەنگ بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی پارێزگا بدات، هەروەها گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

 

جێی باسە رۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دوای ماوەیەک لە توشبوونی بە کۆرۆنا و بردنە دەرەوەی بۆ چارەسەر، لە شاری ئەنقەرەی وڵاتی تورکیا لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا کۆچی دواییکرد و لەو کاتەوە پۆستی پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت.

 

ئومێد خۆشناو لەساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەولێر لەدایکبووە، باوکی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووە، تاقانەی دوو خوشکە، لەساڵی ٢٠٠٠ پرۆسەی هاوسەرگیری پێک هێناوە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بەناوی (وڵات، ئەلەند، پروشە) و دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی بەشی راگەیاندنە.



PM:02:06:18/02/2021