ئەبوبەکر هەڵەدنی: لە زیندان لە ژێر هەڕەشەی ئەخلاقی دانپیانان لە زیندانییەکان وەردەگیرێت

لە بارەی زیندانییەکانی بادینانەوە، ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت " لە زیندان لە ژێر هەڕەشەی ئەخلاقی دانپیانان لە زیندانییەکان وەردەگیرێت".

 

لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان نووسیوویەتی " چاوەڕوانکراوە لەزیندانەکانی کوردستان دا لەژێر هەڕەشەی ئەخلاقی وئەشکەنجە دا دانپیانانی بەزۆر بەڕاگیراوان  وتۆمەتباران  ئەنجام بدرێت".

 

ئەو زانیاری زیاتر لەسەر ئەو هەڵسوکەوتانەی هێزە ئەمنییەکان بڵاودەکاتەوەو ئاشکرای دەکات " پەرلەمانتار لەخولی چوارەم دا هەمان هەڕەشەی لێکراوە لەسەرووبەندی پرسی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دا."

 

دەربارەی کە ئایا ئێستا هێزە ئەمنییەکان ئەم کارە بەرامبەر پەرلەمانتارانی ئەم خوولەش ئەنجام دەدەن، هەڵەدنی دەڵێت "لەم خولەش چاودێری ماڵ وشوقەی پەرلەمانتار دەکرێت. دەسەڵاتی وا بنکۆڵ و فشۆڵ هەر بەرەو داڕووخان دەچێت کاتێ بەرگەی ووشە وپرسیار ولۆجیکی ئاخاوتن و دایەلۆگ ناگرێت وپەنا بۆ شێوازی نادیموکراتی دەبات".

 

رۆژێک دوای حوکمدان لەسەر پێنج دەستگیرکراوەکەی بادینان، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان کە ئامادەی دانیشتنی دادگایی کردنەکە بوو، دانیشتنی دادگاییەکەی بە نووسین گواستەوەو وتی لەکاتی قسە وەرگرتن لە رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئەو بە ئاشکرا لەبەردەم دادوەردا وتی " چەند جارێک وتی( واتە شێروان شێروانی وتوویەتی: بە خێزانم تەھدید کراوم و ھاواری دەکرد کێ ئەمە قبوڵ دەکات"!.  

 


AM:09:58:20/02/2021